شارپرێس:
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ-ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا كێشه گهورهكهى بهردهم تێكهڵبونى ههسهدهو سوپاى سوریا ئاشكرادهكاتو باس لەهەوڵەکانی دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی شهڕڤانانى ههسهده لەناو سوپای نوێی سوریا دهكات، جهختیشدهكاتهوه، "بونی ئەندامانی ژن لەناو هێزەکانی هەسەدە، یەکێکە لەدیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم تێکەڵکردنەوەی ئەو هێزانە".
ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، "لەکهمپێکی باکوری سووریا، ئەم هاوینە مەشقەکانی پۆلێکی نوێی ژنان لەڕیزی شەڕڤانان لەناو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامبون کە بەپشتیوانی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا ئەنجامدەدرێن".
دهشڵێت، "ئەو ژنە شەڕڤانانە نزیکەی 20%ی پێکهاتەی گشتیی هەسەدە پێکدەهێنن، کە شەش ساڵ لەمەوبەر ڕۆڵێکی سەرەکییان لەشکستپێهێنانی داعش گێڕاو لەئێستادا کۆنترۆڵی نزیکەی سێیەکی وڵات دەکەن".
ئامادەبونی ژنان لەمەیدانی شەڕو لەپێکهاتەی سەربازیدا، یەکێکە لەدیارترین خاڵەکانی ناکۆکیی لەگەڵ حکومەتی ئیسلامیی نوێ لەدیمەشق بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع کە ڕۆڵی ژنان کەمدەکاتەوەو پشت بەڕێبازگەلێکی سەلەفی دەبەستێت کە پێشتر پەیوەندییان بەڕێکخراوی قاعیدەوە هەبوە.
هەسەدە سورە لەسەرئەوەی هێزەکانی وەک یەکەیەکی یەکگرتوو تێکەڵ بەسوپای نیشتمانیی نوێبکرێن بۆ پاراستنی پێکهاتەو پێگە سەرکردایەتییەکانی ژنان، لەکاتێکدا دیمەشق داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکاتو داوادەکات کە تەنها تاکە کەسەکان تێکەڵبکرێن.
ئەم جیاوازییە نیگەرانییەکانی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنەوە دروستکردوە کە شەش مانگ لەمەوبەر بۆ یەکخستنی هەردوو ئیدارەکە واژۆکرا، ئەمەش لەسایەی فشاری ئەمریکیو ئەوروپی بۆ پاراستنی سەقامگیرییو هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستێوەردانی سەربازی دێت.
لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا، ژنان لەوەتەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەساڵی 2013 پەسەندکراوە، کە تیایدا هاتوە نابێت نوێنەرایەتی ژنان لەدامەزراوە فەرمییەکاندا لە40% کەمتربێت، شوێنێکی دیاریان هەیە، جگە لەسەرکردایەتیی هاوبەشو هاوسەرۆکایەتیی لەنێوان ژنو پیاو.
بەپێچەوانەوە، حکومەتی شەرع بەشداریی ژنان سنوردار دەکات، بەجۆرێک لەکابینەی ئینتقالیی دواییدا، تەنها یەک وەزیر لەکۆی 23 وەزیر ژن بوو.
جیاوازییەکە لەواقیعی مەیدانیشدا دەردەکەوێت لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان)، گۆڕستانەکانی حەسەکە ناوو وێنەی ژنە شەڕڤانە دیارەکانی وەک ئارین میرکان کە بوەتە هێمای قوربانیدان، بەنەمری دەهێڵنەوە، لەکاتێکدا ژنە شەڕڤانە گەنجەکان وەک ئارین ژینداو کوردستان کۆبانێ بەردەوامن لەشەڕ دژی داعشو گروپە چەکدارەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیدەکرێن، دروشمی ڕزگاریخوازانەی وەک «ژن، ژیان، ئازادی» بەرزدەکەنەوە.
بەڵام سپاردنی ئەرک بەکەسایەتییە جێ مشتومرەکانی وەک ئەحمەد ئەلهایس، ناسراو بە"ئەبو حاتم شەقرا" کە لەژێر سزای ئەمریکادایە، بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵات، بێمتمانەیی لەنێوان هەردولادا زیاترکردوە، لەکاتێکدا شەرع دەستورێکی ئینتقالی کە چەند مافێکی ژنان لەخۆدەگرێت ڕادەگەیەنێت، جێبەجێکردنەکەی بەلاوازی دەمێنێتەوە، ئەمەش گومانەکانی سەرکردە ژنەکانی هەسەدە لەبارەی داهاتوی بەشدارییانەوە زیاتر دەکات.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەکۆتاییدا نوسیویهتى، "ئەمڕۆ، ژنە شەڕڤانانی هەسەدە دەپرسن کە ئایا سوریای نوێ دوای ساڵانێکی زۆر لەقوربانیدان، ڕێگەیەکی شایستەیان پێدەدات لەبونیادنانی دەوڵەتدا، یان چارەسەرە سیاسییەکان ڕۆڵەکەیان پشتگوێدەخەنو تۆوی ململانێیەکی نوێ دەچێنن".
