شارپرێس:
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مه‌هه‌په) داواكارییه‌كى نوێ ئاراسته‌ى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆكى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه) ده‌كات‌و ده‌َڵێت، "پێویسته پەیامێکی نوێ ڕابگەیەنیت‌و تێیدا داوابكه‌یت هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده)ش هاوشێوەی گەریلا چەکەکانیان دابنێن".
بەگوێرەی میدکانی تورکیا، باخچەلی لەکۆبونەوەیه‌كى کوتلەی پارتەکەی لەپەرلەمانی تورکیا، داوای لە"لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانیی‌و برایەتی‌و دیموکراسی" کردوە سەردانی دورگەی ئیمراڵی بکات بۆ کۆبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
وتوشیه‌تى، "ئه‌و سه‌ردانه‌تان بەئامانجی هاندانی ئۆجه‌لانه بۆ ئاراستەکردنی بانگەوازێکی نوێ بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یه‌په‌گه) بۆ دانانی چەکه‌كانیان".
باخچەلی ئاماژەی بەوەشکردوه، پەکەکە لە 12ی ئایاردا چەکەکانی داناوەو لە 11ی تەمموزدا چەکەکانی سوتاندوە، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و یەکینەکانی پاراستنی گەل، وەڵامی بانگەوازەکانی ئیمراڵییان نەداوەتەوە.
ناوبراو ئومێدی خۆی دەربڕی کە ئۆجه‌لان بانگەوازێکی نوێ بۆ ئەم هێزانە دەربکات بۆ دانانی چەک.
جەختی لەوەشکردەوە، سەردانی لیژنەکەى په‌رله‌مانى توركیا بۆ ئیمراڵی، نابێت جێگەی دودڵی‌و مشت‌ومڕ بێت، ده‌بێت ئه‌و سه‌ردانه بكرێت.
لای خۆیەوە، تونجەر باكرهان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانیی‌و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پشتگیری بانگەوازی باخچەلی کرد‌و جەختیکردەوە، گوێگرتن لەئۆجەلان هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی.
