شارپرێس:
"سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر دوژمنەکەماندا، هەموو ئەو بەڵێنانه‌ى ناتانیاهۆ بەهاوڵاتیانی ئیسرائیلی‌دا، جێبەجێکران‌و هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدیهاتون، هەموو بارمتەکان دەگەڕێنەوە ئیسرائیلی مەزن"، ئه‌مه په‌یامى به‌شێكى زۆرى ئیسرائیلییه‌كانه له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، وه‌كو ئاماژه‌ى كۆتاییهاتنى جه‌نگ له‌نێوان ئه‌وان‌و حه‌ماسى فه‌ڵه‌ستینیدا، هاوكات حەماس‌و لایەنگرانیشی بەسەرکەوتن‌و دەستکەوتی گه‌وره دەزانن.
له‌وباره‌یه‌وه فۆکس نیوز دیدارێكى له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئه‌نجامداوه‌و ده‌ڵێت، "پێشبینیده‌كه‌م ڕۆژی دوشەممەی داهاتوو بارمتەکان، بەتەرمی کوژراوەکانیشەوە، بگه‌نه‌وه ئیسرائیل".
ترەمپ ئاشكرایكردوه، "لەگەڵ نێوەندگیرەکان گەیشتونەتە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی غەززە، ئەمەش دوای دوو ساڵ لەشه‌ڕو كوشتار، ئیسرائیل‌و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لەغەززە واژۆکردوە، ئەمەش مانای وایە بەمزوانە هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن‌و ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی ڕێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێزو هەمیشەیی".
هاوكات لەتروس سۆشیال، سه‌رۆكى ئه‌مریكا پۆستێكى كردوه‌و نوسیویه‌تى، "مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەدادپەروەرییەوە دەکرێت‌و ئەمه‌ى ئێستاش ڕوو ده‌دات، ڕۆژێکی گەورەیه بۆ جیهانی عەرەبی‌و ئیسلامی‌و ئیسرائیل‌و ئه‌مریكاش، سوپاسی نێوەنگیرەکان ده‌كه‌م بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنە".
به‌گوێره‌ى میدیاى عیبرى، ڕۆژى یه‌كشه‌ممه، دۆناڵد تره‌مپ سەردانی ئیسرائیل ده‌کات‌و ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته کنێسێت (پەرلەمانی ئیسرائیل)، له‌وێ وتارێک پێشكه‌شده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ش تره‌مپ باسى له‌وه‌كردوه، "ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت بچمه کنێسێت‌و له‌وێ وتارێکیان پێشكه‌شبكه‌م، بەدڵنیاییەوە ئەوە دەکەم".
ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەغەززە دوای 734 ڕۆژ لەجەنگ دێت، له‌و ڕوه‌شه‌وه ترەمپ له‌پۆسته‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، "هەوڵەکانی هەموو جیهان یەکیانگرتوە بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە".
لاى خۆیشیه‌وه بزوتنەوەی حەماس ڕێککەوتنەکەی پشتڕاستکردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، "ڕێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە، کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لەکەرتی غەززە، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان‌و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەخۆدەگرێت، لیستی دیلە فەڵەستینییەکانمان ڕادەستکردوە کە به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنەکە ئازاد دەکرێن".
