بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
لە تورکیا دوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە زیاتر لە دوو دەیەیە لە ناوەندی دەسەڵات
ماوەتەوە، داهاتووی سیستمی سیاسی، ڕووبەڕووی قۆناغێکی گرنگ دەبێتەوە. لەگەڵ هەڵکشانى
تەمەن و خراپبوونى بارى تەندروستی، پرسی جێنشینی سیاسی لەناو پارتی داد و گەشەپێدان
(ئاکەپە) و لەناو دەوڵەتی تورکیادا بووەتە یەکێک لە پرسە هەستیارەکان، لێکەوتەى
ئەم پرسەش نەک تەنها لە ناوخۆدا، بەڵکو لە ناوچەکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزەکاندا
ڕەنگدانەوەى دەبێت. ئەم نوسینە ڕەهەندە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی ململانێی جێنشینی
شی دەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی کە ڕەنگە ببنە جێنشینی ئەردۆغان
و بەراوردى دیدی ڕووسیا و ئەمریکا لەمەڕ ئەم گواستنەوەیە دەکات.
پێشەکی
لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە وێنەی تورکیای مۆدێرن بەستراوەتەوە بە کەسایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە.
لە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵەوە بوو بە سەرکردەیەکی ناوەندگەرا، و توانى سیستمێکى
ئاوێتە دروستبکات کە ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزمی کۆنەپارێز و پاوانخوازی دامەزراوەیی
تێکەڵ بەیەکتربکات. بەڵام پەرەسەندنی ئاڵنگارى ئابووری، دووبەرەکی لەناو هاوپەیمانی
دەسەڵاتدار و لاوازبوونی وێنەی تورکیا لە ڕۆژئاوا، پرسی دوای ئەردۆغانیان کردووە بە
پرسێکی ستراتیژی کە سنوورەکانی وڵات تێدەپەرێنێت.
یەکەم: بزوێنەرەکانى ململانێی جێنشینی
هۆکاری تەندروستی و کات: ئەردۆغان تەمەنی 71 ساڵە، چەندین جار نیشانەکانی ماندوێتی و نەخۆشی لە دەرکەوتنە گشتییەکانیدا دەرکەوتووە. ئەم فاکتەرە بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی مشتومڕەکان لەسەر جێنشینی گەرمتر بکات.
دووبەرەکی لەناو پارتی دەسەڵاتدار: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) وەک دەیەی یەکەمی حوکمڕانیەکەی یەکگرتوو نەماوە؛ کەلێنێک لە نێوان باڵی خێزان و دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگری و نێوەندە ئابووریییەکاندا دروست بووە.
قەیرانی ئابووری: هەڵاوسان و دابەزینی بەهای لیرە و لەدەستدانی متمانەی وەبەرهێنەران، سەقامگیری ئابوورییان کردۆتە هۆکارێکی گرنگ بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەرى دەسەڵاتگرتنە دەستى هەر جێنشینێک.
کاریگەری هۆکارە دەرەکییەکان: ئەمریکا و ڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا بە وردی چاودێری ئەم بابەتە دەکەن. تورکیا نوێنەرایەتی بەرەیەکى جیۆپۆلەتیکی ناوازە دەکات و هەر گۆڕانکارییەک لە سەرکردایەتییەکەیدا کاردانەوەی لەسەر پرسەکانی وەک سوریا، ناتۆ، ئۆکرانیا و وزە دەبێت.
فاکتەری سەربازی-دامەزراوەیی: هەرچەندە لە ساڵی 2003ەوە هەژمونى سوپا کەمبووەتەوە، بەڵام لە ئەگەری دروستبوونی بۆشایی سیاسی لەناکاودا، ئەگەر هەیە کە سوپا کودەتا ئەنجامبدات و ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبێت.
دووەم: کاندیدە ئەگەرییەکان:
دەتوانرێت کەسایەتییەکان بەسەر چوار بازنەى سەرەکیدا دابەش بکرێت:
بازنەی بنەماڵە
أ.بیلال ئەردۆغان: کەسایەتییەکی ڕەمزییە و ئامادەیی بەهێزی هەیە لە نێوەندە ئیسلامییەکاندا، بەڵام بە هۆی تۆمەتی گەندەڵیەوە لەسەر ئاستى دامەزراوەیی و جەماوەری قبووڵکراو نییە.
ب.برات ئالبایراک: زاوای سەرۆک کۆمار و وەزیری پێشووی ئابوری بووە، کە دوای قەیرانی لیرەی 2020 و دەستلەکارکێشانەوەی لە ناکاوى، پێگەکەی دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
بازنەی ئاسایش و هەواڵگری
أ.هاکان فیدان: وەزیری دەرەوە و بەرپرسی پێشووی هەواڵگری، وەک کەسایەتییەکی پراگماتیک و پەسەندکراوی نێودەوڵەتی سەیر دەکرێت، بەتایبەتی لە مۆسکۆ و واشنتۆن.
ب.ئیبراهیم کالن: سەرۆکی ئێستای دەزگاى هەواڵگریی بە تێڕوانینێکی ئایدیۆلۆژی کۆنەپارێزانە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە مایەی نیگەرانی هەم بۆ ڕۆژئاوا و هەم بۆ ڕووسیا.
تەکنۆکراتەکانی بوارى سەربازی-پیشەسازی: سلجوک بایراکتار، ئەندازیاری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و زاوای بنەماڵە. ئەو نوێنەرایەتی سیمبولێکى نیشتمانی دەکات، بەڵام نەبوونی ئەزموونی سیاسی وای لێدەکات ببێتە بژاردەیەکی مەترسیدار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
پەراوێزخراوەکان: سلێمان سۆیلو، وەزیری پێشووی ناوخۆ، سەرەڕای کاریگەریی لەنێو کۆنەپارێزەکان، بەهۆى پرسەکانى گەندەڵی، چانسی کەمکردووەتەوە.
ئۆپۆزسیۆن: ئەکرێم ئیمامئۆغڵو (سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ) و مەنسور یاڤاش (سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە) نوێنەرایەتی سیمبولە دیارەکانى ئۆپۆزسیۆن دەکەن. چانسی ئەوان پەیوەستە بە یەکخستنی ڕیزەکانی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) و دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ناسیۆنالیستەکان.
سێیەم: دیدگای زلهێزەکان
دیدى ڕووسیا: مۆسکۆ هیچ یەکێک لە کاندیدەکان وەک دۆست نابینێت لە ڕووى ستراتیجییەوە، بەڵام زیاتر مەیلی بەلاى هاکان فیدان-دایە بەو پێیەى کە وەک کاندیدێک کەمتر زیانبەخش دەبێت بۆ ڕوسیا و زیاتر قابیلی ئەوەیە کە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت، بە بەراورد بە کەسێکى وەک بایراکتار یان ئایدۆلۆژیستێکی وەک کاڵن.
دیدى ئەمریکا:
أ.ئەولەویەتی ئەمریکا: دڵنیابوونە لە مانەوەی تورکیا لە ناتۆ و ڕێگریکردنە لە خلیسکاندنی بەرەو بەرەى ڕووسیا-چین.
ب.کاندیدی پەسەندکراو: هاکان فیدان، وەک پراگماتیستێک کە توانای هاوسەنگکردنی پرسە ناوچەییەکان و پابەندبوونەکانی بە ناتۆوە هەیە.
ج.ترسی واشنتۆن: بیلال ئەردۆغان و برات ئەلبایراک لێهاتوویییان نییە و دەتوانن قەیرانی شەرعیەت بورووژێنن. ڕەنگە کالن ئیسلامی سیاسی ڕادیکاڵتر دروست بکاتەوە و ئەلبایراک سەرەڕای گرنگی تەکنەلۆژییەکەی، مەترسی ئەوەی هەیە کە تورکیا بەرەو ناسیۆنالیزمێکی ڕادیکاڵتر ببات.
د.سیناریۆی پەسەندکراو: گواستنەوەی دەسەڵات بەبێ کێشە لە ڕێگەی کەسایەتییەکی ئەمنی/پراگماتیکەوە، لەگەڵ ڕەخساندنى بوار بۆ چاکسازیی شێنەیی لە لایەنئۆپۆزسیۆنەوە، ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە سوودوەرگرتن لەو ساتە.
چوارەم: سیناریۆکانی دوای ئەردۆغان بەپێی ئەگەر و کاریگەری:
بەردەوامبوونی ئەو سیستمەى ئەردۆغان پایەڕێژى کردووە بە فۆرمێکی نوێ بە سەرکردایەتی فیدان یان کالن، (ئەگەری بەرز/کاریگەری مامناوەند).
هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار و سەرهەڵدانی بەدیلێکی ناوخۆیی: دەبێتە هۆی ناکۆکی ناوخۆیی کە دەرگا بەڕووی هاوپەیمانی نوێدا دەکاتەوە. (ئەگەری مامناوەند/کاریگەری بەرز).
دروستبوونى بێسەرەوبەرەیی: مردنێکی لەناکاو یان تێکچوونی تەندروستی دەتوانێت دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی سوپا بکاتەوە، (ئەگەری مامناوەند/کاریگەری بەرز).
چاکسازی دەستوری بە سەرۆکایەتی ئۆپۆزسیۆن: ساتێکی دەگمەنە کە ڕێگە بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی پەرلەمانى دەدات، (ئەگەری کەم/کاریگەری بەرز).
پێنجەم: کاریگەرییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان
پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیا: ئایندەی وزە و سوریا و دەریای ڕەش بەپێی کەسایەتی سەرکردەی نوێ دادەڕێژرێتەوە.
ناتۆ و ڕۆژئاوا: گەورەترین نیگەرانی واشنتۆن و برۆکسل، بێسەرەوبەرەییەکى لەناکاوە کە بەرەى ناتۆ لاواز بکات.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ڕۆڵی تورکیا لە سوریا و لیبیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەندە بە سروشتی سەرکردایەتی داهاتوەوە.
ئابووری: هەر جێنشینێک دەبێت لەگەڵ هەڵاوسان و دابەزینی ئاستى وەبەرهێناندا ڕووبەڕووببێتەوە، ئەمەش فاکتەری ئابووری دەکاتە دیاریکەرێکی سەرەکی لە سەقامگیر ڕاگرتنى وڵاتدا.
ئەنجام
دیمەنی سیاسی داهاتووى تورکیا بەندە بە چارەنوسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، کە
ڕەنگە لە دوای دامەزراندنی کۆمارى تورکاوە، بە ئاڵۆزترین دۆخى سیاسی تورکیا ئەژمار
بکرێت. ململانێى ئێستا تەنیا کێبڕکێی دەسەڵات نییە؛ ململانێیەکە لەسەر ناسنامە و پێگەی
جیۆپۆلەتیکی تورکیا.
بژاردەکانی سەر مێزەکە- لە فیدانی پراگماتیکەوە تا بایراکداری سەربازی یان بیلال
میراتگری بنەماڵە- لەرزۆرکى ئەو سیستمە ئاشکرا دەکەن کە ئەردۆغان لە دەوری خۆی بنیاتى
ناوە.
ڕووسیا لە ڕوانگەی هەڵبژاردنى باشترین خراپ، سەیری ئەو پرسە دەکات، لە کاتێکدا
ئەمریکا لە ڕێگەی پراگماتیزمی ئەمنیەوە هەوڵ دەدات سەقامگیری مسۆگەر بکات. پرسیارەکە
بە کراوەیی دەمێنێتەوە: ئایا ئەو سیستمەی ئەردۆغان پایەڕێژى کردووە ڕێگە بە لەدایکبوونی
سەرکردەیەکی نوێ دەدات، یان ڕۆیشتنی ئەو، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتەیەی
کە بەپێی تایبەتمەندییە کەسییەکانی خۆی دروستی کردووە؟
