هەڵبژاردن لە نێوان نائومێدی و بەرپرسیاریەتی خەڵک

توێژینەوە و شیکاریی

10/10/2025‌ 271 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شیکاریی- سیروان عوبەید

هەڵبژاردن لە نێوان نائومێدی و بەرپرسیاریەتی خەڵک


بۆچی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن ناکەن لە عێراق؟

بەدیل چییە؟


پڕۆسەی هەڵبژاردن لەعێراق، لەنێوان بێمتمانەیی خەڵک و نەبوونی ئۆپزسیۆنێکی کارا + پێویستی بەژداریکردن، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنێک بکەن لەکاتێکدا زۆرینەی هاوڵاتیان هیوایان بە گۆڕانکاری نەماوە؟


سەرەتا لە کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە دەستپێدەکەین، بەنموونە ئەگەر باسی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بکەین، و لە بهێوایی خەڵک بە پڕۆسەکە بڕوانین، کە لەدوایین هەڵبژاردەکاندا لەڕێژەی کەمی بەشداری خەڵک بینیمان، دەبێ بڵێین، خودی پرۆسەی دیموکراسی لەعێراق بەگشتی لە ژێر پرسیاردایە.  ئەوەی کە خەڵک بە تەواوی بێتاقەت بوون و باوەڕیان بە هەڵبژاردن نەماوە ئەمەیە، کە دەبینن ئەنجامەکانی هەموو هەڵبژاردنێک لە هەمان بازنەی دەموچاوەکان و دۆخی پێش خۆی دەخولێتەوە و گۆڕانکاری پێویست ڕوونادات. ئەم بێهیوایی و بێتاقەتییە تەنها لە ناو خەڵکی ئاساییدا بونی نییە، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆر هەموو چین و توێژەکانی گرتووەتەوە و نوخبەی ڕۆشنبیران و خوێندەواران، چینی لاوان بەتایبەتی. ئەمەش لەدوور مەودا دەکرێ مەترسیدار بێت لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی دیموکراسیانە لە عێراق و هەرێم..


لەکاتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردن  لەعێراق و هەرێم دەستی پێکردووە،  ئێمە باسی پڕۆسەیەک دەکەین، کە گەندەڵی، و ناشەفافی لەم سیستەمەدا ڕیشەیەکی قوڵی هەیە. ئەگەر بەنموونە باسی خلوقاتە بەردەوامەکانی ناو پڕۆسەکە بکەین، دەبینین لەعێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، حیزبە حاکمەکان هێشتا بە ئاشکرا و نهێنی دامودەزگای حکومەت و دەوڵەت و سەرچاوەکانی وڵات وەک ماڵی خۆیان بەڕێوە دەبەن. زۆرجار لە سەرچاوەکانی دەوڵەت و حکومەت کەڵک وەردەگرن بەئامانجی گۆڕینی دۆخی هەڵبژاردنەکان لەبەرژەوەندی خۆیان. حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک کەڵک لە پۆستە حکومییەکان، دادگا، داھاتی نەوت، و پڕۆژە حکومییەکان و دەزگاکانی تری دەوڵەت وەردەگرن و دەیانخەنە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە. ئەمەش وای کردووە کە خەڵک ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر متمانەیان بە هەڵبژاردن نەمێنێت.


کێشەیەکی تر کە لەئێستادا بووەتە هۆی زیاتر بێ ئومێدی خەڵک ئەوەیە کە نە لەعێراق، نە لەهەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و کاریگەر نییە، تا خەڵک بە ئومێدی گۆڕانکاری پشتیوانی لێبکەن و بەهۆییەوە بەژداری سیاسیان زیاترو کاریگەرتر ببێت. بەڵکو زۆربەی ئەو کەس و لایەنانەشی کە وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان دەناسێنن، لە بنەڕەتدا یان بەشێکن لە سیستەمی حزبە کۆنەکان، یان لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکان ڕێککەوتنی نھێنیان ھەیە. کاتێک خەڵک ئەمە دەبینن باوەڕیان بە ئۆپزسیۆن نامێنێت. دەمەوێ ئەوەش بڵێم، زۆرجاریش حیزبە دەسەڵاتدارەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک ئۆپزسیۆنی گوماناوی دروست دەکەن یان دۆخێک دەئافرێنن کە خەڵکی بەگومانەوە سەیری ئۆپزسیۆن و پێشەنگایەتی دەنگی ناڕازی بکات، بۆ ئەوەی متمانەیان بە ئۆپزسیۆن لاواز بێت و گۆڕانکاری نەکەن.


لەلایەکی تر پیرۆزکردنی کەسەکان و بنەماڵەکان لەسەرووی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانی  و یاساییەکانەوە کێشەیەکی ترە لەبەردەم پڕۆسەکەی بەشێوەیەکی دیمکراسیانەی تەواو، کە لەڕاستیدا لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسییەت یەکناگرێتەوە. کاریگەری عەشیرەت و خێڵەکان و مەزهەبییەکان، وایان کردووە کە پەیوەندی کەسی و نزیکی خێڵ و بنەماڵە و خێزانی گرنگتر بێت لە توانا و ئەرێنی کەس و لایەنەکان بۆ چوونە ناوسیستەمەکەوە.


لەم بارەوە زۆرینەی خەڵک بەشێوەیەکی بنەڕەتی پێیان وایە قەوم و مەزهەب و عەشیرەت ئەرکی لەپێشینەیانە، نەک ئەوەی کە بەڕاستی پێویسته چ گۆڕانکارییەک ڕووبدات لە سیستەمی حکومڕانی وڵاتەکەیاندا. ئەمەش وای کردووە کە کۆمەڵێکی کەمینە لە خێزان و عەشیرەت ئاسانتر بتوانن لەبەرژەوەندی خۆیان برەو بەو دۆخە بدەن بەئامانجی ئەوەی هەمیشە لە دەسەڵات بمێننەوە و کێکی سەرچاوەکانی وڵات لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.


هاوکات، زۆر کەموکوڕی تریش هەیە، وەک: کاریگەری و هەژموونی دەرەکی لەسەر حیزبەکان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ناوی مردوو لە لیستەکاندا، هەروەها، پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان کە زۆر جار بە شێوەیەکی نھێنی و ناڕوون ئەنجام دەدرێت. هەموو ئەمانە کێشەی بنەڕەتی و گەورەن لە پڕۆسەی دیموکراسی، و هەڵبژاردن لەعێراق بەگشتی، ئەوکێشانە پێکەوە وایان لەخەڵک کردوە لە پرۆسەی سیاسی دوور بکەونەوە و هیوایان بە هەڵبژاردن و گۆڕانکاری نەمێنێت.


گەنجان ولاوان کە پێویستە پێشەنگی گۆڕانکارییەکان و داهاتووی وڵات بن، ئێستا، تاکە خەونیان بووەتە کۆچکردن بۆ ئەوڕوپا و سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک تا وڵات بەجێبێڵن. هەرچی خەڵکی ئاساییە، تەنیا بیرلەوە دەکەنەوە کە بۆخۆیان بژین و خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆیانن، هەروەوەک بڵێن، مادام مافمان پێنادەن بەرپرسیاریەتیشمان لەسەر نیە". بەڵام لەبیریان چووە کە ماف نادرێت بەڵکو دەسەنرێت" ئەوە ئەوانن کە دەبێ بیستێنن و کاری بۆ بکەن.


لێرەدا ئەمە کەمتەرخەمییەکی خەڵکە خۆیەتی و دەرخەری ئەوەیە، کە وڵاتەکە لەپێشدا پێویستی بە گۆڕانکاریەک لەسیستەمی عەقڵی کۆمەڵایەتی هەیە دواتر دەکرێ ئاسانتر باسی چارەسەری کێشەکانی سیستەمەکە بکرێت. بەوپێیەی هێشتا کەلتوری سیاسی کۆمەڵگەی عێراقی بەگشتی هۆشیاری پێویستی پەیدا نەکردووە لەبارەی بەرپرسیاریەتی و چۆنیەتی ناسین ماف و پەیڕەوی لە ماف و ئەرکەکانیدا. خەڵکی عێراق فێرنەکراون کە دیموکراسی تەنها هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ڕێگایەکی جۆری ژیان و بەرپرسیاریەتیشە. زۆر کەس هێشتا بڕوایان وایە کە دەبێ ملکەچی ئەو ئەمری واقیعە بن کە دەسەڵات و حیزبەکان دروستیان کردووە. هێشتا لەوە تێنگەیشتوون کە دەسەڵات لە خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت نەک بە پێچەوانەوە.



دەر ئەنجامی بەژداری نەکردنی خەڵک و کاریگەریەکانی


لە دەرئەنجامدا بەشداری نەکردنی خەڵک لەهەڵبژاردن، وڵات و کۆمەڵگە تووشی قەیرانی زیاتر دەکات. بەجۆرێک حکومەت ناتوانێت خۆی بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک دابنێت، و ڕەوایەتی حکومەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چ لەئاستی شەقامی ناوەخۆییدا، چ لەئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەی حکومەت لاواز دەکات، و وادەکات کە بەشێوەیەک سەیری ئەو حکومەتە بکرێت کە حکومەتێکی دکتاتۆرە و مۆری ڕەزامەندی خەڵکەکەی نییە.


هەروەها، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی زیاتری گەندەڵکاران لەناو سیستەمەکەدا. کاتێک خەڵک بەشدار نابن، واتا ڕازین تەنها ئەو کەسانە بمێننەوە کە سوود لە سیستەمەکە وەردەگرن. چونکە بەڕاستی بەژدارینەکردنی خەڵکی ڕاستەقینە وادەکات کە گەندەڵان بەردەوام بن لە تاڵان و دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر سەرچاوەکانی وڵات، و ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانیان، بەوپێیەی کەسی دڵسۆز و ئۆپزسیۆن نامێنێتەوە تا بەرامبەریان بوەستێتەوە.


سەرەڕای ئەوەش بەژدارینەکردنی خەڵکی دەبێتە هۆی، لەدەستدانی هەلی گۆڕانکاری بە شێوازی دیمکراسیانە و ئاشتیانە کە ئەمە مەترسی ستراتیژی دروست دەکات: کاتێک ڕێگای دیموکراسی و هەڵبژاردن کارا نەمێنێت، لەمەودوا خەڵک ناچار دەبن، بگەڕێنەوە بۆ ڕێبازە کۆنەکان یان ڕێگا توندوتیژییەکان کە دەبێتە هۆی نائارامی کۆمەڵایەتی تەنانەت یاخی بون و شۆڕش. لەکاتێکدا مێژوو سەلماندوویەتی کە هەر کاتێک پڕۆسەی دیموکراسی شکست دەهێنێت، بۆشاییەکەی بە ڕێگا مەترسیدارەکان پڕکراوەتەوە.


ڕاستە نائومێدی خەڵک بیانووی خۆی هەیە، بەڵام چارەسەر نیە، بەڵکو نائومێدی تەنها نائومێدی زیاتر دروست دەکات. بەشداری نەکردنی خەڵک یان کەمی بەژداریکردن وا لە خەڵک دەکات کە بەتەواوی هەستی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیان لەبیربچێتەوە. بەواتایەکی تر، کەسانی ناوشیار دەڵێن، بەشداری هەڵبژاردن ناکەین، وادەزانن کە هەرچیەک لەوڵات ڕووبدات ئیتر پەیوەندی بەوانەوە نییە" بەڵام هاوڵاتی وشیار لەوە تێدەگات کە بەژداری نەکردن لەو پڕۆسە چارەنووسسازەدا، وایان لێدەکات کە زیاتر لە کارەکانی حکومەت بێئاگا بن و نەتوانن چاودێری باشی حکومەت بکەن. ئەمەش حکومەت بەبێ چاودێری دەستکراوەتر دەکات تا بە ئاسانی بتوانێت بەردەوام بێت لە گەندەڵی و زیاتر بنپێکردنی مافەکانی هاوڵاتیان.


بەدیوێکی تر، کەمبوونەوەی بەشداری دەبێتە هۆی دروستبوونی بازاڕێکی داخراوی سیاسەت بۆ گەندڵکاران و حیزبە حاکمەکان. بەوپێیەی ڕێگە دەدرێت تەنها ئەو کەسانە بمێننەوە کە پەیوەندییان بە حیزبە حاکمەکانەوە هەیە یان پارەیان هەیە. ئەمەش وا لە خەڵکی ئاسایی دەکات کە هەرگیز نەتوانن کاریگەریان لەکۆمەڵگە و کایەی سیاسی وڵاتدا هەبێت.


کەوابێ ڕێگە چارە چییە؟

وەک لەسەرتادا، باسی کێشە بنەڕەتییەکانم کرد، لەسەر لەکۆی سیستمی هەڵبژاردن لە عێراق، کە چۆن دیموکراسی ناتەواو و پڕۆسەیەکی کێشەدارە.. بەڵام ئایا چارەسەر بەژدارینەکردنە؟ ڕاستە کە سیستەمەکە ناڕێکە و زۆریش خراپە، بەڵام هەروەک وتمان نائومێدی چارەسەر نیە، بەڵکو هێشتا چەندین ڕێگای پراکتیکی هەن کە خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە ناو پرۆسەی سیاسی و بەژداری کرداری وچالاکانەیان هەبێت بۆ گۆڕانکاری، وەک گوتراوە:" ئامانجەکەت مەگۆڕە بەڵکو ڕێگاکەت بگۆڕە" ئەگەر پێویستی کرد. کەواتە، لەو دۆخەدا خەڵک پێویستی بە گۆڕینی شێوازی بەشداریکردن هەیە لەهەڵبژاردن، بۆنموونە: یەکێک لە ڕێگاکان دەنگدان بە کەسانی سەربەخۆیە لەجیاتی حیزب. زۆر جار کەسە سەربەخۆکان زیاتر پابەندن بە کۆمەڵگاکەیانەوە و حیزبیان نیە تا بیانکات بە ئامرازێک بۆ دەستکەوتە حیزبی و کەسییەکان. هەروەها، پشتیوانی لەحیزبە بچوکەکان دڵسۆز کە دەکرێت هەندێک لەوان ڕاستگۆبن لەگەڵ دەنگدەرانیان و دەتوانن دەنگێکی دلێر و تازە بنێرنە ناو سیستەمەکەوە.


خۆ ئەگەر ئەوەش ناکەیت، ڕێگەیەکی ترهەیە، بەکارهێنانی دەنگی سفر، ئەو ڕێگەیەش دەکرێ ئامرازێکی بەهێزبێت بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیت. کاتێک خەڵک دەنگی سفر بەکاردەهێنن، ئەوا ڕەفتارێکی چالاکیان نواندوە نەک بەژداری نەکردن. لەڕاستیدا، دەنگی پوچەڵی دەنگدەر، پەیامێکی ڕاستەوخۆ دەنێرێت بۆ دەسەڵاتداران، وە نێودەڵەتیش کە ئێمەی خەڵکی ناڕازین لەو سیستەمە و خواستی گۆڕانکاریمان هەیە"


ڕێگەی بەدیل:

ڕێگەیەکی تر ئەوەیە خەڵکی ڕۆشنبیر و ناڕازی لەدەوری یەکتر کۆببنەوە و پێکەوە هەوڵی دروستکردنی بەدیلێک لە دەرەوەی سیستەمەکە بدەن. کاتێک ناوەوەی سیستەمەکە تێکچووە، دەتوانرێت لە دەرەوەی حکومەت ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان دروست بکرێن. ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن کەسێتی باش و دڵسۆز دروست بکەن و چاودێری حکومەت بکەن و خەڵک بەهێز بکەن و دەرفەتی قسەکردن بۆ لەمەڕ کێشەکان بۆ خەڵک بڕەخسێنن.


هاوکات لێرەدا دروستکردنی میدیای سەربەخۆش زۆر گرنگە، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت وشیاری و زانیاری ڕاست بڵاو بکرێتەوە. بە ئامانجی ئەوەی خەڵک فێری بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانیان بکرێن. ئەم کارە بەگشتی پێویستی بەکۆڕ و سیمینار و کۆنگرە و گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی کەلتورێکی نوێی سیاسی دروست ببێت لە کۆمەڵگەدا، کە من پێموایە تا ئەو کەلتوورە دروست نەبێت، گۆڕاکاری ڕیشەیی بەخواستی خەڵک و بنەڕەتی لەئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا ڕوونادات.


پێویستە هەوڵبدرێت بڕوای خەڵک بگۆڕدرێت لەوەی کە پڕۆسەی سیاسەت لەوڵاتدا چەق بەستووە و چیترهیچ گۆڕانکارییەک ناکرێت. نابێ لەبیرمان بچێت، دیموکراسی تەنها هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ژیانی ڕۆژانەشە. کاتێک خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەدا چالاک وشیار بن و بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ، ئەوا بناغەی کۆمەڵگاکە دەگۆڕدرێت. کەواتە، دروستکردنی کۆمەڵگەی چالاک پێویستە. کاتێک خەڵک پێکەوە کاردەکەن بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەوا هەستی بەرپرسیاریەتیان بەرز دەبێتەوە و دەزانن کە دەتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن بەبێ چاوەڕوانی لە حکومەت و پارتە دەسەڵاتدارەکان.


ئەوەش ڕاستە کە گۆڕانکاری لەسیستەمی عەقڵی کۆمڵایەتی عێراقیدا ئاسان نییە، کە پڕە لەکێشە و سیستەمەکەشی لەژێر کاریگەری تایفی، و نەتەوەیی و هەژموونی هەرێمایەتی و دەرەکی دایە. بەڵام وازهێنان لە هەڵبژاردن یەکسانە بە وازهێان لەداهاتوو و لە هەموو هەلێک بۆ گۆڕانکاری ئاشتیانە. بینینی کێشەکان و ئەو ڕێگاچارانەی کە لەسەرەوە باسمان کردن پێمان دەڵێن، کە هەرچەندە ڕێگا ڕاستەوخۆکە بۆ گۆڕانکاری ناو سیستەمەکە تەنگبەر بێت، بەڵام ڕێگا ناڕاستەوخۆکان و درێژخایەن هێشتا کراوەن و دەکرێ خەڵک و کۆمەڵگە کاریان لەسەر بکات. دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی چالاک و بەرپرسیار، پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ بە بەها دیموکراسییەکان، و دروستکردنی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە بەهێزەکان دەتوانن بناغەی گۆڕانکاری ڕاستەقینە بنیات بنێن. پێویستە لە هەموو ڕێگایەکی ئاشتیانەوە کار بکەین بۆ دروستکردنی دیموکراسییەکی ڕەوشتی و ڕەسەن.


لە کوتاییدا، هاوڵاتی دەبێ بیرلەوە بکاتەوە، کاتێک ئۆپۆزسیۆن نییە، دەکرێت خۆت ببیت بە ئۆپۆزسیۆن. کاتێک ڕێگاکە داخراوە، ڕێگایەکی تر دروست دەکەیت. ئەمە دیموکراسی ڕاستەقینە و پراکتیکییە، نەک تەنها ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵکو ژیانی ڕۆژانە و هەموو هەوڵێکە بۆ باشتر کردن. گۆڕان لە ناخی کۆمەڵگەوە دەست پێ دەکات، لە گۆڕینی ڕەفتاری هەر یەکێکمانەوە، لە بەرپرسیارێتی ئێمەوە بەرامبەر بەیەکتر و بەرامبەر بە نیشتمان و مافە کەلتوورییەکانمان. ئەو پڕۆسەی گۆڕانکاریەش پێویستی بە بڕوا و باوەڕ و هەوڵی هەمەلایەنەیە، لەپێش هەموویان بەپرسیاریەتی دەکەوێتە سەرشانی خەڵکی تەکنۆکرات، ڕۆشنبیر و بە ویژدان و دلێر.