شارپرێس:
به‌وته‌ى چوار سەرچاوەی ئاگادار، دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا پلانی داناوە لەسەردانەکەیدا بۆ میسر له‌م هه‌فته‌یه‌دا، کۆبونەوەی لوتکەى سه‌رۆك‌و سەرکردەکان لەسەر غەززە ئەنجامبدات.
چاوەڕێدەکرێت کۆبونەوەی لوتکەکە پشتگیریی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ غەززە کۆبکاتەوە، سەرەڕای هەبونی خاڵە ناکۆکەکانی ڕێککەوتن کە هێشتا ماون لەسەر حوکمڕانی دوای جەنگ، هاوکات ئاسایش‌و ئاوەدانکردنەوەی غەززەش یەکێک ده‌بێت لەو پرسانە.
دوای پەسندکردنی پلانەکەی ترەمپ لەلایەن ئیسرائیل‌و حەماسه‌وه سه‌باره‌ت به‌ئاشتی له‌غەززە، ترەمپ بەنیازە لەگەڵ بەشێکى زۆر لەسەرکردەکانی جیهان لەمیسر لەسەر دۆخی غەززە کۆببێتەوە.
به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، کۆبونەوەی لوتکە لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر ڕێکخراوە کە پێشتر بانگهێشتنامەی بۆ چەندین سەرکردەی ئەوروپی‌و عەرەبی-ش ناردوە.
سەرچاوەکان باسیان له‌وه‌شكردوه، "چاوەڕواندەکرێت سەرۆک یان وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، قەتەر، ئیمارات، ئوردن، تورکیا، سعودیە، پاکستان‌و ئەندەنوسیا لەلوتکەکەدا بەشداربن".
ئه‌گه‌رچى به‌شێك له‌میدیاى ئه‌مریكى وتویانه، چاوەڕواندەکرێت ڕۆژی دوشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ده‌چێتە ئیسرائیل‌و لەبەردەم كنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) وتارێک پێشکەشبکات‌و چاوی بەخێزانی بارمتەکانیش بکەوێت‌و دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش دەچێتە میسر‌و بەشداریی لەڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی غەززە دەکات، به‌ڵام میدیاى عیبرى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه تره‌مپ ده‌گاته ته‌لئه‌بیب.
