شارپرێس:
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە نوێیەی کە لە گۆڤاری " BMJ Evidence-Based Medicine" بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە کاریگەریی دەرمانی "ترامادۆڵ" لە چارەسەرکردنی ئازارە درێژخایەنەکاندا سنووردارە، لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئەگەری زیادبوونی کاریگەییە لاوەکییەکانی بەرزە.
توێژەران زانیارییان لە 19 تاقیکردنەوەی کلینیکی کۆکردۆتەوە کە زیاتر لە 6500 بەشداربووی لەخۆگرتبوو بە تێکڕای تەمەنی 58 ساڵ، کە ئازاری دەمار، هەوکردنی جومگەکان، ئازاری پشتی درێژخایەن، و ئازاری ماسوولکە ڕیشاڵییان هەبووە.
ئەنجامەکان ئەوەیان خستەڕوو کە ترامادۆڵ لە کەمکردنەوەی ئازاردا لە چارەسەری وەهمی باشتر نییە، لە کاتێکدا پەیوەست بووە بە زیادبوونی کێشە لە دڵدا وەک ئازاری سنگ و سستی دڵ، لەگەڵ نیشانە باوەکانی دیکە وەک دڵتێکچوون، سەرگێژە و قەبزی.
هەروەک توێژەران ئاماژەیان بە ئەگەری پەیوەندییەک لەگەڵ زیادبوونی هەندێک جۆری شێرپەنجە کردووە، هەرچەندە بەڵگەکان دڵنیاکەر نەبوون.
لێکۆڵینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشت کە پێویستە بەهۆی کەمی سوودەکانی و زیادبوونی مەترسییەکانی، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بەکارهێنانی ترامادۆڵ وەک ئازارشکێن بۆ ئازارە درێژخایەنەکان بکرێتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
