سێ دیپلۆماتکاری قەتەری له‌میسر گیانیان له‌ده‌ستدا

جیهان

12/10/2025‌ 3786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سێ دیپلۆماتکاری وەفدی قەتەری لەشه‌رم شێخی میسر بەڕوداوی ھاتووچۆ گیانیان لەدەستداو دوو كه‌سى دیکەش برینداربون، سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن، یەکێکیان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی قەتەر بوە کە گیانی لەدەستداوە.


بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان‌و میدیاکانی میسر، لەشاری شەرم شێخ، ڕوداوێکی هاتوچۆ ڕویداو تێیدا سێ ئەندامی وه‌فدى قەتەر گیانیان لەدەستداو دوو کەسی دیکەش برینداربون.

ڕوداوەکە لەکاتێکدا بوە وه‌فده‌كه‌ بۆ ئامادەکارییەکانی "لوتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی" سەردانی ئەوشارەیان کردبوو، کە بڕیارە بەسەرۆکایەتی هاوبەشی میسرو ئەمریکاو بەبەشداریی سەرکردەی زیاتر لە 20 وڵات بۆ تاووتوێکردنی پرسی ئاگربەست لەغەززە بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان‌و میدیاکانی میسر، ڕوداوەکە لەسەر ڕێگه‌ی "تور - شەرم شێخ"و نزیکەی 50 کیلۆمەتر لەشاری شەرم شێخەوە ڕویداوە، هۆکاری ڕوداوەکە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی تایەی ئۆتۆمبێلەکە بوە لەلایەن شۆفێرەوە، کە بوەتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە.

لەئەنجامی ئەم ڕوداوەدا سێ دیپلۆماتکاری قەتەری گیانیان لەدەستدا کە بریتیبون لە؛ عەبدوڵڵا غانم سەیف، حەسەن جابر، سعود بن سامر. 

هەروەها دوو کەسی دیکە بەناوەکانی عەبدوڵڵا عیسا ئەلکوالی‌و محەمەد عەبدولعەزیز بوعانین برینداربون‌و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی شەرم شێخ.

دەسەڵاتدارانی میسر دەستبەجێ دەستیان بەلێکۆڵینەوەی ورد کردوە بۆ زانینی تەواوی هۆکارەکانی ئەم ڕوداوە. باڵیۆزخانەی قەتەر لەقاهیرە لەبەیاننامەیەکدا نیگه‌رانى خۆی بۆ گیانلەدەستدانی سێ کارمەندی دیوانی ئەمیری دەربڕی‌و ڕایگەیاند، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر دەکەن بۆ گواستنەوەی تەرمەکان‌و بریندارەکان بۆ دەوحە.

ئەم ڕوداوە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک لەسەر ئاگربەست لەکەرتی غەززە، کە قەتەر ڕۆڵێکی گرنگی تێدا دەگێڕێت.