شارپرێس:
ڕۆژنامەی "دی ت سایت"ی ئەڵمانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوهتەوە دەربارەی ژیانی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوی ڕژێمی سوریاو خێزانەکەی لەئاوارەییدا.
ڕۆژنامەکە وردەکاریی تایبەتی لەسەر شوێنی نیشتەجێبونی نوێی ئەسەد ئاشکراکردوە کە لەباڵەخانەیەکی هەوڕبڕی لوکسە لەناوەڕاستی پایتەختی ڕوسیا، خێزانی ئەسەد نزیکەی 20 شوقەیان لەسێ نهۆمی جیاوازدا هەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەسەد بڕیاریداوە لەمیدیا دوربکەوێتەوەو بێدەنگی هەڵبژێرێت.
ڕۆژنامەنوسێکی عەرەب بە"دی ت سایت"ی ڕاگەیاندوە، ئەسەد "ئاستێکی نزم لەدەرکەوتن دەپارێزێت"و بەتەواوی خۆی لەدەرکەوتنی گشتیدا بەدوردەگرێت.
لەکاتێکدا هاوڕێیەکی کۆنی بازنەی ناوەوە ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەسەد، "سەدان کاتژمێر یاریی ڤیدیۆیی دەکات".
ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەسێک لەژێر ناوی "خ" ئەنجامداوە کە هاوڕێیەکی پێشوی بازنەی نزیکی ئەسەد بوەو لەئێستادا لەئەوروپا نیشتەجێیە.
"خ" خۆی بەوە وەسفکردوە کە لە"بنەماڵەیەکی کاریگەری سوری"یەو لەمنداڵییەوە میوانێکی هەمیشەیی ماڵی خێزانی ئەسەد بوە، هەروەک پۆستێکی باڵای لەسوپای سوریا هەبوە.
ئەوکەسە باسی لەوەکردوە، ئەسەد لههێرشێکی ساڵی 2012دا هەوڵی تیرۆرکردنیداوە، کە بوە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لەپاسەوانە تایبەتەکانی، ئەمەش پاڵی پێوەنا وڵات جێبهێڵێت.
بەگوێرەی گێڕانەوەی ئەو، ئەسەدو خێزانەکەی بەئازادی لەناو مۆسکۆدا دەجوڵێنەوە، لەژێر پارێزگاری پاسەوانانی کۆمپانیایەکی ئەمنی تایبەت کە لەلایەن حکومەتی ڕوسیاوە بودجەی بۆ دابیندەکرێت.
سەرچاوەکە گواستویەتییەوە کە باری تەندروستیی ئەسما ئەسەد هاوسەری بەشار، زۆر ناجێگیرە.
ئەسما لەساڵی 2018دا توشی شێرپەنجەی مەمک بوو و چاکبوەوە، بەڵام نەخۆشییەکە لەبەهاری 2024دا گەڕاوەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، سەبارەت بەماهر ئەسەد، برای بەشار، ئەو لەهۆتێلی "فۆڕ سیزنز" لەمۆسکۆ نیشتەجێیەو کاتەکانی بە"سەرخۆشبونو کێشانی نێرگەلە" بەسەردەبات.
