لەبارەی دەنگۆی دروستبونی قەیرانی بەنزین ڕونکردنەوە دەدرێت

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 535 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەنگۆی دروستبونی قەیرانی بەنزین لەهەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بە هیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی قەیرانی بەنزین و سوتەمەنی نەبوەتەوە و نابێتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەڕونکردنەوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت،" هەندێ كەناڵ و پەیجەکانی سۆشیال میدیا، پرسی راستگۆیی و پیشەیی بۆ بانگەشەی راگەیاندن بەكاردەهێنن و دەیانەوێت بە بڵاوکردنەوەی چەواشەكاری، بیروڕای گشتی بەلاڕێدا ببەن ".

ئەوەشیخستەڕوو، لەدوا هەوڵیاندا، دیدارێكی كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بە ( وەكالەت) لەكەناڵێکی میدیایی، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەكەی بدەن، بابەتەكەیان بڵاوكردوەتەوە و لە مانشێتی بابەتەكەدا باسیان لە (قەیرانی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان) کردوە.

لەڕونکردنەوەکەدا باس لەوەشکراوە، وەزیری سامانە سروشتییەكان تەنیا باسی ئەوەی كردوە كە پشكی هەرێم بۆ ناوخۆ كەمە و وەزارەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی بەنزین و سوتەمەنیی زیاتر دابین بكات و بە هیچ شێوەیەك باسی قەیرانی سوتەمەنی نەكردوە، كەچی ئەوان باسیان لە قەیرانی بەنزین و سوتەمەنی کردوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختدەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی قەیرانی بەنزین و سوتەمەنی نەبوەتەوە و نابێتەوە.

محەمەد سەردار