گروپێكی مه‌ترسیدارى مافیایى لەگرتوخانە هه‌ڵاتن

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیدارەی گرتوخانەیەك لەگواتیمالا دانی بەوەدانا، ژمارەیەك گیراوی مەترسیداریان كە سەر بەگروپێكی مافیای مادەی هۆشبەرن، لەگرتوخانە هه‌ڵاتون‌و تائێستاش دەستگیرنەكراونەتەوە.


لودین گودینیز بەڕێوەبەری گرتوخانەی (فرایخانیس 2) لەگواتیمالا ئاشكرایكرد، 20 ئەندامی گروپی مافیایی (باریۆ 18) كە خەڵكی وڵاتی سیلڤادۆرن‌و یەكێكن لەمەترسیدارترین مافیاكانی مادەی هۆشبەر، توانیویانە بەربەستی گرتوخانە تێپەڕێنن‌و ڕابكەن.

وتیشی، "ڕۆژی هەینی ڕابردوو زانیاری هەوڵگریمان پێگەیشتبوو كە ئەم كۆمەڵە تاوانبارە بەنیازن ڕابكەن‌و بۆ ئەم مەبەستە ئامادەكاریمان كردبوو، بەڵام پێدەچێت تاوانبارەكان بەهاوكاری بەشێك لەئیدارەی گرتوخانەكە ڕایانكردبێت".

لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەگواتیمالا لەبارەی ڕوداوی هەڵهاتنی تاوانبارەكان، ڕایگەیاند، "ئەمریكا ئەندامانی مافیای (باریۆ 18)ی وەك گروپێكی تیرۆریستی مەترسیدار دیاریكردوە، بۆیە هەموو هاوكارییەك پێشكەشدەكەین بۆ ئەوەی دوبارە دەستگیربكرێنەوە".

داواشی لەحكومەتی گواتیمالا كرد هەوڵەكانیان چڕبكەنەوەو هەرچی زوە ئەو تاوانبارانە دەستگیربكەنەوە.

بەگوێرەی ئامارەكان، لەگواتیمالا نزیكەی 12 هەزار ئەندامی گروپە مافیاو توانكارییەكانی تێدایە كە ئێستا نزیكەی سێ هەزاریان لەگرتوخانەكانن.

گروپی مافیایی باریۆ 18 لەماوەی سێ دەیەی ڕابردودا بەرپرسیارن لەكوژرانی 200 هەزار كەس‌و دەستیان بەسەر ڕێژەی 80%ی خاكی سیلڤادۆردا گرتوە كە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین تاوانی كوشتنی تێدا ئەنجامدەدرێت.