شارپرێس:
روانگەی سوریی بۆ
مافەکانی مرۆڤ، لە نوێترین راپۆرتیدا
رووناکیی خستۆتە سەر زنجیرەیەک پێشێلکاری قێزەونی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، کە بریتییە
لە لەسێدارەدان و ناچارکردنی خەڵک بە "بازدانی زۆرەملێ بەرەو مەرگ" لەلایەن
دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانییەوە.
ئەم راپۆرتە ژمارەیەکی زۆری حاڵەتی کوشتن و مامەڵەی
دڕندانەی بەبەڵگەوە دیکۆمێنت کردووە، کە پێشێلکاری گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و
کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتۆتەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی ڕوانگەی سوریی، سەدان هاوڵاتی مەدەنی
و دیل، لەنێویاندا چالاکوانانی پێشوو و ئەو کەسانەی لەسەر بنەمای رێککەوتننامەکانی
ئاشتبوونەوە گەڕاونەتەوە، لە ژێر دەستی هێزەکانی رژێمی نوێی سوریا و گروپە
چەکدارەکانی سەر بە حکومەت گیانیان لەدەستداوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی
بەوەکردووە، ئەم مردنانە بە شێوازی جۆراوجۆر روویانداوە، لەوانە لەسێدارەدانی راستەوخۆ
لەلایەن "تیمەکانی لەسێدارەدان"ەوە، یان مردن لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانی بێبەزەییانە
لە ناو زیندانەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن.
ڕوانگەکە ئاماژەی
بەوەکردووە، مەبەست لە "بازدانی زۆرەملێ بەرەو مەرگ" ئاماژەیە بۆ ئەو
بارودۆخە نائاسایی و دڕندانەیەی کە دەستبەسەرکراوان ناچار دەکرێن لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانێکی
زۆر یان هەڕەشەی کوشتن، هەوڵی دەربازبوون بدەن بە شێوەیەکی خۆکوشتن ئامێز، یان لە
حاڵەتێکدا کە لە بەرزی فڕێدەدرێنە خوارەوە، وەک شێوازێکی بێبەزەییانەی لە سێدارەدان.
دەڵێت: ئەم کردەوانە پیشاندەری
ئاستێکی بێ وێنەی توندوتیژی و دڕندەیین.
رێکخراوەکەی چاودێری مافەکانی
مرۆڤی سوریا بە وردی حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنکردنی چەندین
کەسی دیکەی لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا دۆکیومێنت کردووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە
پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندا بوون و دواتر کەوتوونەتەوە دەست دەسەڵاتی نوێی
سوریا.
ئەم حاڵەتانە بە بەڵگەوە نیشاندراون کە پێشێلکردنی
بەڵێنەکانی رژێمەکەی ئەحمەد شەرعن سەبارەت بە لێبوردنی گشتیی و پاراستنی مافی ئەو
کەسانەی کە رێککەوتنی ئاشتبوونەوەیان واژۆکردووە.
ڕوانگەی سوریی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم
کارانە دەچنە چوارچێوەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە
جددی هەڵوێست وەربگرێت، هەروەک داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و نێودەوڵەتی و لێپێچینەوە
لە تاوانباران دەکات، بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ قوربانیان و خێزانەکانیان بەرقەرار
بکرێت.
ئەو ڕێکخراوەی بواری چاودیرییکردنی مافەکانی
مرۆڤ، ئاماژە بەوە دەکات کە بێدەنگی لە ئاست ئەم پێشێلکارییە گەورانە، تەنیا رژێمی
دیمەشق و گروپە چەکدارەکانی هاندەدات کە بەردەوام بن لە سەرکوتکردنی خەڵک و پێشێلکردنی
بنەماکانی مافی مرۆڤ.
ئەم راپۆرتە مەترسیدارە،
دووبارە جیهان ئاگادار دەکاتەوە لە دۆخی قەیراناوی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا و پێویستی
بە هەنگاوی خێرا و کاریگەر هەیە بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییە بەردەوامانە و دڵنیابوون
لەوەی کە تاوانباران روبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
