شارپرێس:
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، ئەو سیستەمە ناوەندییەی كە حكومەتی كاتیی سورە لەسەری، ڕێگری لە پێشكەوتن دەكات و كێشەی ئابوری لەنێوان پارێزگاكاندا دروست دەكات.
ئیلهام ئەحمەد لە رێوڕەسمێكدا لە رەقە رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتەكان دابەش بكرێن و ڕۆڵێكی گەورەتر بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەكان لە بڕیاردان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی هەلی كاردا.
ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، سوریایەكی دیموكراتیك، ناناوەندی و فرەڕەنگی دەوێت كە مافی ژنان و هەموو نەتەوەكانی تێدا پارێزراو بێت.
دەشڵێت "ئێمە باوەڕمان وایە كە ئاشتی و دادپەروەری ڕێگای كۆتاییهێنانە بە ئازارەكانی سورییەكان، بەتایبەتی ژنان, چونكە ئەوانەی زۆرترین زیانیان لە جەنگەكان بەركەوتووە، ژنانن. سەرەڕای ئەمەش، ژنان لە بونیادنانی ئاشتی و داهاتوویەكی باشتر بۆ تەواوی سووریادا، سوورن لەسەر هەوڵەكانیان".
ئ.ه