شارپرێس:
لەیەکەم ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان دەسەڵاتە نوێکەی دیمەشقو جیهادییە بیانییەکان، هێزە ئەمنییەکانی سوریا دوێنێ چوارشەممە هێرشێکیانکردەسەر کەمپێک لەدەوروبەری شاری حارم لەباکوری ڕۆژئاوای وڵات، کە دەیان چەکداری فەرەنسی سەر بە"فەیلەقی غەریبان" (فرقه الغرباو)ی تێدابوو، کە لەلایەن جیهادیی فەرەنسی- سەنیگالی عومەر دیابی ناسراو بە"عومەر ئومسێن" سەرۆکایەتیدەکرێت.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایانگەیاند، دیابی (تەمەن 50 ساڵ) سەرۆکایەتی گروپێکی چەکداری یاسا شکێن دەکات کە کچێکیان لەدایکی ڕفاندوەو سەرەڕای دانوستان لەگەڵی، ڕەتیکردوهتەوە بیگێڕێتەوە، ئەمەش وای لەهێزەکان کردوە ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامبدەن دوای ئەوەی لەناو کەمپەکەدا خۆی قایمکردوەو ڕێگەی نەداوە خەڵکی مەدەنی بڕۆنو تەقەی لەئەندامانی هێزە ئەمنییەکان کردوە.
بەڵام جیبریل كه کوڕی دیابی-یه بەئاژانسی فرانس پرێسی وتوه، "شەڕەکان لەئەنجامی "فشارەکانی فەرەنسایه بۆ ڕادەستکردنی دوو چەکداری فەرەنسی، بەپاریس".
هەروەک، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردوە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە ڕادەستکردنی داواکراوانی فەرەنسییە.
ڕونیشیکردوهتەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، بەڵێنی بەفەرەنسا داوە کە کۆتایی بەبونی جیهادییە فەرەنسییەکان لەسوریا بهێنێتو بەقۆناغ ڕادەستیان بکات، هەروەک بەڵێنی بەڕوسیاشداوە کە چەکدارە چیچانیو ڕوسەکان بەشێوەیەکی پۆل پۆل ڕادەستبکات.
ئەم پێشهاتە دوای ڕاپۆرتێکی هەمان ڕوانگە دێت لەچەند ڕۆژێک لەمەوبەر کە تێیدا هۆشداریی لەزیادبونی دیاردەی ڕفاندنی ژنان لەسوریاداو دەسەڵاتدارانی بەسستیو پاراستنی تاوانباران تۆمەتبارکردو پێیوابوو، وڵاتەکە "بهگوێرهى یاسای بەهێزترین بەڕێوەدەچێت".
سەرچاوە ئەمنییەکانی فەرەنسا ژمارەی ئەندامانی "فەیلەقی غەریبان" بەنزیکەی 50 چەکدار دەخەمڵێنن کە لەگەڵ خێزانەکانیان لەکەمپی حارم دەژین، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەیان نییە بەبەراورد لەگەڵ گروپە تورکستانی یان ئۆزبەکییەکان.
دوای هێرشەکە، ڕوانگەی سوریی ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەگوندەواری باکوری ئیدلب لەئامادەباشی فراواندان، لەوێ چەکدارە بیانییەکان بەرزترین ئامادەباشییان بۆ پشتگیریکردنی جیهادییە فەرەنسییەکان ڕاگەیاندوه.
هەروەک چەکدارانی ئۆزبەک ڤیدیۆیەکی تۆمارکراویان بڵاوکردەوە کە تیایدا ئامادەیی خۆیان بۆ پشتیوانیکردنی جیهادییە فەرەنسییەکان ڕاگەیاند، لەکاتێکدا شەڕی توند لەنێوان هەردوو لادا بەردەوامە.
