شارپرێس:
گەورەترین گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا کران، ئەوەش بازدانێکی چۆنایەتییە دوای واژۆکردنی زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ستراتیژی و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا گەورە جیهانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی وزەو نەوت.
بەپێی ڕوپێویەکی ئەم دواییەی پلاتفۆرمی وزە کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، ئەم هەنگاوانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پلانەکانی بەغدا هەبووە بۆ زیادکردنی توانای هەناردەکردن و بەدەستهێنانی پێگەیەکی پێشەنگ لە بازاڕە جیهانییەکانی وزە.
عێراق زنجیرەیەک گرێبەستی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانی و ئەمریکی و چینییەکان کردووە، لەوانە پەرەپێدانی کێڵگە گەورەکان، وەبەرهێنان لە بواری پترۆکیمیایی، پڕۆژەی گواستنەوە و جێگیرکردنی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆت.
گەورەترین گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق لەماوەی نۆ مانگدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەغدا ئامانجی ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا بگاتە ئاستی بەرهەمی زیاتر لە 8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی یەکگرتوو بە ئامانجی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتنانەوە، عێراق پێگەی خۆی لە نێو گەورەترین ڕێککەوتنە نەوتییەکانی ناوچەکە و جیهاندا چەسپاندووە، ئەمەش نیشانی دەدات کە بەغدا لەسەر ڕێگایەکی ڕوونە بەرەو وەرگرتنەوەی پێگەی خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا.
لە پێشەنگی گەورەترین گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق لە مانگی یەکی ساڵی 2025 ڕێککەوتنێک بوو لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانیی بۆ پەرەپێدانی یەدەگ کە بە زیاتر لە 9 ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی عێراقە بۆ 8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی سێ ساڵدا.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای بی پی کاردەکات بۆ گەشەپێدانی کێڵگەکانی سنوری کەرکوک، بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشوەختە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی 2024، ئەمەش هەنگاوێکی گەورە لە گەورەترین گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق لەماوەی ڕابردودا نیشان دەدات.
هەروەها ئامانجی پڕۆژەکە ڕادەستکردنی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کۆمپانیای نەوتی باکورە بۆ کۆمپانیا بەریتانییەکە، بە بەکارهێنانی نوێترین شێوازی تەکنیکی بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی گونجاوی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.
لیستی گەورەترین گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق بە واژۆکردنی دوو ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە مانگی شوباتدا بۆ پەرەپێدانی دوو کێڵگە لە بەسرە بەهێزتر بوو. ئەم هەنگاوە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی کارایی زیاترە لە وەبەرهێنانی سەرچاوە نیشتمانییەکان.
بەپێی ڕێککەوتنەکان، کۆمپانیاکە دەست دەکات بە جێبەجێکردنی توێژینەوەی مەیدانی و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دوو کێڵگەیە، هاوکات پلانی زیادکرنی بەرهەمهێنانی کێڵگەی نەهر بن عومەری لە 45 هەزار بەرمیلەوە بۆ 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەیە، ئەمەش ڕۆڵی خۆی لەنێو گەورەترین گرێبەستە نەوتییەکانی عێراقدا چەسپاندووە.
هەروەها پلانەکان بریتین لە وەبەرهێنانی گازو بەکارهێنانی نوێترین شێوازی تەکنیکی و ئابوری بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنان، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت و پاڵپشتی گەشەی ئابوری عێراق.
ئ.ه
