ترەمپ پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەنەدا پچڕاند

جیهان

24/10/2025‌ 574 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی بەکارهێنانی دەنگی ڕۆناڵد ڕیگان سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا لەریکلامێکدا لەلایەن پارێزگای ئۆنتاریۆ لە کەنەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرجەم پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەنەدا پچڕاند.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ‘تروس سۆشیال’ بڵاوکردەوە و دەڵێت،" بەهۆی کارە هەڵەکانی کەنەدا، ئێستا هەموو دانووستانە بازرگانییەکان لەگەڵ کەنەدا کۆتایی پێهاتوە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لەم دواییانەدا، کەنەدا وتارێكی ڕۆناڵد ڕیگانیان سەبارەت بە بازرگانی، لە ڕیکلامێکی ساختەدا بەکارهێناوە، ئەو ڕیکلامە دژی سیاسەتی باجی ئێستای ئەمریکایە ".

ئەم کاردانەوەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پارێزگای ئۆنتاریۆ لە کەنەدا هەڵمەتێکی ڕیکلامی ئامادەکردوە کە “کلیپی دەنگی و ڤیدیۆیی هەڵبژێردراوی رۆناڵد ریگانی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا”ـی بەکارهێناوە، کە وتاری ڕادیۆیی خۆی پێشکەش بە خەڵك دەکات و دژی سەپاندنی باجە و سەبارەت بە بازرگانی ئازاد و دادپەروەرانە قسەدەکات، وتارە دەنگییەکەی ڕیگان مێژووکەی بۆ ساڵی ١٩٨٧ دەگەڕێتەوە.

محەمەد سەردار