ترەمپ لەبەرژەوەندی سوریا كۆنگرێس ناچار بەبڕیارێك دەكات

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1383 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەفەرمانی ترەمپ داوا لە کۆنگرێس دەكرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لەسەر سوریا ماوەتەوە.


پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، بەفەرمانێک زۆرینەی سزاکانی سەر سوریای هەڵوەشاندوەتەوە، بەڵام توندترین سزاکان کە سوریایان لەئابوری جیهان دابڕاندوە، ئەو سزایانەن کە بەگوێرەی یاسای قەیسەر دەرکراون و پێویستیان بەکۆنگرێس هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان.

بەرپرسێکی باڵای کۆنگرێس بە ئەلمۆنیۆری وتوە،" بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەتەواوی بۆ کۆنگرێس ڕونکردوەتەوە، کە هەڵوێستی فەرمی ئیدارەکە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزاکان و یاسای قەیسەرە.

سەرچاوەیەکی دیکە لەکۆنگرێس ڕایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا پەیوەندی بەیاسادانەرانی باڵای کۆمارییەکان کردوەو داوای لێکردون پاڵپشتیی لەهەڵوەشاندنەوەی یاساکە بکەن. 

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکان یاسادانەرانی هەردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتەکانی یەکخستوە، کە سیناتۆر جین شاهین، لەبەری دیموکراتەکان و جۆ ویڵسنی کۆمارییەکان سەرکردایەتی هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەکەن.

لەواشنتن هەندێک ڕێکخراوی لایەنگری ئیسرائیل هەن، داوای مانەوەی سزاکانی سەر سوریا دەکەن کە بەمەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر ئیسرائیل و پێکهاتەکانی عەلەویی و دروزەکان دەزانن.

یاسای قەیسەر یاسایەکی ئەمریکایە کە سزای بەسەر حکومەتی سوریاو بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ڕژێمی پێشوی سوریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزەو بیناسازی دەگرێتەوە کە لەمانگی کانونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوەو لەمانگی حوزەیرانی 2020 چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.