لەعەفرین ڕاپەڕین دژی تورکیا دەستیپێکرد

کوردستان

01/07/2024‌ 1333 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بازنەی خۆپیشاندانەکان لەناوچەداگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دژی هێزەکانی تورکیا  فراوانتر بوو، پێکدادانی چەکداری لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی سەربازی تورکیا ڕوویداو بریندار لەڕیزی خەڵکی سڤیلدا هەیە.


ئەم خۆپێشاندانانە لەلایەن خەڵکی سنوورەکە ڕێکخراون لەکاردانەوە بە پراکتیزەکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە لەدژی پەنابەرانی سووریایی لە تورکیا و هەڵمەتی ڕاگواستنی زۆرەملێ و هێرشکردنە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتیانی سنوورەکەیە.

 ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، کەمێک لەمەوبەر، دەیان هاوڵاتی لە بازنەی شاری ڕاعی کۆبوونەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی کاروان و بارهەڵگرەکانی بازرگانی تورکیا، هاوکات داوای خۆپیشاندانی بەرفراوان لە دەروازەی سنووری باب ئەلسەلامە دەکرێت بۆ ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکانی دژی پەنابەرانی سوریا لە تورکیا.

هاوکات گەنجان پۆستەخانەی تورکیایان لەشارەکانی ڕاعی و عەزاز داخست  کارمەندەکانیان دەرکردن و ئاڵای تورکیا هێنرایە خوارێ.
 
لەنێوەڕاستی شاری عەفرینیش خۆپێشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بنکە و بارەگای سوپای تورکیا و تادێت گرژی و ئاڵۆزییەکان زیاتردەبن.