پەیامێک لەقوباد تاڵەبانییەوە بۆ نزار ئامێدی

کوردستان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 614 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قوباد تاڵەبانی پەیامێکی ئاراستەی نزار ئامێدی دەکات و دەڵێت،" متمانەی تەواومان هەیە کە سەرۆک کۆمار بە حیکمەت و داناییەوە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بەتایبەت دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ".


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێز کاک نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لەم ئەرکە نیشتمانییەدا ".

ئەوەشیخستەڕوو،" کاک نزار ئامێدی کەسایەتییەکی شیاو، شارەزا و نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینەیە. ئامادەیی و کارکردنی بەردەوامی بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە بەغدا، ئەزموونی دەوڵەمەندی لەگەڵ جەنابی سەرۆک مام جەلال و سەرۆککۆمارەکانی دواتر، هەروەها هەبوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ تەواوی لایەنە عێراقییەکاندا، دڵنیامان دەکاتەوە لە سەرکەوتنی بەڕێزیان لەم بەرپرسیارێتییە نوێیەدا ".

قوباد تاڵەبانی سوپاسی لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری پێشوو دەکات و رایدەگەیەنێت،" ناوبراو گەورەیی نواند و کاندیدبونی خۆی کشاندەوە، ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بۆ بەڕێزیان کە لە کلتووری سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگمەنە سەرۆکێک دەستبەرداری کورسییەکەی بێت ".

دەشڵێت،" لە کۆتاییدا پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە بافڵ تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم. هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو گەلی عێراق و گەلی کوردستان دەکەم و بە تایبەتیش پیرۆزبایی لە خەڵکی دڵسۆز و بە ئەمەکی پارێزگای دهۆکی ئازیز دەکەم کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کەسایەتییەکی ئەو دەڤەرە دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق ".