شارپرێس:
بەگوێرەی ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی کە پشتی بەلێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستوە، ڕایگەیاندوە کە هەر جۆرە هەڵەیەکی ترەمپ لەلێکدانەوەکانیدا، ڕەنگە ڕەوتی گواستنەوەی وزەو بازرگانیی جیهانیی ڕوبەڕوی مەترسییەکی چارەنوسساز بکاتەوە.
دوای قسەکانی ترەمپ سەبارەت بەگەمارۆی دەریاییو سنوردارکردنی هاتوچۆ لەگەروی هورمز، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم هەڕەشانە هیچ بڕستو متمانەیەکیان نەماوە، چونکە ئەگەر کاریگەربونایە، ئێستا ترەمپ بەنائومێدییەوە لەناوەڕاستی شەڕەکاندا داوای ئاگربەستی نەدەکرد.
ئەو سەرچاوەیە جەختیکردوهتەوە، ئەمجۆرە هەڵوێستانە کێشەکان چارەسەرناکەن، بەڵکو دەبێت ترەمپ لەوە بترسێت کە ئەم سەرکێشیو هەڕەشانە ببنە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی بابولمهندهب، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی گواستنەوەی وزەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەو ناوچەیەدا بکەونە ناو تەحەدایەکی گەورەترو تێچویەکی زۆر زیاتریان بکەوێتەسەر.