مۆنتی کارلۆ: کۆبونەوەی چڕ لەنێوان زەیدی‌و دیپلۆماتکارانی ئەمریکیدا ده‌ستیپێكردوه‌

عیراق

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی کوتوپڕدا بۆ کۆتایهێنان بەهەژمونی چەکداریی، عەلی زەیدی بەپاڵپشتییەکی چڕی دیپلۆماتی ئەمریکا گەورەترین پلانی بەغدا بۆ چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان‌و کاراکردنەوەی هەماهەنگییە ئەمنییەکان دەستپێدەکات.


ڕادیۆی (مۆنتی کارلۆ) لەڕاپۆرتێکیدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە ئاشکرایکردوە، کۆبونەوەی چڕوپڕ لەنێوان عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و دیپلۆماتکارانی ئەمریکیدا بەڕێوەدەچێت.

ده‌شڵێت، "ئەم کۆبونەوانە هاوکاتن لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی پلانی حکومەتی عێراق بۆ داماڵینی چەکی گروپ‌و میلیشیا چەکدارەکان"، هاوكات ڕادیۆکە ڕونکردنەوەیداوە، پەیامە نوێیەکەی ئەمریکا دوو هەڵوێستی سەرەکی لەخۆدەگرێت.

له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى دوو هه‌ڵوێسته‌كه‌شه‌وه‌ هاتوه‌، واشنتۆن هەوڵدەدات هەماهەنگی ئەمنی نێوان عێراق‌و ئەمریکا کارابکاتەوە؛ ئەو هەماهەنگییەی کە لەمدواییانەدا بەهۆی دەرهاویشتەکانی جەنگ‌و ململانێکانی نێوان ئێران لەلایەک‌و ئەمریکاو ئیسرائیلیش لەلایەکی دیكه‌وه‌، پاشەکشەی بەخۆوە بینیبوو.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی مۆنتی کارلۆ، هەڵوێستی دوەمی ئەمریکا پشتیوانیکردنی مادی‌و لۆجستی پلانەکەی حکومەتی عێراقە بۆ چەکداماڵینی گروپەکان، ئەم پاڵپشتییەش مەرجدارە بەسوربونى حکومەت لەجێبەجێکردنی پلانی کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.