شارپرێس:
کۆشکی سپی ئەمریکا ڕاو بۆچونی خۆی لەسەر ئاڵۆزییە ئەمنیو سیاسییەکانی عێراقو دابەشبونی گروپە چەکدارەکان لەسەر مەلەفی تەسلیمکردنی چەک خستەڕوو، هاوكات پشتیوانی توندی خۆی بۆ بڕیارەکانی حکومەتی عێراق دوپاتکردەوە.
پاڵپشتی واشنتۆن بۆ بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی لەکۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەتەواوی پشتیوانی لەپرۆسەی سەروەری عێراق دەکات بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی سەقامگیرو ئاوەدان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوکات لایەنی ئەمریکی پێشوازیی لەبڕیارەکانی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران دەکات سەبارەت بەکۆنترۆڵکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوەو بەهەنگاوێکی گرنگی دەزانێت بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دەستورییەکان.
هۆشداریی توند لەهەژمونی تاران
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە هۆشداریدا لەمەترسیی زاڵبونی هەژمونی ئێران بەسەر بڕیاری نیشتمانیی بەغداو کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر پاشەڕۆژی عێراق.
جەختیشیکردەوە کە "هیچ حکومەتێک ئەگەر لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا بێت، ناتوانێت سەرکەوتوبێت لەپێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراقو ناتوانێت وڵاتەکە لەململانێ هەرێمییەکان بەدوربگرێت، یان پهیوەندیی هاوبەشی نێوان ئەمریکاو عێراق بەرەو پێشەوە ببات".
لێکەوتە ئابورییو سیاسییەکانی چەککردنی گروپەکان
ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ دابەشبونی ناوخۆیی گروپە چەکدارەکان؛ لەکاتێکدا هەندێک لایەن نەرمی نیشاندەدەن بۆ چونە ناو پرۆسەکەوە، گروپە توندڕەوەکانی وەک "کەتائیبی حزبوڵڵاو گروپی نوجەبا" دژایەتی ڕەهای خۆیان بۆ ئەم پلانە ڕاگەیاندوە.
لەڕوانگەی واشنتۆنەوە، چارەسەرکردنی ئەم پرسه تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ توانای حکومەت لەسەپاندنی یاسا، کە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانیو باشترکردنی ژینگەی ئابوریی عێراق.
