پوتن مەرجى بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زیلینسکی هه‌یه‌ ئه‌مریكاش هاته‌سه‌رخه‌ت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆسیەی قەیرانی ئۆکرانیا بەرەو قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسی هەنگاو دەنێت، دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا مەرجی کۆتایی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هەر کۆبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی هاوتا ئۆکرانییەکەی، ڕادەگەیەنێت.


ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، لەدوایین لێدوانەکانیدا ڕایگەیاند، کۆبونەوە لەگەڵ زیلینسکی تەنها لەحاڵەتێکدا دەبێت کە هێڵە گشتییەکانی چارەسەرەکە لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە یەکلاکرابێتنەوەو چاوپێکەوتنەکە تەنها بۆ واژۆکردنی فەرمی ڕێککەوتنی ئاشتی هەمیشەیی بێت، پوتن بیرۆکەی "ئاگربەستی کاتی" ڕەتکردەوەو نامە فەرمییەکەی زیلینسکی بەناڕون وەسفکرد.

لەلایەکی دیکەوە، پوتن ئاماژەی بەوەدا، ئیدارەی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت ببێتە گەرەنتییەکی سەرەکی بۆ هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو، جەختیکردەوە، تێڕوانینەکانی پێشوی ترەمپ دەکرێت ببنە بنەمایەک بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگەکە.

هاوکات، ڕاپۆرتە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەمریکا هانی لایەنی ئۆکرانی دەدات بۆ پێشکەشکردنی هەندێک سازشی زەوینی (بەتایبەت لەهەرێمی دۆنباس) بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری کۆتایی.

داواکارییەکانی ڕوسیا بریتین له‌کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لەو چوار هەرێمەی ڕوسیا بەخاکی خۆیانی دەزانێت (دۆنێتسک، لۆهانسک، زاپۆریژیاو خێرسۆن)، لەگەڵ بەڵێنی فەرمی کیێڤ بۆ نەبونی بەئەندام لەپەیمانی ناتۆ.

داواکارییەکانی ئۆکرانیا-ش، ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، کشانەوەی هێزەکانی ڕوسیاو ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەوڵاتێکی بێلایەندا بەبێ مەرجی پێشوەختە کە زیان بەسەروەریی خاکەکەی بگەیەنێت.

چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، ناوچەکە لەئێستادا لەبەردەم قۆناغێکی هەستیاری "سەپاندنی مەرجەکاندایە"، کە تێیدا هەوڵدەدرێت هێزی سەربازیی سەر زەوی بکرێتە دەستکەوتی سیاسی لەسەر مێزی گفتوگۆکان.