شارپرێس:
لە چەند ناوچەیەكی باكوری كوردستان دژی شەپۆلی لەسێدارەدانی گەنجان و بەندكراوانی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
لەچوارچێوەی ئەم چالاكییانەدا لە ناوچەی سلۆپی باكوری كوردستان پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموكراتیكەكانی شرناخ دژی پێشێلكارییەكانی ئێران بەیاننامەیەكی لە خۆپیشاندانێكدا خوێندەوە كە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە شرناخ نەورۆز ئویسال ئاسلان، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتە سیاسییەكان، ڕێكخراوە دیموكراتیكەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان بەشداربوون.
لای خۆیەوە پەرلەمانتاری دەم پارتی نەورۆز ئویسال ئاسلان وتی "دەوڵەتی ئێران لە ناوەڕاستی ئەم شەڕە گەرمەی ئێستاشدا، هێرشەكانی بۆ سەر گەلی ڕۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر كردووە و گەلی كورد تەنیا لەبەر ئەوەی داوای مافەكانی دەكات، لەسێدارە دەدرێت. ئێستا لە زیندانەكانی ڕۆژهەڵات و ئێراندا مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەچێت. لە هەر شوێنێكی كوردستان هێرش بكرێتە سەر گەلی كورد، ئێمە لە دژی تێدەكۆشین، بێدەنگ نابین و ئەم لەسێدارەدانانە سەركۆنە دەكەین."
هەروەها لە پاركی كارایۆڵو لە ناوچەی ئارتۆكڵۆی سەر بە مێردین، بە بەشداریی ئەندامانی پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموكراتیكەكانی مێردین، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتە سیاسییەكان و ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان بەیاننامەیەك خوێندرایەوە.
هاوسەرۆكی دەبەپە لە مێردین، عەبدولسەلام توران وتی "كردارەكانی ئێران دژی گەلی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەركۆنە دەكەین".
