شارپرێس:
لەکاتێکدا کە دۆخی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر لێوارێكى لێڵو پڕ لەگرژیی ڕاوەستاوە، ڕاپۆرتێکی سەربازیی فەرمی لەواشنتۆنەوە وەک بومەلەرزەیەکی سیاسییو ئەمنیی ناوچەکە دەهەژێنێت، ڕاپۆرتی نوێی پشکنەری گشتیی ئەمریکا بۆ پرۆسەی (ئیرادهى پۆڵایین) زەنگێکی مەترسیی بێپێشینە لێدەداتو بەڕونی باس لەداڕمانی خێراو کۆتاییهاتنی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان ئەمریکاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات؛ هاوبەشییەک کە بۆ ماوەی 10 ساڵ پایەی سەرەکیی شەڕی دژ بەتیرۆر بوو لەناوچەکەدا.
بۆشاییەکی ئەمنی گەورەو هەستانەوەی توندڕەوی
بهگوێرهى شیکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە سەربازییە، کشانەوە یان سستبونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆنو هەسەدە، تەنها گۆڕانکارییەکی سیاسیی نییە، بەڵکو دروستکردنی بۆشاییەکی ئەمنی کوشندەیە لەسەر زەوی، ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات کە چەکدارانی (داعش) بەوردی چاودێریی ئەم لێکترازانە دەکەنو خۆیان ئامادەدەکەن بۆ قۆستنەوەی ئەم هەلە، بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیانو ئەنجامدانی هێرشی بەربڵاو کە سەقامگیریی تێکڕای ناوچەکە دەخاتە ژێر هەڕەشەی ڕاستەقینەوە.
چارەنوسی کەمپەکانو زیندانیانی داعش لەبەردەم مەترسیدا
لێکۆڵینەوەکە تیشکدەخاتەسەر دۆسیە هەرە ئاڵۆزەکە، کە ئەویش دۆسیەی هەزاران زیندانیی داعشو خێزانەکانیانە لەکەمپەکانی وەک هۆلو گرتوخانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، داڕمانی ئەم هاوپەیمانییە بەو مانایەیە کە هێزەکانی هەسەدە ئیتر ناتوانن بەتەنهاو بەبێ پاڵپشتی لۆجستیو داراییو سەربازیی ئەمریکا، کۆنترۆڵی ئەو "بۆمبە چێنراوانە" بکەن، ئەمەش مەترسیی ڕاکردنی بەکۆمەڵی چەکدارە مەترسیدارەکان بۆ نێو شارەکان چەند هێندە دەکاتەوە.
داهاتویەکی نادیار بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات
ئەو ڕاپۆرتە ئەمریکییە، کە ماڵپەڕی (الحل نت) بڵاویکردوەتەوە، نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەستراتیژیی واشنتۆن لەسوریادا، لەکاتێکدا کە بەرپرسانی سەربازیی هۆشداریی لەکارەساتی ئەمنی دەدەن، شەقامی کوردیو سوری لەباکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا بەنیگەرانییەوە دەڕواننە داهاتوو؛ داهاتویەک کە ئەگەر هاوپەیمانییەکە بەتەواوی تێكبچێت، ناوچەکە جارێکی دیکە ڕادەستی گێژاوی شەڕو گەڕانەوەی ڕێکخراوە توندڕەوەکان دەکاتەوە.
