نوجەبا ڕاده‌ستكردنى چه‌ك ڕەتدەکاتەوەو چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانیدەکەن

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1208 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەلەفی کۆنترۆڵکردنی چەک لەعێراق چوە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، دوای ئەوەی گۆڕانکاریی خێرا لەهەڵوێستی گروپه‌ چەکدارەکان‌و لایەنە سیاسییە شیعییەکان بەرامبەر بەپڕۆژەی حکومەت بۆ كۆنترۆڵكردنى چەک له‌دەستی دەوڵەت هاتەئاراوە.


بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی نوجەبا کە یەکێکە لەگروپه‌ دیارەکانی ناو به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌، دژایەتی توندی خۆی بۆ ئەم پڕۆژەیە ڕاگەیاند، شێخ نازم سەعیدی سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ ڕایگەیاند، دروشمی كۆكردنه‌وه‌و كۆنترۆڵكردنى چەک، بەکرداری بۆ ئامانجکردنی چەکی بەرگریی‌و حەشدی شەعبییە.

ئەکرەم کەعبی ڕێبەری بزوتنه‌وه‌كه‌، ئەمریکاو ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بەوەی لەپشت ڕیکلامکردن بۆ ئەم بابەتەوەن.

بەپێچەوانەی هەڵوێستی نوجەبا، چەندین هێزو گروپى سەرەکی دیكه‌ پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕێکارەکانی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران دەربڕیوە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعی، كۆتاییهاتنى پەیوەندیی هێزەکانی سەرایا سەلامی لەڕەوتەکەی‌و تەسلیمکردنی بەدەوڵەت ڕاگەیاند.

هاوكات عەسائیبی ئەهلی حەق‌و کەتیبەکانی ئیمام عەلی لیژنەی تایبەتیان بۆ جیاکردنەوەی هێزەکانیان لەحەشدی شەعبی‌و سەرژمێریی چەک‌و تەقەمەنی‌و گواستنەوەی فەرماندەیی بۆ ژێر دەستی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان پێکهێناوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعه‌كان پشتگیریی سیاسیی تەواوی بەخشیوەتە سەرۆک وەزیران بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە. لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایانکردوە، حکومەت بڕیاریداوە 35 هەزار هەلی کار بۆ ئەو چەکدارانە دابینبکات کە ڕازیدەبن چەکەکانیان تەسلیم بەدەوڵەت بکەن‌و بچنە ناو دامەزراوە فەرمییەکانەوە.