شارپرێس:
جەنگی نێوان ئەمریکاو ئێران پێدەنێتە چوارەمین مانگی خۆیەوە، لەکاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی کاتیی ڕوبەڕوی پێنج کێشەو بەربەستی سەرەکی بونەتەوە کە دیارترینیان دۆسیەی گەروی هورمزو پڕۆگرامی ئەتۆمییە.
داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لەسەرەتای جەنگەکەدا، شۆکێکی گەورەی لەبازاڕی نەوتو غازی جیهانیدا دروستکردوەو بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنییو خۆراک.
کردنەوەی گەروەکە پێشەنگی سەرەکی کارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە، بەڵام بەهۆی چاندنی مینی دەریاییو بەکارهێنانی درۆنو موشەکی کەناراوەکان لەلایەن ئێرانەوە، پرۆسەکە کاتی زۆری دەوێت، هاوكات ئێران داوای لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی دەکات.
ئەمریکا تاران تۆمەتباردەکات بەوەی دەیەوێت چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت، لەکاتێکدا ئێران جەختدەکاتەوە، بەرنامەکەی ئاشتییانەیە، لەئێستادا ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندوەتە 60%، هەرچەندە سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژەیان بەئەگەری کەمکردنەوەی پیتاندن بۆ 5%داوە لەوڵاتێکی دۆستدا، بەڵام هێشتا کێشەی چاودێریکردنی دامەزراوەکانو داهاتوی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
یەکێک لەداواکارییە سەرەکییەکانی پێش جەنگی ئەمریکا، سنوردارکردنی مەودای موشەکە بالیستییەکانی ئێران بوو بۆ ئەوەی نەگەنە ئیسرائیل، ئێران هێشتا خاوەنی کۆگایەکی گەورەی چەکەیەو ڕایدەگەیەنێت، مافی خۆپاراستنو چەکی نەریتی شایەنی دانوستان نییە.
ئابوریی ئێران بەهۆی سزا درێژخایەنەکانو گرژییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەوە لەمانگی کانونی دوەمدا زیانی گەورەی بەرکەوتوە، تاران داوای ئازادکردنی دەیان ملیار دۆلاری سڕکراوی نەوتەکەی لەبانکە بیانییەکانو قەرەبوی زیانەکانی جەنگ دەکات، لەکاتێکدا ترەمپ پێشتر بەتوندی دژی پێدانی پارەی سڕکراو بوە بەئێران.
ئێران مەرجی داناوە کە هەر ڕێککەوتنێک دەبێت پرسی جەنگی ئیسرائیل دژی حزبوڵڵا لەلوبنان لەخۆبگرێت، هەرچەندە مانگی ڕابردوو ئاگربەست ڕاگەیەندرا، بەڵام هێشتا پێشێلکاریی بەردەوامەو ئیسرائیلیش دژی هەر ڕێککەوتنێکی ئەمریکاو ئێرانە کە دەستکراوەیی وڵاتەکەی لەلوبنان سنوردار بکات.
