سەرمایەدارێکی تورک لەسەر بێڕێزیکردن بەژنانی کورد دادگایی دەکرێت

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

 

شارپرێس:

نوکتەیەکی رەگەزپەرستانەی گەورە سەرمایەدارێکی تورک دژ بە ژنانی کورد، کاردانەوەی گەورەی لە باکووری کوردستان و تورکیا لێکەوتەوە
داواکاری گشتیی تورکیا لە شاری ئزمیر لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیی لە دژی بازرگانی دیاری تورک و یەکێک لە دەوڵەمەندترین پیاوەکانی ئەو وڵاتە، ڕەحمی کۆچ، بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە توێژێکی گەل" دەستپێکرد. 

ئەم بڕیارە دوای شەپۆلێکی بەربڵاوی توڕەیی هات کە بەهۆی "نوکتەیەک"ی سەرۆکی فەخری کۆمەڵەی کۆچ هۆڵدینگ دروستبوو، کە وەک سوکایەتیی و نه‌ژادپەرستیی بەرامبەر بە ژنانی کورد لەقەڵەمدرا.

 لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەدا، ئەم بازرگانە تەمەن 95 ساڵە لە کاتی مەراسیمی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکدا ئەو نوکتەیە بۆ بن عەلی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا دەگێڕێتەوە.

 تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا پڕبوون لە ناڕەزایەتییەکی توند و هاشتاگی داوای لێبوردنکردنی کۆچ چالاککراوە، هاوکات لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانی ژنانی کورد بە توندی ئیدانەی ئەو کارەیان کرد.

 کۆمەڵەی ژنانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان لێدوانەکانی بە دژەژن و ڕەگەزپەرستی وەسفکرد، هەروەها پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری ناسراو، ڕووداوەکەی وەک کارێکی شەرمەزارکەر و بێڕێزییەکی گەورە بەرامبەر بە کەرامەتی مرۆڤ و ژنانی کورد ناوبرد.