زەنگی مەترسیى بۆ هه‌رێم لێدرا؛ ئەمریکا دەسەڵاتی ڕەها به‌بەغدا ده‌دات بۆ چه‌ند پرسێكى هه‌ستیار

کوردستان

17/06/2026‌ 12624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەنتەری گەشەپێدانى عێراق ورده‌كاریى گفتوگۆكانى نوێنه‌رى تره‌مپ له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵا ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تۆم باراك سێ په‌یامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی واشنتۆنی گه‌یانده‌ به‌رپرسانی عێراق كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌داهاتوی چه‌كی گروپه‌ چه‌كداره‌كان، كێشانی هێڵی نه‌وتی نوێ‌و سەرلەنوێ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌ولێر".


عەدنان محەمەد تەمیمی ئەندامی سەنتەری گەشەپێدانى عێراق له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى تۆم باراك نوێنه‌رى تایبه‌تى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ عێراق‌و سوریا، بۆ به‌غدا ئاشكرایكرد، "کۆمەڵێک پەیامی سیاسیی، ئەمنیی‌و ئابوریی پێبوو کە ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەی ئیدارەی ئەمریکایە بەرەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سروشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لەقۆناغی داهاتودا".

به‌وته‌ى تەمیمی، "سەردانەکەی باراک‌و کۆبونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران‌و ژمارەیەک لەسەرکردە سیاسییەکان، سەردانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو لەچوارچێوەی ڕێکخستنی پێشوەختەدا هاتوە کە سێ پەیامی سەرەکی هەڵگرتوە؛ یەکەمیان پەیوەستە بەئارەزوی واشنتۆن بۆ بونیادنانی گەڵاڵەیەکی نوێی پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا لەدۆسیە ئەمنیی، ئابوریی‌و داراییەکاندا، بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی ئەمریکا هەوڵدەدات پێشەنگییەکانی هاوکاریی لەگەڵ عێراق سەرلەنوێ ڕێکبخاتەوە، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت.

تەمیمی زانیارییه‌كى گرنگى ئاشكراكردوه‌و وتویه‌تى، "پەیامی دوەمى ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ى باراكه‌وه‌، بریتیبوو لەخێرا بونیادنانه‌وه‌ى پڕۆژەی ڕاکێشانی هێڵی بۆری نەوت کە عێراق بەسوریاوە دەبەستێتەوە، بەجۆرێک کە بەشداربێت لەبەهێزکردنی هاوکاری ئابوریی نێوان بەغداو دیمەشق‌و کردنەوەی ڕێڕەوی زیادە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق".

به‌بڕواى ته‌میمى، "ئەم دۆسیەیە بایەخێکی زۆر زیاترى پێده‌درێت له‌لایه‌نى ئه‌مریكیه‌وه‌ ئه‌ویش لەچوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی کە پەیوەستن بەهەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن‌و کەمکردنەوەی پشتبەستن بەڕێڕەوە نەریتییەکان‌و ئه‌و ڕێڕه‌وانه‌ى پێشتر عێراق پشتى بێبه‌ستون".

تەمیمی جەختیکردەوە، "دیارترین پەیام لەم سەردانەدا پەیوەستە بەدۆسیەی گروپە چەکدارەکان‌و كۆنترۆڵكردنى چەک لەدەستی دەوڵەتدا، واشنتۆن پێویستیی بەهێزکردنی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی دەبینێت بەسەر هەردوو دۆسیەی ئەمنی‌و سەربازیداو چەسپاندنی قۆرخکردنی هێز لەلایەن دەوڵەتەوە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئەم دۆسیەیە هێشتا وەک پێشەنگییەکی سەرەکی بۆ ئیدارەی ئەمریکا دەمێنێتەوە، کە وەک بنچینەیەک بۆ سەقامگیریی عێراق‌و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت سەیری دەکات".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى زانیارییه‌كانى تەمیمی-دا سەرنج بۆ ئەوە ڕاکێشراوه‌، سەردانەکەى باراك جگه‌ له‌وانه‌ى باسكران، ڕەهەندی دیكه‌شى هه‌یه‌ کە پەیوەستن بەسەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان بەغداو هەولێر، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت، "سەردانەکەی باراک بۆ هەولێر پەیامی تایبەتی بۆ هێزە کوردییەکان تێدایه‌ سەبارەت بەدیدگای واشنتۆن بۆ داهاتوی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی‌و هەرێم".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "باراک بڕوای بەپێویستی بونی ڕۆڵێکی گەورەتری بەغدا هەیە لەبەڕێوەبردنی هەندێک دۆسیە لەناو هەرێمی کوردستاندا، بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ دیدگای ئیدارەی ئەمریکا بۆ شێوازی پەیوەندی نێوان هەردولا".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه‌، مەبەستى ئاشكراكردنى ئه‌و زانیارییه‌ ئه‌وه‌یه‌، واشنتۆن چیتر پشتگیریی لەوە ناکات هەرێمی کوردستان بەتەنهاو بەسەربەخۆیی ڕەها دۆسیە گرنگەکانی وەک (نەوت‌و غاز، داهاتی خاڵە سنورییەکان، یان بڕیارە ئەمنییەکان) بەڕێوەببات، به‌ڵكو ئەمریکا دەیەوێت حکومەتی ناوەندیی لەبەغدا دەسەڵات‌و چاودێرییەکی ڕاستەوخۆو گەورەتری بەسەر هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەشێوەیەک کە بڕیاری کۆتایی لەدەستی بەغدادا بێت.

ئه‌وه‌ش ده‌وترێت، پێشتر واشنتۆن وەک قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆو پارێزراو سەیری هەرێمی كوردستانى دەکرد، بەڵام به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ته‌میمى كه‌ ئاشكرایكردون، ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ پێیوایە، بۆ بەرژەوەندیی ئەوان‌و سەقامگیری ناوچەکەش، باشترە تەنها مامەڵە لەگەڵ یەک حکومەتی بەهێزدا بکەن کە ئەویش بەغدایە، مەبەستەکەش ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت پێگەی بەغدا بەهێزتربکات لەسەر حسابی کەمکردنەوەی هەندێک لەدەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان.

تەمیمی ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه‌، هەفتەکانی داهاتوو گرنگ دەبن لەدیاریکردنی سروشتی کارلێککردن لەگەڵ پەیامەکانی ئەمریکادا، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبونەوەی سەردانە چاوڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیران بۆ کۆشکی سپی کە پێشبینیدەکرێت تێیدا باسی دۆسیە سیاسیی، ئەمنی‌و ئابورییە خاوەن بایەخە هاوبەشەکان بکرێت.

سەردانەکەی تۆم باراک بۆ عێراق لەکاتێکدادێت کە جموجۆڵێکی سیاسیی‌و دیپلۆماسی پەرەسەندوو لەنێوان بەغداو واشنتۆندا هەیە کە هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆکانی پەیوەست بەداهاتوی هاوکاری ئەمنی، دۆسیەی كۆنترۆڵكردنى چەک لەدەستی دەوڵەتداو پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی‌و هەرێمی کوردستان، سەرەڕای پڕۆژەکانی وزەو گواستنەوەی هەرێمی.

چاودێرانیش پێیانوایە، قۆناغی داهاتوو ڕەنگە شاهیدی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هەندێک لایەنی پەیوەندیی عێراق-ئەمریکا بێت بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسیی‌و ئەمنییەکانی ناوچەکەدا.