عەلی حەمەساڵح سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمپانیایەک‌و وەزیری گواستنەوە تۆماردەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ئاشكرایده‌كات، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنى حكومه‌تى هه‌رێم کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دەداتە دادگای نەزاهە، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و كه‌یسه‌ش بەهۆی واژۆکردنی گرێبەستێکی گوماناویه‌ کە تێیدا 76٪ی داهاتی سەرانەی سەر سنورەکان بۆ کۆمپانیاکە دەڕوات".


عەلی حەمەساڵح سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ئاشكرایكردوه‌، سکاڵایەکی یاسایی لەڕێگەی دەستەی نەزاهەوە دژی کۆمپانیای "جەوهەرەت ئەربیل"و وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومه‌تى هەرێمی کوردستان پێشکەش بەدادگا کردوه‌.

ده‌شڵێت، "کۆمپانیای ناوبراو لەئێستادا لەسەرجەم مەرزەکان دەستبەکاربوەو بۆ چونە دەرەوەی هەر هاوڵاتییەک بڕی 2500 دینارو بۆ گەڕانەوەش 2500 دینارو بۆ ئۆتۆمبێلیش بڕی پێنج هه‌زار دینار لەژێر ناوی "مەنەفێست" وەردەگرێت".

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەم ڕێکارە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییەو تەنها بۆ کۆکردنەوەی پارەو دواخستنی هاوڵاتییانە، چونکە هاوڵاتی پاسپۆرت‌و ڤیزای فەرمی پێیە".

هەر به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی نێو سکاڵاکەى عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، "گرێبەستی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنەوە واژۆکراوە، کە تێیدا 76٪ی داهاتی کۆکراوە بۆ کۆمپانیاکە دەڕوات‌و تەنها 24٪ی بۆ حکومەت دەبێت".