شارپرێس:
سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان لەبەغداوە ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، چوارچێوەی هەماهەنگی (لایەنە شیعەکان)و خودى تۆم باراك نێرده‌ى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا، دوا کات‌و مۆڵەتیان بۆ لایەنە کوردییەکان دیاریکردوە تا پەلەبکەن لەڕێککەوتن‌و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، چونکە بەغدا بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەدوبارەکردنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن یان بەردەوامبونی ئەم بۆشاییە سیاسییە نادات.
به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كان، هۆشدارییە مەترسیدارەکان‌و دەرهاوێشتەکانی دواکەوتنی پڕۆسەکە له‌به‌غداوه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، مۆڵەتی کۆتایی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێم مانگی ئابی 2026ه‌و هەر دواکەوتنێک هەرێم دەخاتە بەردەم گۆشەگیریی سیاسیی.
هه‌روه‌ك لایه‌نه شیعه‌كان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "بەغدا دەیەوێت پێش ناوەڕاستی مانگی تەمموزو سەردانەکەی عه‌لى زه‌یدیى سەرۆک وەزیران بۆ ئەمریکا، ناوماڵی فیدراڵی ڕێکبخاتەوە؛ دواکەوتنی هەرێم له‌پێكهێنانى حكومه‌ت‌و كارانه‌كردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌كه‌ى، پێگەی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لاوازدەکات".
لایەنە شیعەکان هۆشداریدەدەن، بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتیی‌و پارتی، ڕاستەوخۆ سەقامگیریی ئابوریی‌و دارایی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە، ئه‌وه‌شیان وتوه، "دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن جێگه‌ى قبوڵى حكومه‌تى عێراق نییه"، چاودێرانیش پێیانوایه، ئه‌م په‌یامه‌ى به‌غدا بەو مانایەیە کە ئەگەر لایەنە کوردییەکان ڕێکنەکەون‌و په‌نا بۆ ڕێكاره‌كانى دوباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن ببه‌ن بەغدا جگه له‌ڕه‌تكردنه‌وه‌ى، هاوكات ڕێکاریی یاسایی‌و دارایی توندتر بەرامبەر شایستەکانی هەرێم دەگرێتەبەر.
چاودێران پێیانوایە، ئەمە توندترین پەیامی بەغدایە بۆ هەولێرو داوا لەسەرکردایەتی سیاسیی کوردستان دەکرێت بەرپرسیارێتی مێژویی هەڵبگرن‌و بەرژەوەندییە باڵاکان نەكەنە قوربانیی ململانێی حزبی، چونکە دەرەنجامی ڕەهایی ئەم دواکەوتنە، تەنها به‌زیانی قبوڵی سیاسیی‌و پێگەی دەستوریی هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە.
هاوكات باس له‌وه‌شده‌كرێت، لەگەڵ ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ ئێران، دۆناڵد ترەمپ نوێنەری خۆی بۆ كاروباری عێراق‌و سوریا (تۆم باراك)ی رەوانەی عیراق كرد، مەبەست لەو هاتنە دوپاتكردنەوەی ئەجێنداو پلانی ئەمریكابوو بۆ قۆناغی دوای ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئێران‌و هاوكات پێدانی چەند ڕاسپاردەیەك بوو بەحكومەتی عێراق‌و هاوكات ڕونكردنەوەی هەڵوێستی وشنتۆن بوو بۆ كورد لەعێراق‌و سوریا.
ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه، لەهەرێمی كوردستانیش نیگەرانیی بەنوێنەری ئەمریكا ڕاگەیەنراوە سەبارەت بەوفشارانەی لەهەرێمی كوردستان دەكرێت بەتایبەتیش ناردنی درۆن‌و پەلاماردانی هەرێم لەڕێگه‌ی گروپە چەكدارەكانی نزیك ئێران لەناوچەكانی عێراق بێئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێك بێت لەململانێی نێوان ئێران‌و ئەمریكا.
ئەمریكاش لەپرسی پێكنەهاتنی حكومەتی هەرێم زۆر نیگەرانە، هەردولای لەدوبارە ڕێكخستنەوەی عێراق ئاگاداركردوه‌تەوە، بەڵام به‌گوێره‌ى لێدوانەكانی دوێنێی پارتى‌و یه‌كێتیى لەئاستی باڵا، پێدەچێت بارودۆخەكە زۆر ئاڵۆزتربێت لەوەی لەمیدیاكان باسدەكرێت، سەرباری پەیوەندیی‌و نامەگۆڕینەوەی هەردولا لەماوەی هەفتەی ڕابردوو، بەڵام ڕۆژى سێشه‌ممه لێدوانەكانی بەپرسانی هەردولا، بەتایبەتیش لێپرسراوانی پارتی، ئاڵۆزیی‌و ناكۆكیی قوڵی هەردولای ڕونكردەوە، هیوایەك هەبوو هەردولا كۆببنەوە، بەڵام به‌گوێره‌ى لێدوانەكانیان، ئه‌گه‌رى كۆبونه‌وه له‌ئارادانییه.
