سزاکانی ئەمریکا گەیشتنە بەریتانیا؛ تاقیکردنەوەیەک بۆ بێرنهام

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1844 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەپاندنی سزاکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بەسەر سەرکردەی ئیخوان (مەحمود ئەبیاری) کە نیشتەجێی بەریتانیایه‌، دۆسیەی ئەم کۆمەڵەیەی لەناو بەریتانیادا گەیاندە ئاستێکی نوێ لەگوشار، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتۆن لەقۆناغی ناساندنی لقە هەرێمییەکانی ئیخوان وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی، گواستییەوە بۆ بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆی سەرکردە دیارەکان کە چالاکییەکانیان لەناوخاکی بەریتانیاوە بەڕێوەدەبەن‌و پەیوەندییان بەتۆڕەکانی دابینکردنی دارایی نێوان چەند وڵاتێکەوە هەیە.


نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکان لەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای بەسەر ئەبیاریدا سەپاند کە وەزارەتەکە وەک سەرکردەیەکی دیاری کۆمەڵەی ئیخوانی میسرو ئەمینداری گشتیی ئەمانەی گشتیی کۆمەڵەکە وەسفیکردوە، هەروەها تۆمەتبارکراوە بەپشتگیریکردنی کۆکردنەوەی بەخشین بۆ ئەو دامەزراوانەی پێشتر واشنتۆن سزای دابون بەهۆی هەبونی پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس.

ئەم سزایانە سێ کەس‌و سێ دامەزراوەی دیكه‌شى گرتەوە، وەزارەتەکە ڕایگەیاندوە، ئەم تۆڕە ڕێکخراوەکانی خێرخوازیی‌و کەناڵە بانکییە نافه‌رمییەکانی بۆ گواستنەوەی پارە لەنێوان وڵاتە جیاوازەکاندا بەکارهێناوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەئامانجکردنی ئەبیاری بەشێکە لەهەڵمەتێکی فراوانتری ئەمریکا بۆ ڕاوەدونانی ژێرخانی دارایی کۆمەڵەی ئیخوان لەدەرەوەی سنورەکان.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی نزیک لەبازنەی دژەتیرۆری کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە، سزاکانی ئەمدواییە سەرەتای قۆناغێکی فراوانتری ئەمریکایە بۆ بەئامانجکردنی سەرکردەو ئەو ناوەندانەی کە وادەکەن تۆڕەکانی ئیخوان لەزیاتر لەوڵاتێکدا کاربکەن، ئاماژەی بەوەشکردوە، بەریتانیا پێگەیەکی گرنگى لەم قۆناغەدا هه‌یه‌، چونکە چەندین کەسایەتی‌و دامەزراوەی چالاکی سەر بەو کۆمەڵەیە ساڵانێکە لەوێ نیشتەجێن.

ئەو سەرچاوە ئه‌مریكیه‌ بۆ میدیاى ئیسرائیلى قسه‌یكردوه‌و وتویه‌تى، "ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەنیازە دوای تەواوکردنی پێکهێنانی تیمی ئەمنییەکەی، ئەم دۆسیەیە لەڕوی سیاسییەوە لەگەڵ حکومەتی ئاندی بێرنهام بکاتەوە، هاوکات کاتی پێویست دەدرێتە لەندەن بۆ پێداچونەوە بەبڕیارەکەی ئەمریکاو دەستنیشانکردنی ئەو ڕێگایانەی لەگەڵ یاساو ئەولەویەتە ناوخۆییەکانیاندا دەگونجێن".

سه‌رچاوه‌كه‌ پێشبینیكردوه‌، "واشنتۆن دەیەوێت سەرەتای هاوکارییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی بەریتانیا، لەسەر ئەو کەیسانە دەستپێبکات کە سەرکردەکانیان لەناوخاکی بەریتانیادا نیشتەجێن، بەڵام چالاکی‌و ڕێکخستنە نهێنیه‌كانیان لەدەرەوەی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن، ئامانجی ئەمریکاش لەم هەنگاوە ئەوەیە، ڕێگریی لەم سەرکردانە بکات خاکی بەریتانیا وەک حەشارگەیەکی ئارام بۆ ئاڕاستەکردنی تۆڕەکانیان بەکاربهێنن".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "واشنتۆن تاووتوێی هەنگاوەکانی داهاتوو دەکات کە کەسایەتی‌و دامەزراوەکانی سەر بەتۆڕەکانی ئیخوان لەچەند وڵاتێکی ئەوروپیدا دەگرێتەوە، هەروەها ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هەر کەیسێک بەجیا پێشکەشی حکومەتە پەیوەندیدارەکان دەکرێت به‌گوێره‌ى بارودۆخی یاسایی‌و سیاسیی خۆیان، شێوازی وەڵامدانەوەی حکومەتی بێرنهام-یش بۆ سزاکانی ئەمدواییە، دەبێتە پێوەرێک بۆ ئاستی ئەو هاوکارییەی کە دەکرێت لەمانگەکانی داهاتودا لەگەڵ لەندەن بونیادبنرێت.

سه‌رچاوه‌كان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، ئەم سزایانە دەسەڵات دەدەنە واشنتۆن بۆ چاودێریکردنی هەر مامەڵەیەکی دارایی کە بەدۆلار یان لەڕێگەی دامەزراوە ئەمریکییەکانەوە دەکرێت، هەروەها وەزارەتی گەنجینە هۆشداریدەداتە دامەزراوەو کەسایەتییەکانی دەرەوەی ئەمریکا لەتێوەگلان لەهەر مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو لایەنانەی ناویان لەلیستی سزادراواندایە، یان هاوکاریکردنیان بۆ دەربازبون لەو کۆتوبەندانەی بەسەریاندا سەپێنراون.

حکومەتی ئاندی بێرنهام لەسەرەتای دەستبەکاربونیدا ڕوبەڕوی تاقیکردنەوەیەکی پێشوەختە دەبێتەوە لەدۆسیەی ئیخواندا، ئەمەش دوای ئەوەی جوڵەکانی ئەمریکا لەپێداچونەوەی گشتییەوە گۆڕان بۆ سەپاندنی سزای ڕاستەوخۆ بەسەر کەسایەتی‌و ناوەندەکانی سەر بەتۆڕە کۆچەرەکانی کۆمەڵەکە، ئەم پێشهاتەش بەهای ئەم دۆسیەیە لەناو پەیوەندییە سیاسیی‌و ئەمنییەکانی نێوان لەندەن‌و واشنتۆندا بەرزدەکاتەوە.

هاوکات ئەم جوڵەیەی ئەمریکا، پاڵنەرێکی بەهێزی دیكه‌ دەداتە حکومەتی نوێی بەریتانیا بۆ ئەوەی دوبارە چاودێرییەکانی لەسەر ئەم تۆڕە سیخوڕیی‌و داراییانە لەناوخۆی وڵاتەکەیدا توندتر بکاتەوە، بەتایبەت بەهۆی هەبونی چالاکیی پەرەسەندوو لەڕێگەی دامەزراوەو کەسایەتییەکەوە کە لەنێوان چەند وڵاتێکدا کاردەکەن‌و پەیوەندیی ڕێکخراوەیی‌و داراییان لەدەرەوەی سنورەکان پاراستوە.

ئەم ڕێڕەوە لەندەن دەخاتە بەردەم قۆناغێک کە پێویستی بەبڕیارێکی سیاسیی ڕون هەیە سەبارەت بەئاستی هاوکارییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، هەروەها دیاریکردنی سنورەکانی گواستنەوە لەچاودێریکردنی کەیسە تاکەکەسییەکانەوە بۆ تێڕوانینێکی بەرفراوانتر بۆ بنچینەی تۆڕەکانی ئیخوان کە زیاتر لەوڵاتێک بۆ هاتوچۆ، دابینکردنی دارایی‌و بونیادنانی پەیوەندییەکان بەکاردەهێنن.

جۆناسان لێز ڕۆژنامەنوسی بەریتانی له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆچونى خۆى خستوه‌ته‌ڕوو ده‌ڵێت، "سەرەکیترین تەحەدا لەبەردەم حکومەته‌كه‌ى بێرنهام، پەیوەندیی بەتوانای تۆڕەکانی ئیخوانەوە هەیە لەبەکارهێنانی کۆمەڵەکان، سەنتەرەکانی توێژینەوەو پلاتفۆڕمەکانی مافی مرۆڤ بۆ فراوانکردنی ئامادەیی سیاسییان لەناو بەریتانیادا، ئەمەش بەسودوەرگرتن لەفراوانبونی ناوە یاساییەکان‌و ناڕونی لەچاودێریکردنی پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکانی نێوان دامەزراوەکاندا".

لێز ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "ئیسلامی سیاسیی لەساڵانی ڕابردودا دەسەڵاتێکی زیاتر لەقەبارەی ڕاستەقینەی خۆی کۆکردوەتەوە لەڕێگەی چونە ناو بازنەکانی ڕاوێژکاری گشتیی، دامەزراوە خۆجێییەکان‌و زانکۆکان، ئەمەش وا دەخوازێت حکومەتی نوێ پێداچونەوە بەو لایەنانەدا بکات کە سیفەتی هاوبەشیان پێدراوە لەدۆسیەکانی تێکەڵاوبونی کۆمەڵایەتی، توندڕەویی‌و پەیوەندییە دەرەکییەکاندا".

ئەو پێیوایە، "بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی کاریگەر، پێویستە تەواوی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی ئەم دەزگایە ئاشکرابکرێت‌و چاودێرییەکی توند بخرێتەسەر سەرچاوەکانی دارایی‌و ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییانەی کە لەدەرەوەی سنورەکان کاردەکەن".

لەهەمانکاتدا، کاریگەریی جوڵەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ دەرەوەی بەریتانیاش درێژدەبێتەوە، چونکە سزاکانی ئەمریکا باسی تۆڕێک دەکەن کە لەنێوان به‌ریتانیاو وڵاتانی دیكه‌دا دابەشبوە، ئەمەش واشنتۆن هانده‌دات وەک سیستمێکی بەیەکەوە بەستراو لەنێوان ناوەندو نێوەندگیرەکاندا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکات، لەجیاتی ئەوەی تەنها لەناو یەک وڵاتدا سنورداری بکات.

سەرچاوە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەداوه‌، لەقۆناغی داهاتودا بەدوای ئەم هەنگاوەی ئێستا، جوڵەی سیاسیی لەگەڵ لەندەن‌و پایتەختەکانی دیكه‌ى ئەوروپا دێت، ئامانج لێی بەرزکردنەوەی دۆسیەی تۆڕەکانی ئیخوانە لەناو پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا‌و پێدانی ئەولەویەتی زیاترە لەگفتوگۆکانی تایبەت بەبەرەنگاربونەوەی توندڕەویی‌و دەسەڵاتی دەرەوەی سنورەکان.

ڕونیشیکردەوە، "واشنتۆن دەیەوێت هەڵوێستێکی یەکگرتوی ڕۆژئاوایی دژی ئەم کۆمەڵەیە دروستبکات، بۆ ئەمەش هانی وڵاتان دەدات پێداچونەوە بەچالاکیی سەرکردەو دامەزراوەکانی ئیخواندا بکەن، بەڵام بڕیاردان لەسەر جۆری سزاکان بۆ خودی وڵاتەکان خۆیان جێدەهێڵێت تا به‌گوێره‌ى یاسا ناوخۆییەکانیان بڕیاری لێبدەن".

به‌بڕواى سه‌رچاوه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌، حکومەته‌كه‌ى ئاندی بێرنهام ڕەنگە ببێتە هاوبەشێکی سەرەکی لەم پرۆسه‌یه‌دا، بەهۆی قورسایی بەریتانیا لەناو ئەوروپاو خاوەندارێتی لەئەزمونێکی درێژخایەن لەچاودێریکردنی ئیسلامی سیاسیدا، لەلایەکی دیكه‌وه‌ ئیدارەی ئەمریکا پەرەپێدانی جوڵە ئەوروپییەکەی دەپێوێت به‌گوێره‌ى ئەو ئاستی هاوکارییەی کە لەگەڵ لەندەن لەهەفتەکانی داهاتودا گەڵاڵە دەبێت.