شارپرێس:
عەبدولکەریم عومەر نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لەدیمەشق ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەرو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەستراوەتەوە بەتەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوە دوای تەواوبونی پرۆسەی یەکگرتنەوەی دامەزراوەکانو چونی هەسەدەو یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بۆسەر وەزارەتی بەرگریی سوریا جێبەجێدەکرێت.
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی خۆسەر جەختیکردوهتهوه، هێنانەدی سەقامگیریی تەنها بەتێکەڵکردنی ئیداریی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بەدەستەبەرکردنی مافەکانی کوردو سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی سوریا هەیە.
جەختی لەبونی ئیرادەیەکی جددی لەلایەن هەردولاوە کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی مانگی کانونی دوەمی ڕابردوو، بەبێ گوێدانە بەردەوامیی جیاوازییەکان لەسەر کۆمەڵێک دۆسیە.
عومەر ئهوهشى وتوه، "هێزە سەربازییو ئەمنییەکان بەتەواوی لەناو وەزارەتەکانی بەرگرییو ناوخۆدا تێکەڵکراون، لەکاتێکدا پرۆسەی تێکەڵکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان هێشتا بەردەوامەو پێشنیازکراوە بخرێنەسەر وەزارەتی ناوخۆ وەک تیمێکی تایبەت بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر".
سەبارەت بەدۆسیەی پەروەردەش، ناوبراو باسی لەوەکردوه، پێشنیازێک لەسەر مێزی سەرۆک کۆمارە بۆ وەرگێڕانی پڕۆگرامەکانی خوێندنی سوریا بۆسەر زمانی کوردی.
ئاماژەی بەوەشداوه، میتۆدی پێکهێنانی پەرلەمانی ئێستای سوریا نوێنەرایەتییەکی پێویستی بۆ کوردو ژنان دابین نەکردوەو داوای دیالۆگێکی سیاسیی کرد کە پێش پێکهێنانی لیژنەی داڕشتنەوەی دەستور ئەنجامبدرێت.
