شارپرێس:
عێراق لەئێستادا بەقۆناغێکی
سەختی تەنگژەی داراییو کەمبونهوهى سیولەدا تێپەڕدەبێت كه بوەتە هۆی تێکچونی
هاوسەنگی دارایی گشتییو دروستکردنی فشارێكى توند لەسەر خشتەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران،
بهگوێرهى نوێترین داتاکانی چاودێری ئابوریی، قەبارەی دراوی عێراقی چاپکراو
(الإصدار النقدی) بازدانێکی بێپێشینەی تۆمارکردوەو کۆی گشتیی گەیشتوەتە زیاتر لە
113.560 ترلیۆن دینار.
حکومەتی عێراق مانگانە
پێویستی بەزیاتر لەههشت ترلیۆن دینار هەیە تەنها بۆ دابینكردنى خەرجی موچە، خانەنشینیو
تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ئامارە فەرمییەکانی پێنج مانگی یەکەمی ساڵ دەریدەخەن کە
دۆخی دارایی گەیشتوەتە هێڵی سور، بهشێوهیهك کۆی داهاتەکان 33.747 ترلیۆن دینارهو
لهبهرامبهریشدا خهرجیى بریتیه له45.070 ترلیۆن دینار، ههروهها کورتهێنانی ڕاستەقینەش
گهیشتوهته 11.323 ترلیۆن دینار لەماوەی تەنها پێنج مانگدا.
ئەم کورتهێنانە گەورەیە
لەکاتێکدایە کە داهاتی نەوت هێشتا 84%ى سەرچاوەی دارایی وڵات پێکدەهێنێت، بەهۆی کێشەکانی
هەناردەکردنو ناجێگیری بازاڕی وزەوه، گەنجینەی دەوڵەت ڕوبەڕوی کەمییەکی توندی دیناری
عێراقی بوەتەوە.
لەکاتێکدا کە شهقامو
ناوەندە ئابورییەکان هۆشداریدەدەن لەمەترسی خستنەبازاڕی دراوی نوێی بێبەرامبەر یان
چاپکردنی بەلێشاوی پارە، بانکی ناوەندیی عێراق ڕونکردنەوەی ناچارکەر دەداتو دهڵێت،
"پڕۆسەکە بریتییە لەداشکاندنی حەواڵەکانی گەنجینە (خصم حوالات الخزینه) نەک
چاپکردنی بێسەروبەر".
بانکی ناوەندی جەختدەکاتەوە،
"ئەمە ئامرازێکی نەختینەیی کاتییو ڕێکخراوە کە وەک قەرز دەدرێتە حکومەتو دەبێت
لەکاتی دیاریکراودا بگەڕێنرێتەوە"، بەڵام هاوکات هۆشداریشدەدات کە ناتوانرێت
ئەم ڕێگهیە بکرێتە سەرچاوەیەکی هەمیشەیی بۆ دابینکردنی خەرجییەکان.
لهوبارهیهوه مەحمود
داغر پسپۆڕی داراییو بەڕێوهبەری گشتیی پێشوو لەبانکی ناوەندیی عێراق، ئاماژە بەوەدەکات،
عێراق لەئێستادا هیچ بژاردەیەکی دیكهى نمونەیی لەبەردەستدا نییە؛ نە سندوقی سیادی
هەیەو نە یارمەتی دەرەکیش، بۆیە حکومەت ناچارە خراپ لەخراپتر هەڵبژێرێت کە ئەویش بەکارهێنانی
ئەم سیولە کاتییەیە.
مەحمود داغر باس لهوهشدهكات،
"ئەگەری هەیە ئەمجۆرە سیاسەتە نەختینەییە (زیادبونی بڕی دیناری چاپکراو) ببێتە
هۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانو دروستکردنی فشارى گهوره لەسەر یەدەگی دراوی بیانی
(ئاڵوگۆڕی دۆلار)، بهواتاى ئهوهى، فشار لەسەر یەدەگی بیانی ڕاستەوخۆ مەترسییە بۆ
سەر جێگیریی بەهای دینار".
هاوکات، ڕاپۆرتە ئابورییە
نێودەوڵەتییەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری توند دەدەن، بەردەوامبونی ئەم
دۆخەو زیادبونی بارگرانیی قەرزی ناوخۆیی، عێراق بەرەو مەترسی هەڵاوسانی گەورە، بەرزبونهوهی
نرخەکانو دابەزینی هێزی کڕینی هاوڵاتیان دەبات کە دواجار دەبێتە هۆی پاشەکشێی خێرای
ئابوریی وڵات.
بهبڕواى شارهزایانى
ئابوریى، بۆ دەربازبون لەم تەنگژە کاتییە، حکومەتی عێراق چهند ههنگاوێك دهگرێتهبهر
ئهوانیش، قەرزی ناوخۆیی، بۆ ئهوهش دەستپێکردنی پڕۆسەی قەرزکردنی زیاتر لەسێ ترلیۆن
دیناره لەبانکە ئەهلییەکان بۆ دابینکردنی موچەی مانگەکانی داهاتوو، یان کەمکردنەوەی
خەرجی غەیرە پێویست، ئهویش بهواتاى ڕاگرتن یان دواخستنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە لاوەکییەکان،
كۆتا ههنگاویش قەرزی دەرەکییه وەک بژاردەیەکی کۆتایی ئەگەر کێشەکانی هەناردەی نەوت
بەردەوامبن.
چاودێران پێیانوایە، ئەم
ڕێوشوێنانە تەنها وەک پردێکی کاتیی دهتوانرێت کاریان پێبكرێت بۆ دهربازبون لهقهیرانێكى
قورس، بەڵام بەبێ چاکسازیی ڕیشەیی لەبنهبڕكردنى گەندەڵی، ڕێکخستنی میلاکاتی فەرمانبەرانو
هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، سیستەمی دارایی عێراق لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدایە.
