شارپرێس:
بەرپرسێکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) ئاشكرایكرد، لەشاری هەولێر، هەوڵی تیرۆرکردنی (موکری حسێن یەزدانپەنا)، کوڕی سکرتێری گشتیی حزبەکەیان دراوە، دهشڵێت، "ناوبراو بەهۆی تەقەکردنەکەوە بەسەختی برینداربوەو لەئێستادا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە".
دهنگى ئهمریكا لهزارى بەرپرسێكى پارتی ئازادی كوردستانهوه بڵاویكردوهتهوه، "نزیکەی کاتژمێر 1:30 خولهكی شەو لەشاری هەولێر تەقە لەموکری حسێن یەزدانپەنا (27 ساڵان) کراوە، ناوبراو تاقانەی سکرتێری گشتییەو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە".
لاى خۆیشیهوه حسێن یەزدان پەنا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ههواڵهكهى پشتڕاستكردوهتهوهو نوسیویەتی، "موکری، تاقانەکەی دایکو باوکی، کەمتەمەنترین پێشمەرگەی شەڕی داعشو پردێ؛ پێویستی بەنزای ئێوەیە".
ئەو هێرشە لەکاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشدارییاندابوو لەهەوڵەکانی ئێران بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانیان لەڕێگەی بەکرێگیراوانەوە، هاوکات، دوێنێ لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێدوانێک بەناوی ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بڵاوکرایەوە کە تێیدا دهنگۆى ئەنجامدانی 14 ئۆپەراسیۆنی کۆماندۆیی لەهەولێرو سلێمانی کرابوو؛ هەرچەندە تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەو دهنگۆیانهى پشتڕاستنەکردوەتەوە.
