شارپرێس:
هەوڵەكان لەناو پەرلەمانی عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بەدۆخی دارایی و پرسی دابینکردنی موچەی فەرمانبەران دەستیپێكردوەو بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەكە بەئامادەبونی وەزیری دارایی عێراق بكرێت.
سائیر کەعبی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،"148 پەرلەمانتار داواکارییەکی فەرمییان واژۆ کردوەو ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردوە بۆ بەستنی کۆبونەوەیەکی نائاسایی".
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ناوچەکە بەئاراستەیەکی مەترسیداردا دەڕوات و ئەمەش پێویستی بەهەڵوێست هەیە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، کۆبونەوەکە تەنها بۆ تاووتوێکردنی هێرشە ئەمنییەکانی ئەمدواییە نییە، بەڵکو تەوەرێکی سەرەکی تایبەت دەبێت بەدۆخی دارایی و پرسی موچە، چونکە پێویستە ڕاستی دۆخی ئابوریی وڵات بۆ خەڵک و پەرلەمان رون بێتەوە.
جەختیشی کردەوە، پەرلەمان پاڵپشتی حکومەت دەکات و ئامادەیە هەر یاسایەک دەربکات کە یارمەتیدەربێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.
ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر فالح ساری وەزیری دارایی عێراق داوای لەپەرلەمان كرد میوانداريی بكات بۆ كۆبونەوە لەبارەی ڕێكارەكانی بەرەنگاربونەوەی دۆخی دارایی وڵات.