شارپرێس:
ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆشدارییەکی توند لەبارەی داڕمانی ژینگەی وڵات دەدات و ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی 30 ساڵی ڕابردودا عێراق ڕوبەڕوی 15 جۆر کارەساتی کەشوهەوایی، ژینگەیی و مرۆیی بوەتەوە، کە بونەتە هۆی داڕمانی مەترسیداری سەرچاوە سروشتییەکان و دەڵێت، "دەبێت بەپەلە باری لەناكاو ڕابگەیەنێت".
بەگوێرەی ڕوانگەی عێراقی سەوز كەڕاپۆرتێكی وردی بڵاوکردوەتەوە، زانیارییە نیشتمانییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 55.5%ی ڕوبەری خاکی عێراق ڕوبەڕوی مەترسیی ڕاستەوخۆی بەبیابانبون بوەتەوە، هاوکات رێژەی خاکی تێکچوو داڕماو گەیشتوەتە 23.2%ی کۆی خاکی وڵات، هەروەها جەخت لەوەکراوەتەوە، رێژەی گەردەلولی خۆڵبارین، وشکبونی زۆنگاوەکان و سوێربوی خاک بەشێوەیەکی بەربڵاو زیادیانکردوە، ئەمەش بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی توشی داڕمانکردوەو گوشارێکی سەختی خستوەتەسەر سەرچاوەکانی ئاو.
ڕوانگەكە، کارەساتەکانی ژینگەی عێراقی لەچوار تەوەری سەرەکیدا پۆلێنکردوە، کە بريتین لە:
- کەشوهەواو ژینگە: لەوانە وشکەساڵی بەهۆی کەمبونەوەی ڕژانی ئاوی ڕوبارەکان، گەردەلولی خۆڵبارین، شەپۆلی گەرمای توندو لافاو.
-خاک و ئاو: سوێربونی خاک، تێکچونی کوالێتی ئاوو وشکبونی زۆنگاوەکان.
-کاریگەرییە مرۆییەکان: لێکەوتە ژینگەیییەکانی جەنگەکان، پیسبونی نەوتی و پیشەسازيی، لەگەڵ راماڵینی زەویە کشتوکاڵییەکان.
-زیانە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان: بڵاوبونەوەی نەخۆشی بەهۆی ئاوی پیس، کۆچی ناوخۆیی دانیشتوان بەهۆی وشکەساڵی و لەدەستدانی ئاسایشی خۆراک.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆشداریداوە کە بەردەوامیی ئەم کارەساتانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی هاوڵاتیان، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دۆخەش، داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە بەپەلە بارودۆخی لەناکاوی کەشوهەوا ڕابگەیەنن، پلانی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی بەبیابانبون و دارستانکاريی بکەنە کاری لەپێشینە، لەگەڵ نوێکردنەوەی سیستەمی ئاودێريی و پێکهێنانی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ بەڕێوەبردنی مەترسیی کارەساتەکان.
