شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هەژمارکردنی خزمەتی سەربازی و ئەمنی
(ساڵێک بە دوو ساڵ) پەسەند دەکات، دەشڵێت، بەڵام مەرجێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە
دانراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی
بەوەکرد،" ئەنجومەنی وەزیرانی
هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت بە چۆنیەتی ڕێکخستنی ماوەی خزمەت،
ڕەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی کۆنوسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی
(ساڵێک بە دوو ساڵ) "دوو چەندانە" دەربڕی ".
ئەوەشیخستەڕوو، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاژە و
پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی گشت دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی
هەرێم دراوە.
بەپێی ناوەرۆکی نوسراوەکە کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە
و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی
هەرێم کراوە، ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە ڕێکەوتی ٤ی تەممووزی 1992، لە ڕاگەیاندنی
یەکەم کابینەی حکومەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایهێنان بە ڕاژەکانیان. هەروەها پاڵپشت
بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێک
بە دوو ساڵ تا ڕێکەوتی 31ی کانوونی یەکەمی 2024 دیاریکراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت،" پرۆسەی هەژمارکردنی ئەم
خزمەتە بە مەرجێک دەبێت کە کارمەند یان ئەفسەرەکە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە موچەی بنەڕەتی
بداتەوە، واتا هەر پێشمەرگەیەک پێویستە %10ـی موچەی بنەڕەتیی 10 ساڵ بداتەوە کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیۆن و 936 هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش بڕەکە دەگاتە شەش
ملیۆن و 336 هەزار دینار.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی
ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێکی ئارەزومەندانەیە، بەجۆرێک کە پێویستە فەرمانبەر
یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاری فەرمی بۆ هەژمارکردنی ئاراستەی فەرمانگەکەی بکات.
سەبارەت بە گواستنەوەی ڕاژە، بڕیارەکە جیاوازی لەنێوان سێکتەرەکاندا
دەکات؛ بەجۆرێک ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنیەکانەوە ڕاژەکەیان بۆ بەشی شارستانی
گوێزراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە. بەڵام
ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکانی وەک پێشمەرگە،
ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ
بۆ دەپارێزرێت.
