له‌باره‌ى چه‌كى گروپه‌كانه‌وه‌.. تاران په‌یامى به‌په‌له‌ ده‌نێرێت‌و بەریتانیاش دەڵێت: باوەشتان بۆ دەگرینەوە

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6996 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆسیەی سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی 30ی ئەیلول دەچێتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە جموجۆڵە سیاسییە ناوخۆییەکان‌و پەیامە هەرێمییەکان پاڵ بەوەوە دەنێن کە خۆ لەهەر جۆرە پێکدادانێکی نێوان حکومەت‌و گروپە چەکدارەکان بەدوربگیرێت، لەبەرامبەریشدا هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە کە داوای کۆتاییهێنان بەچەکی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان دەکەن، هاوکات هەندێک لەهێزە سیاسییەکان بژاردەی "بەدامەزراوەییکردنی" چەکی گروپەکان پێشنیازدەکەن لەبری لێسەندنەوەی ڕاستەوخۆیان، له‌م نێوه‌نده‌شدا په‌یامى به‌په‌له‌ى تاران گه‌یشته‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، بەرپرسێکی ئەمنیی ئێرانی پێش گەیشتنی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بەشێوەیەکی ڕانەگەیەندراوو به‌په‌له‌ سەردانی بەغدای کردوەو پەیامێکی گەیاندوەتە هێزە سیاسییە شیعەکان‌و گروپە چەکدارەکان، لەپەیامەکەدا داواکراوە، خۆیان لەڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ حکومەت بپارێزن‌و پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن، چونکە پێکدادان خزمەت بەبەرژەوەندیی هیچ لایەنێک ناکات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم جموجۆڵەی ئێران بەواتای دەستبەرداربون لەگروپەکان یان کۆتاییهێنان بەڕۆڵیان نایەت، بەڵکو ئامانج لێی ڕێگریکردنە لەخلیسانی عێراق بەرەو ململانێیەکی ناوخۆیی‌و ڕەخساندنی زەمینەیە بۆ گفتوگۆ دەربارەی داهاتوی گروپەکان‌و پەیوەندییان بەدەوڵەتەوە، ئێستاش چەند پێشنیازێک لەئارادان بۆ ئەوەی بەشێک لەو چەکانە بخرێنە ژێر سەرپەرشتیی دامەزراوە فەرمییەکان‌و سنورێک بۆ چالاکییە سەربازییە سەربەخۆکان دابنرێت.

لەبەرامبەردا، عیرفان سدیق باڵیۆزی پێشوترى بەریتانیا (2021 تا 2023) لەعێراق هۆشداریداوه‌ لەمەترسییەکانی بەردەوامی ئەوەی کە بە "چەکی بێسەروبەر" وەسفیکردو ده‌ڵێت، "ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، ناوچەکەو ئەوروپاش، ئەگەر تەسلیمکردنی چەکەکان ڕەتبکرێتەوە، ڕەنگە ببێتە هۆی پێکدادانی چەکداریی".

دیبلۆماتكاره‌ به‌ریتانیه‌كه‌ ئاماژەی بەوەشکردوه‌، هەندێک لەگروپەکان پابەندی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران نین، بەڵام ئەگەر چەکەکانیان تەسلیمی دەوڵەت بکەن‌و لەچوارچێوەیەکی فەرمیدا کاربکەن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

لەنێوەندی ئەم مشتومڕانەدا، حامید عەباس موسەوی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر له‌په‌رله‌مانى عێراق دیدگایەکی خستەڕوو کە لەسەر بنەمای "بەدامەزراوەییکردنی" چەک بونیادنراوە لەبری پەنابردن بۆ پێکدادان.

موسەوی پێیوایە، چارەسەری ئەم دۆسیەیە بەلۆژیکی پێکدادان‌و پەراوێزخستن نابێت، بەڵکو لەڕێگەی "بەدامەزراوەییکردن، گفتوگۆو تەواوکارییەوە" دەبێت، بەشێوەیەک کە توانا سەربازییەکان بگوازرێنەوە بۆ چوارچێوە فەرمییەکان‌و ماف‌و قوربانییەکانی ئەندامانی ئەو گروپانەش پارێزراوبن.

ناوبراو دەشڵێت، "دەستەی حەشدی شەعبی دەتوانێت ببێتە ئەو ڕێڕەوەی کە هێزە چەکدارەکان تێیدا لەناو دامەزراوەیەکی فەرمیدا جێگیربکرێن، بەمەرجێک دەستەکە لەڕوی یاسایی‌و دامەزراوەییەوە بەهێزتر بکرێت".

هەروەها ئاماژەی بەگرنگی ئەو لیژنەیە کرد کە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەرۆکایەتی هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر پێکهێنراوەو هیوایخواست ئەم لیژنەیە بتوانێت تێڕوانینەکان لەیەکدی نزیکبکاتەوەو بگاتە ڕێککەوتنێکی جێبەجێکراو لەنێوان حکومەت‌و هێزە پەیوەندیدارەکاندا".

موسەوی پرسی ڕێکخستنی چەکی بەتەواوبونی کشانەوەی هێزە بیانییەکانەوە گرێداو پێیوابوو، وادەی 30ی ئەیلول دەبێت وێستگەیەکی سەرەکی بێت لەم ڕێڕەوەدا، ئەو سێ تەوەری بۆ گفتوگۆ پێشنیازکرد، یه‌كه‌م بەدامەزراوەییکردنی چەک لەناو دەزگا فەرمییەکان، دوه‌م گرێدانی ئەمە بەپرسی سەروەریی‌و توانا بەرگرییەکانی دەوڵەت، سێیه‌میش دابینکردنی پاڵپشتیی سیاسیی‌و یاسایی بۆ کارەکانی لیژنەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، هەندێک لایەنی سیاسیی هەڵوێستێکی توندتریان بەرامبەر داماڵینی چەکی گروپەکان هەبوە، له‌و ڕوه‌وه‌ ئیبراهیم سکینی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندوە، پێویستە حکومەت هاوشانی ئەمانە، دۆسیەی ئەو چەکانەش چارەسەربکات کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئەودان لەهەرێمی کوردستان‌و ناوچەکانی ڕۆژئاواى عێراق، جگە لەکۆتاییهێنان بەبونی سەربازیی بیانی.

هەروەها فالح خەزعەلی سەرۆکی فراکسیۆنی مونتەسیرون لەپەرلەمانى عێراق جەختیکردوه‌ته‌وه‌، داواکاری بۆ سنوردارکردنی چەک دەبێت هاوکات بێت لەگەڵ کۆتاییهێنان بەبونی سەربازیی ئەمریکا، چونکە بەوتەی ئەو "سەروەریی وڵات بەویست‌و ئارەزوو دابەشناکرێت".