دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیل هۆشداریدەدەنە ناتانیاهۆ خۆى بەدوربگرێت لەلێدوانی توند دژ بەتورکیا

جیهان

57 خولەک پێش ئێستا‌ 1121 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دامەزراوەی ئەمنیی لەئیسرائیل نیگەرانە لەلێدوانە ئاشکراکانی بنیامین ناتانیاهۆو یسرائیل کاتس دژی تورکیا، هۆشداریدەدات، لەوەی ئەم قسانە گرژیی نا پێویست لەگەڵ ئەنكەرە دروستبکەن، ئەوەش لەکاتێکدایه‌ ئیسرائیل چاودێری هەوڵەکانی تورکیا دەکات بۆ قوڵکردنەوەی هەژمونی لەسوریاو خۆی بۆ ئەگەری کردەوەی سەربازیی لەداهاتودا ئامادە دەکات.


گرژییەکانی نێوان تورکیاو ئیسرائیل بەهۆی پەلاماری فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لەبەرەبەیانی سێشەممە بۆسەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوھور لەئیدلب زیادیان کرد کە 70 کیلۆمەتر لەسنوری تورکیاوە دورە، سوپای ئیسرائیل باسی لەوەکرد، ئەو هێرشەی بۆ ڕێگریکردن لەبەهێزبونی پێگەی تورکیا لەو وڵاتەدا ئەنجامداوە.

سەرەڕای ئەوە، کاربەدەستانی ئەمنیی ئیسرائیل پێیان باش بوە پرۆسەکە بەنهێنی بمێنێتەوە تا نەبێتە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ، بەڵام سەرکردە سیاسییەکان هێرشی توندیانکردەسەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ کاتس ڕایگەیاند کە ئەردۆغان تورکیا بەرەو سەرکێشی مەترسیدار دەبات‌و ناتانیاهۆش بە"دیکتاتۆری دژە سامی" ناوی بردو تۆمەتباریکرد بەتاوان دژی کوردو پشتیوانیکردنی حەماس.

ئەم لێدوانانە بونە هۆی نیگەرانی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل، چونکە بڕوایانوایە، لێدوانی توند دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، لەکاتێکدا ئەگەری هەیە ئیسرائیل پێویستی بەپرۆسەی زیاتربێت دژی هەژمونی تورکیا لەسوریا.

دەزگای ئەمنیی ئیسرائیل ترسی هەیە ئەم ئاڵۆزییانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنکەرە تێکبدەن‌و پێیان باشترە چالاکییەکان لەپشت پەردەوە ئەنجامبدرێن.