ئێران هۆشداریدەداتە ئەمریکاو ستراتیژی هێرشی پێشوەختە ڕادەگەیەنێت

جیهان

50 خولەک پێش ئێستا‌ 2138 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تاران زەنگی ئامادەباشییەکی توندی سەربازیی لێدەدات‌و وتەبێژی سوپای ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت، "ئەگەر هەست بەهێرشێکی نزیک بکەین، پێشوەختە دەستپێشخەری دەکەین‌و هێرشدەکەینەسەر دوژمن"، هاوکات سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ش هۆشدارییه‌كى توند دەداتە کۆشکی سپی‌و ڕوی دەربڕینی دەکاتە سەرکردایەتی ئەمریکاو دەڵێت، "تاقی بکەنەوە تا وەڵامەکەمان بچێژن".


ئێران جەختدەکاتەوە، وەڵامەکەی بۆسەر هەر دەستدرێژییەک زۆر توندو خێرا دەبێت، ئامادەیی خۆیشى نیشاندەدات بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە ئەگەر هەست بەمەترسییەکی نزیک بکات. ئێران هۆشداریداوە لەهەر دەستدرێژی یان "سەركێشییەک" کە ئاسایش‌و سەقامگیرییەکەی بکاتە ئامانج، بەرپرسانی سەربازیی‌و ڕامیاریی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندوە، لەئامادەباشیی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەیەکی توندو خێراو ئامادەن بۆ وەشاندنی گورزی پێشوەختە ئەگەر هەست بەهەر هەڕەشەیەکی نزیک بکەن.

لەو چوارچێوەیەدا، عەمید محەمەد ئەکرەمی نیا وتەبێژی سوپای ئێران ڕایگەیاندوه‌، "ئەگەر بزانین هێرشی دوژمن نزیکە، بەدڵنیاییەوە هێرشی پێشوەختە ئەنجامدەدەین".

عەمید نیا ئامادەیی ئه‌وه‌شى نیشانداوه‌، وڵاته‌كه‌ى لەڕابردودا ستراتیژیی هێرشی پێشوەختەی بەکرداری لەکاتی شەڕدا جێبەجێکردوە، ئەویش لەڕێگەی نیشانەکردنی بنکەکانی نەیارانی لەهەرێمی کوردستانی عێراق‌و وڵاتانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى.

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەکۆبونەوەیەکى ئاشکرای پەرلەماندا وتویه‌تى، "وەڵامی ئێران بۆ هەر دەستدرێژی یان سەرکێشییەک، وەڵامێکی توند، بەئازار، وردو خێرا دەبێت، ڕوی دەربڕینیشمان ئاڕاستەی سەرکردایەتی ئەمریکا ده‌كه‌ین‌و ده‌ڵێین، تاقی بکەنەوە تا وەڵامەکەمان بچێژن".

قالیباف ئه‌وه‌شى وتوه‌، "سەرکردەکانی کۆشکی سپی دەبێت بزانن کە ئێران هەرگیز بەهەڕەشەو گەمارۆدان پاشەکشە ناکات، هۆشداریشده‌ده‌ین لەدەرئەنجامەکانی دروستکردنی گەمارۆی ئابوریی یان ئاسایشی لەسەر وڵاتەکەمان، ئەگەر ئێران نەتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت، کەس لەناوچەکەدا نەوت نافرۆشێت، لەکاتی نەبونی ئاسایش بۆ تاران، هیچ وڵاتێكى ده‌وروبه‌ر ئابورییه‌كه‌یى‌و دامەزراوەكانى پارێزراو نابن".