عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەمریکا هۆشداریی توندی داوەتە عێراق ئەگەر پابەندی سزاکانی وەزارەتی گەنجینە نەبێت بۆسەر ئێران، ئەوا سزای قورسی عێراق دەدات.
عەممار حەکیم لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ پەیامێکی زۆر توند و ڕوونی بەشێوەیەکی فەرمی بۆ حکومەتی عێراق نارد، لە پەیامەکەدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی گواستنەوە کراوە دەڵێت: ئەگەر پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینە نەبن بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەکانتان بۆ ئێران، سزای قورسی عێراق دەدرێت.
بەوتەی عەممار حەکیم، پەیامەکەی ئەمریکا "جددیی" و ڕوون و توند بووە، وەک حەکیم باسی دەکات، هۆشدارییەکەی ئەمریکا بۆ عێراق لە سزاکانی ئێران توندتر بووە.
لە 23ی ئەیلوولەوە گەشتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران بۆ عێراق راگیراوە، ئەوەش بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بەڵام لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا فڕۆکەخانەی نەجەف لە سزاکان بەخشرا، تەنها بەمەبەستی گەشتی ئایینی.