تاران لەڕێگەی نامەیەکی کراوەوە پەیامێکی توند ئاڕاستەی ئەمریکیه‌كان دەکات

جیهان

60 خولەک پێش ئێستا‌ 226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تاران لەڕێگەی نامەیەکی کراوەوە کە لەمیدیا فەرمییەکانیدا بڵاوکراوەتەوە، پەیامێکی توند ئاڕاستەی گەلی ئەمریکا دەکات‌و ڕایدەگەیەنێت، واشنتۆن ڕاستییەکانی شەڕ لەباجدەرانی وڵاتەکەی دەشارێتەوە؛ نامەکە پەردە لەسەر هێرشێکی تەمومژاوی لادەدات بۆسەر نوسینگەی ڕێبەری باڵای ئێران‌و کوژرانی چەندین ئەندامی بنەماڵەکەی، هاوڕێ لەگەڵ هۆشداریی توند لەبارەی شکستی ستراتیژیی سوپای ئەمریکا لەناوچەکەدا.


ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (IRNA) دەق‌و ناوەڕۆکی نامەیەکی کراوەی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا پەیامێکی ڕاستەوخۆو توند ئاڕاستەی گەلی ئەمریکا، بەتایبەت زانایان، قوتابیان‌و میدیاکارانی ئەو وڵاتە کراوە.

لەنامەکەدا هاتوە، حکومەتی ئەمریکا بەردەوام گەلەکەی خۆی لەڕاستییەکان بێبەشدەکات، لەکاتێکدا باجدەرانی ئەمریکی خۆیان تێچوی ئەو شەڕە نادادپەروەرانە دەگرنە ئەستۆ کە زیان بەئاسایش‌و بەرژەوەندییەکانیان دەگەیەنێت.

نامەکە بەتوندی هێرشدەکاتەسەر سیاسەتە سەربازییەکانی واشنتۆن‌و تۆمەتباری دەکات بەپێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان‌و لەبەشێکی دەقەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، حەوت مانگ لەمەوبەر، سوپای ئەمریکا هێرشێکی سەربازیی کردوەتەسەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لەناوچەی (میناب) کە بەهۆیەوە 168 منداڵی بێتاوان‌و مامۆستاکانیان گیانیان لەدەستداوە. 

باسی لەوەشکردوە، لەو هێرشانەدا نوسینگەی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، کراوەتە ئامانج‌و چەندین کەس لەئەندامانی بنەماڵەکەی، لەنێویاندا کچەزایەکی كه‌ ته‌مه‌نى ته‌نها 14 مانگ بوو، گیانیان لەدەستداوە.

لەنامەکەدا، تاران جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، سەره‌ڕای تێچوە گەورەکان‌و پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، وڵاتەکەی توانیویەتی "سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە" بەدەستبهێنێت.

له‌کۆتایی پەیامەکەدا پرسیار ئاڕاستەی گەلی ئەمریکا كراوه‌ کە بۆچی سەره‌ڕای ئەوەی بودجەی سەربازیی ئەمریکا سەد هێندەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەو خاوەنی کۆگایەکی گەورەی چەک‌و تەقەمەنییە، هێشتا نەیتوانیوە لەم ڕوبەڕوبونەوەیەدا سەرکەوتوبێت، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ شکستی ستراتیژیی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا وێنا کراوە.