شارپرێس:
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەڕێگەی
وتەبێژی فەرمی خۆیەوە، نەخشەڕێگهیەکی ستراتیژیی پێنج خاڵی بۆ داهاتوی ڕژێمی سیاسیی
لەئێراندا ڕاگەیاند كه ئامانجی سەرەکیی گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەمی حوکمڕانییە لەمۆدێلێکی
مەرکەزییەوە بۆ کۆمارێکی دیموکراتیکی فرەخواز، دهشڵێت، "ئەم پڕۆژەیه کە لەسەر
کولتوری شۆڕشگێڕانەی (ژن، ژیان، ئازادی) بونیادنراوە، داوای کۆتایهێنان بەسیاسەتی
تواندنەوەی زمانەوانی (ئاسیمیلاسیۆن) دەکاتو مافی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ
سەرجەم نەتەوە چەوساوەکانی وەک کورد، بەلوچو عەرەب لەڕێگەی ئەنجومەنە گشتییەکانەوە
مسۆگەردەکات".
ڕێوار ئاودانان وتەبێژی فەرمیی پارتی ژیانی
ئازادی کوردستان (پژاک) لەڕێگەی پلاتفۆرمی
کۆمەڵایەتیی ئێكس-هوه، نەخشەڕێگهیەکی سیاسییو ستراتیژیی گرنگی لەژێر ناونیشانی
(پێنج بنەما بۆ داهاتویەکی دیموکراتیک لەئێراندا) بڵاوکردەوە، ئەم پڕۆژە فیکرییو
سیاسییە نوێیە کە ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرمیی پژاک بهزمانى ئینگلیزی بڵاویکردوەتەوە،
هەوڵێکە بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەمی فەرمانڕەوایی لەئێرانو دابینکردنی مافی سەرجەم
نەتەوەو پێکهاتە کولتورییەکان.
سیاسەتی دیموکراتیک (Democratic Politics)
ئاودانان جەختدەکاتەوە، دەبێت کایەی سیاسیی
لەقۆرخکاریی پارتە باڵادەستەکان، تاکەکان، گروپە تایبەتەکانو ئەو ڕەوتە سیاسییانەی
کە تەنها بەدوای هەژمونو دەسەڵاتدا دەگەڕێن، بەتەواوی دەربهێنرێت، لەبری ئەوە، دەبێت
ئیرادەو پێگەی کۆمەڵگە، هاوشان لەگەڵ بەشداریی ڕاستەوخۆی سەرجەم چینە کۆمەڵایەتییەکانو
ناسنامە جیاوازەکان لەپڕۆسەی بڕیاردانی سیاسییو حوکمڕانیدا، بکرێتە بنچینەو بنەمای
سەرەکیی ژیانی سیاسیی لەوڵاتدا.
کۆماری دیموکراتیک (Democratic Republic)
لەڕوانگەی پژاکەوە، "کۆماری دیموکراتیک"
گونجاوترینو نمونەییترین سیستەمی سیاسییە بۆ داهاتوو، وهكو ئاماژهى پێكراوه، ئەم
مۆدێلە لەسەر بنەمای فرەخوازیی (پلۆڕالیزم)و لامەرکەزییەت بونیاد دەنرێتو دەرفەت
دەداتە سەرجەم نەتەوەکان، ڕەگەزەکانو گروپە ئایینیو کولتورییەکان بەبێ هەبونی هیچ
جۆرە جیاکارییو پەراوێزخستنێک، بەشداریی ڕاستەوخۆ لەبەڕێوەبردنی گشتیی کاروباری وڵاتدا
بکەن.
تێکەڵبونی دیموکراتیک (Democratic
Integration)
ئەم بنەمایە بەتەواوی کۆتایی بەسیاسەتی
تواندنەوەی زۆرەملێ (ئاسیمیلاسیۆن - Assimilation) دەهێنێت کە بریتییە لەسڕینەوەو لەناوبردنی
کولتورو زمانی ناسنامە جیاوازەکان لەناوچەکەدا، تێکەڵبونی دیموکراتیک سەرلەنوێ پەیوەندیی
نێوان کۆمەڵگەو دەوڵەتو پەیوەندیی نێوان سەرجەم پێکهاتە نیشتەجێبوەکانی ناو وڵات
دادەڕێژێتەوەو لەڕێگەی داڕشتنی دەستورێکی دیموکراتیکەوە، سەرجەم ئازادیو مافە بنڕەتییەکانیان
بەیاسا گەرەنتی دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک (Democratic
Self-Administration)
ئەم خاڵە جێبەجێکردنی حوکمڕانیی خۆماڵی لەسەرجەم
ناوچەو هەرێمە جیاوازەکاندا مسۆگەردەکات؛ بەشێوازێک کە پێگەیەکی سیاسیی فەرمی بۆ سەرجەم
ئەو ناسنامەو پێکهاتانە جێگیردەکات کە لەڕوی مێژوییەوە چەوساونەتەوەو مافەکانیان زەوتکراوە،
لەوانە: کورد، بەلوچ، عەرەب، تورک، تورکمانو پێکهاتەکانی دیكه، ئەم سیستەمە سەرجەم
کایەکانی ژیان لەکەرتی پەروەردە بەزمانی دایکەوە تا کەرتی ئابوریی، پاراستنی ئاسایشی
ناوخۆییو بڕیاردانی سیاسیی لەڕێگەی ئەنجومەنە دیموکراتییە گشتییەکانەوە دەگرێتەوە.
کولتوورو فەلسەفەی (ژن، ژیان، ئازادی - Jin, Jiyan,
Azadî)
لەکۆتا بنەمادا، فەلسەفەی شۆڕشگێڕانەی
"ژن، ژیان، ئازادی" وەک ڕێبەرو قیبلەنەمای تەواوی پڕۆسە سیاسییەکە دەستنیشانکراوە،
ڕێوار ئاودانان نوسیویهتى، "بهگوێرهى ئەم تێڕوانینە، بەها بنچینەیییەکانی
وەک ئازادیی ژنان، یەکسانیی ڕەگەزیی، پاراستنی سەرجەم شێوازەکانی ژیان (لەپاراستنی
ژینگە تا پاراستنی کەرامەتی تاکە کەس)، هاوشان لەگەڵ ئازادیی بیرکردنەوە، دەربڕینو
ڕێکخستنی مەدەنی لەسەرجەم کایەکاندا، دەبنە بنەمای نەگۆڕی کۆمەڵگەی داهاتوو".
بهبڕواى چاودێرانى سیاسیى، ئەم نەخشەڕێگه گشتگیرەی
پژاک ئاماژەیەکی ڕونە بۆ گۆڕانی شێوازی خەبات لەناوچەکەدا بەرەو مۆدێلێکی فیکریی
فرەلایەن کە دەیەوێت بەبەهێزکردنی ئیرادەی کۆمەڵگە، سنورە تەسکەکانی نەتەوە-دەوڵەتە
کلاسیکییەکان تێپەڕێنێت.
