خوێندنەوەیەک بۆ مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیک

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1663 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پێشەکی

مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیک تەنها پێشنیارێکی سیاسی نییە؛ هەوڵێکە بۆ پێشخستنی پارادایمێکی جێگرەوە بۆ سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە و سۆسیالیزمی بونیادنراو. ئەم مانیفێستۆیە هەوڵ دەدات پرسیاری بنەڕەتیی سیاسەت لە چۆنییەتی دەسەڵات گرتنەدەستى دەوڵەتەوە بگوازێتەوە بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆمەڵگە، بەڕێوەبردنی هاوبەشی ژیان و دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان تاک، کۆمەڵگە، سروشت و دەسەڵاتدا.

مانیفێستۆکە لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی 27ی شوباتی 2025و بیرکردنەوەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دەخوێندرێتەوە. لە هەمان کاتدا، دان بەوەدا دەنێت کە گواستنەوە و ڕوونکردنەوەی بیرۆکەکانی ئۆجەلان لەوانەیە لە هەندێک شوێندا کەموکوڕی و هەڵەی تێدا هەبێت. ئەم خاڵە گرنگە، چونکە دەرفەت دەداتە کتێبەکە نەک وەک دەقێکی پیرۆز و بێ‌پرسیار، بەڵکو وەک پڕۆژەیەکی فکری و سیاسی بخوێندرێتەوە کە پێویستی بە ڕەخنە، تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەردەوام هەیە.

گرنگیی مانیفێستۆکە بەتایبەتی لەوەدایە کە پرسی کورد تەنها وەک کێشەیەکی نەتەوەیی یان داواکارییەکی دەستووری پیناسەناکات؛ بەڵکو وەک بەشێک لە کێشەیەکی گەورەتر دەزانێت کە پەیوەندی بە شێوەی ڕێکخستنی دەسەڵات، مێژووی دەوڵەت-نەتەوە، پیاوساڵاری، سەرمایەداری و پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەتەوە هەیە.

گۆڕینی پرسی دەوڵەت بۆ پرسی کۆمەڵگە: بەهێزترین خاڵی مانیفێستۆ
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی مانیفێستۆکە ئەوەیە کە لە جیاتی پرسیاری چۆن کورد دەوڵەت دروست بکات؟ پرسیارێکی تر دەخاتە ڕوو: چۆن کۆمەڵگە بتوانێت خۆی ڕێکبخات و ژیانێکی ئازاد، یەکسان و دیموکراتیک دروستبکات؟

ئەم گۆڕانە تەنها گۆڕینی وشە نییە، بەڵکو گۆڕینێکە لە ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسی. لە پارادایمی کلاسیکیی نەتەوە‌دا، دەوڵەت زۆرجار وەک ئامرازی سەرەکیی پاراستنی ناسنامە، بەدەستهێنانی ماف و گەیشتن بە ئازادی دەبینرێت. بەڵام مانیفێستۆکە ئەم تێڕوانینە دەخاتە ژێر پرسیار و دەڵێت دەوڵەت لەوانەیە لە جیاتی ئەوەی ئازادیی کۆمەڵگە دابین بکات، خۆی ببێتە ناوەندی نوێی کۆکردنەوەی دەسەڵات.

لە تێڕوانینی مانیفێستۆدا، کۆمین یان یەکەی کۆمەڵگەیی، بنەمایەکە بۆ ڕێکخستنی هاوبەشانەی ژیان، بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و بەشداریی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییان. کۆمەڵگە نابێت تەنها کۆمەڵێک تاکی جیاواز بێت کە بڕیارەکانیان لەلایەن دەسەڵاتێکی ناوەندییەوە بۆیان بدرێت؛ بەڵکو دەبێت توانای بڕیاردان، ڕێکخستن و چاودێریکردنی دامەزراوەکانی خۆی هەبێت.

دەوڵەت و کۆمەڵگە یەک شت نین. بوونی دەوڵەت بە مانای بوونی کۆمەڵگەیەکی بەهێز نییە، هەروەها لاوازیی دەوڵەتیش بە خۆی نیشانەی ئازادیی کۆمەڵگە نییە.

کۆمەڵگەیەک دەتوانێت دەوڵەتێکی بەهێز و دامەزراوەیەکی فراوانی هەبێت، بەڵام هاووڵاتییان لە بڕیاردان بێبەش بن. لە بەرامبەردا، کۆمەڵگەیەک دەتوانێت دامەزراوەی خۆبەڕێوەبردنی بەهێزى هەبن، بەڵام هێشتا پێویستی بە یاسا، دادگا، خزمەتگوزاریی گشتی و ڕێکخستنی کاروباری گشتی هەبێت.

لەبەر ئەوە، بەهێزترین لایەنی مانیفێستۆکە ئەوەیە کە کۆمەڵگە وەک سەرچاوەیەکی سەربەخۆی هێز و دەسەڵاتی سیاسی دەبینێت، نەک تەنها وەک بابەتێک کە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات.

کۆمین چۆن دەبێتە سیستەمێکی کارا؟
کۆمین لە ئاستی بیرۆکەدا وەک یەکەیەکی بنەڕەتیی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبردن جێی سەرنجە. بەڵام کۆمەڵگەی مۆدێرن تەنها لە گەڕەک، گوند و کۆبوونەوەی هاووڵاتییان پێک نایەت. ئەم کۆمەڵگەیە تۆڕێکی ئاڵۆزی دامەزراوە، پەیوەندی و سەرچاوەی ئابووری و تەکنەلۆژییە.

ئابووریی نیشتیمانی، سیستمی بانکی، بازرگانیی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دارایی، دادگا، یاسا، پاراستنی سنوور، پەیوەندییە دەرەکییەکان، ژێرخانی وزە و گواستنەوە، بەڕێوەبردنی ئاو، شارە گەورەکان، تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد، هەموویان پێویستیان بە پلاندانان و هاوئاهەنگییەکی فراوان هەیە.

پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا کۆمین دەتوانێت لە کاروباری ناوخۆیی بەشداری بکات؛ بەڵکو ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت لەنێوان ئاستی کۆمین، شار، پارێزگا و ئاستی گشتیی وڵاتدا پەیوەندییەکی کارا دروست بکرێت.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە چەند بنەمایەکی دامەزراوەیی ڕوون بکرێنەوە:
دابەشکردنی دەسەڵات: کام بڕیار لە ئاستی کۆمین دەدرێت و کام بڕیار پێویستی بە هاوئاهەنگیی فراوانتر هەیە؟
نوێنەرایەتی‌و بەرپرسیارێتی: نوێنەرانی کۆمەڵگە چۆن هەڵدەبژێردرێن، چۆن چاودێری دەکرێن و چۆن لە پۆست لادەبرێن؟
یاساو مافی تاک: ئەگەر بڕیارێکی زۆرینەی کۆمین مافی کەمینەیەک پێشێل بکات، کام دامەزراوە مافەکانی ئەو کەمینەیە دەپارێزێت؟
دابەشکردنی سەرچاوەکان: چۆن دەتوانرێت سەرچاوەی دارایی و ئابووری بە دادپەروەری دابەش بکرێت، بەبێ ئەوەی ناوچە دەوڵەمەندەکان هەمیشە زیاتر و ناوچە هەژارەکان کەمتر وەربگرن؟
شارەزایی‌و بەڕێوەبردن: چۆن دەتوانرێت بەشداریی گشتی لەگەڵ شارەزاییی پیشەیی و توانای کارگێڕی کۆبکرێتەوە؟

مێژوو وەک چوارچێوەی ڕەخنە: لەڕونکردنەوەی فەلسەفییەوە تا پێویستی بەبەڵگە
مانیفێستۆکە مێژوو بەفراوانی بەکاردەهێنێت، لەکۆمەڵگەی دایکانەوە دەستپێدەکات‌و دواتر دەگاتە پیاوسالاریی، دەوڵەت، شارستانیەت، سەرمایەداری و مۆدێرنیتە. لە چوارچێوەی ئەم خوێندنەوەیەدا، مێژووی مرۆڤایەتی وەک پرۆسەیەک دەردەکەوێت کە تێیدا کۆمەڵگەی هاوبەش و پەیوەندییە ئاسۆییەکان بە درێژایی کات لەلایەن دامەزراوەکانی دەسەڵات و پیاوسالارییەوە لاواز کراون.

ئەم ڕونکردنەوەیە وەک چوارچێوەیەکی فەلسەفی و سیاسی گرنگە، چونکە هەوڵ دەدات ڕیشەی کێشەکانی ئەمڕۆ لە مێژوودا بدۆزێتەوە. بەڵام لە ڕووی زانستیی مێژوو و ئەنترۆپۆلۆجیاوە، پێویستی بە وردبینیی زیاتر هەیە.

یەکەم: مێژووی مرۆڤایەتی بە یەک هێڵی ڕاست پەرەی نەسەندووە. شێوەکانی خێزان، خاوەندارێتی، ڕێکخستنی سیاسی و دابەشکردنی کار لەنێوان کۆمەڵگەکاندا جیاواز بوون. بۆیە، ناتوانرێت هەموو کۆمەڵگە پێش مۆدێرنەکان بە شێوەیەکی گشتی و بێ‌جیاوازی بە کۆمەڵگەی دایکانە پۆلێن بکرێن.

دوەم: دەبێت جیاوازی لەنێوان کۆمەڵگەی دایکانە، ناسنامەی خێزانی لە ڕێگەی دایکەوە و دەسەڵاتی سیاسیی ژناندا بکرێت. ئەم چەمکانە یەک واتا ناگەیەنن و بەڵگەی بوونی یەکێکیان بە خۆی بەڵگەی بوونی ئەوانی تر نییە.

سێیەم: هەموو شێوەکانی دەوڵەت و شارستانیەت لە هەموو شوێنێکدا بە هەمان ڕێگا پەرەیان نەسەندووە. پێویستە جیاوازییە ناوچەیی و مێژووییەکان لەبەرچاو بگیرێن.

بەشە مێژوییەکەی مانیفێستۆکە دەبێت بە سێ ئاست بخوێندرێنەوە: وەک میتۆلۆژییەکی سیاسی بۆ دروستکردنی مانا، وەک فەلسەفەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی دەسەڵات و کۆمەڵگە، وەک بانگەشەیەکی مێژوویی کە پێویستی بە بەڵگە و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەیە. جیاکردنەوەی ئەم سێ ئاستە مانیفێستۆکە لاواز ناکات؛ بەڵکو دەرفەت دەدات بەهێزیی بیرۆکەکانی لە بەرامبەر تاقیکردنەوەی زانستی و ڕەخنەی جیدیدا بەهێزتر بکرێت.

ڕەخنە لەسەرمایەداریی: لەنێوان هێزی ڕەخنەو سنوری شیکاریی
مانیفێستۆکە سەرمایەداری وەک سیستەمێک دەبینێت کە تەنها بەرهەمهێنان و بازرگانی ڕێک ناخات، بەڵکو کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ژینگە، ناسنامە و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤیش دادەنێت.

لەچوارچێوەی ئەم ڕەخنەیەدا، سەرمایەداری، پیشەسازیی‌و دەوڵەت-نەتەوە وەک هێزە سەرەکییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەردەکەون. مانیفێستۆکە بەتایبەتی سەرنج دەخاتە سەر بەکاڵاکردنی مرۆڤ، قۆرخکردنی سەرچاوەکان، نایەکسانیی ئابووری و وێرانکردنی سروشت.

ئەم ڕەخنەیە لە کاتی ئێستادا گرنگیی تایبەتی هەیە؛ چونکە گەشەی ئابووری بەبێ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەبێ پاراستنی ژینگە و بەبێ بەشداریی سیاسی دەتوانێت بۆشایی نێوان دەوڵەمەند و هەژار فراوانتر بکات، بەڵام کێشەکە لەو شوێنەدا دەست پێدەکات کە جیاوازیی نێوان جۆرەکانی سەرمایەداری کەمڕەنگ دەبێتەوە. سەرمایەداریی کۆمپانیا گەورەکان، سەرمایەداریی دەوڵەتی، لیبرالیزمی بازاڕ، سۆسیال‌دیموکراسی و دەوڵەتی خۆشگوزەران هەموویان یەک شێوازی کارکردن و هەمان ئەنجامی کۆمەڵایەتییان نییە.

ئەمە بەو مانایە نییە کە سۆسیال دیموکراسی یان دەوڵەتی خۆشگوزەران لە نایەکسانی و کێشەی دەسەڵات بە تەواوی پاکن؛ بەڵکو واتای ئەوەیە کە بۆ هەڵسەنگاندنیان پێویستە سیاسەتەکانى باج، مافەکانی کرێکاران، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، مافی خاوەندارێتی و ئاستی بەشداریی هاووڵاتییان بەراورد بکرێن.

ئەگەر هەموو جۆرەکانی مۆدێرنیتە لە ژێر یەک ناونیشاندا کۆبکرێنەوە، ئەوا شیکاریی تیۆری دەرفەتی جیاکردنەوەی کێشە بنەڕەتییەکان لەو سیاسەتانەی کە دەتوانن هەندێک لەو کێشانە کەم بکەنەوە، لەدەست دەدات.

بەهێزترین ڕەخنە لە سەرمایەداری ئەوە نییە کە تەنها بە سیستەمێکی خراپ ناوی ببەین؛ بەڵکو ئەوەیە کە بە وردی دیاری بکەین چۆن خاوەندارێتی، بازاڕ، دەسەڵات و دامەزراوەکان نایەکسانی دروست دەکەن و چ مۆدێلێکی جێگرەوە دەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات.

شەڕی سێیه‌مى جیهانیی: چەمکێکی سیاسیی‌و پێویستیی پێناسەی ڕون
مانیفێستۆکە چەمکی شەڕی جیهانیی سێیەم بەکاردەهێنێت بۆ وەسفکردنی قۆناغێکی درێژی ململانێی جیهانی کە ڕەهەندە ئابوریی، سیاسیی، سەربازیی‌و ئایدیۆلۆژییەکانی تێکەڵ بەیەک بون. لەو خوێندنەوەیەدا، شەڕ تەنها بەپێکدادانی ڕاستەوخۆی سوپاو دەوڵەتەکان سنوردار ناکرێت، بەڵکو پێشبڕکێی هێزەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە، ناوچەی ستراتیژیی‌و سیستەمەکانی دەسەڵاتیش دەگرێتەوە.

ئەم چەمکە دەتوانێت وەک ئامرازێکی سیاسی یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ململانێی جیهانی تەنها لە مەیدانی سەربازیدا ڕوونادات. بەڵام لە ڕووی زانستییەوە، پێویستە سنووری نێوان شەڕی سارد، پێشبڕکێی جیۆپۆلیتیکی، شەڕی بەوەکالەت، شەڕی ناوخۆیی و شەڕی نێودەوڵەتی ڕوون بکرێتەوە.

ئەگەر هەموو ئەم دیاردانە بە یەک ناوی گشتی پۆلێن بکرێن، ئەوا ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە کام پێوەر شەڕێک دەکاتە شەڕیکی جیهانی: ژمارەی دەوڵەتە بەشدارەکان، ئاستی بەکارهێنانی هێزی سەربازی، پەیوەندیی ئابووریی نێوان هێزەکان، یان هەبوونی سیستەمێکی جیهانیی دابەشکراو؟

لەبەرئەوە، شەڕی جیهانیی سێیەم لە مانیفێستۆدا دەکرێت وەک مێتافۆڕێکی سیاسی بۆ وێناکردنی ململانێی بەردەوام بخوێندرێتەوە؛ بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە پۆلێنکردنێکی زانستی، پێویستی بە پێناسە، پێوەر و بەڵگەی بەراوردکارانە هەیە.

ژن، پیاوسالاریی‌و ئازادیی کۆمەڵگە
لەمانیفێستۆدا، پرسی ژن بابەتێکی لاوەکی نییە، بەڵکو لە ناوەندی تێڕوانینەکەدایە. ئەم مانیفێستۆیە پیاوسالاری تەنها وەک کێشەیەکی ناو خێزان نابینێت؛ بەڵکو وەک شێوازێکی ڕێکخستنی دەسەڵات دەیبینێت کە دەتوانێت لە خێزان، دەوڵەت، ئابووری و کولتووردا دووبارە بەرهەم بهێنرێتەوە.

ئەم تێڕوانینە خاڵێکی بەهێزە، چونکە ئازادیی ژن لە ئازادیی گشتیی کۆمەڵگە جیا ناکاتەوە. کۆمەڵگەیەک کە نیوەی دانیشتوانی لە بڕیاردان، خاوەندارێتی، خوێندن، کار و بەشداریی سیاسی بێبەش بکات، ناتوانێت بە تەواوی بانگەشەی دیموکراسی و یەکسانی بکات، بەڵام ئایا ئەزموونی هەموو ژنان یەکسانە؟ ژنی گوند، ژنی شار، ژنی کرێکار، ژنی خاوەن کار، ژنی سکولار و ژنی ئایینی لە هەمان بارودۆخدا ناژین و هەموویان یەک پێناسەیان بۆ ئازادی نییە.

بۆیە، ئەگەر ئازادیی ژن بە بنەمایەکی گشتیی مانیفێستۆ دادەنرێت، پێویستە میکانیزمی بەشداریی خودی ژنانیش ڕوون بکرێتەوە: چۆن ژنان دەتوانن جیاوازییەکانی ناو خۆیان دەرببڕن؟ چۆن دەتوانرێت دەسەڵاتی ڕێکخراوەیی و ئایدیۆلۆژی لەسەر ئەزموونی ژنان زاڵ نەبێت؟ چۆن مافی ژن لەگەڵ مافی تاک و فرەییی کۆمەڵایەتی هاوسەنگ دەکرێت؟

کوردستان: لەدەوڵەت-نەتەوەوە بۆ نەتەوەی دیموکراتیک
مانیفێستۆکە لەبەشی کوردستاندا دەگاتە ناوەندی کێشەی سیاسیی خۆی. پێشنیازەکە ئەوەیە کە چارەسەری پرسی کورد نابێت تەنها بەدروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کورتبکرێتەوە؛ بەڵکو دەبێت بەشێوەیەکی فراوانتر، لەڕێگەی نەتەوەی دیموکراتیک، خۆبەڕێوەبردن‌و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکەوە، ماف‌و ئیرادەی کۆمەڵگە جێگیربکرێت.

ئەم بیرۆکەیە لەکوردستاندا گرنگیی تایبەتی هەیە، چونکە کورد بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکراوەو هەر بەشێکی لەبارودۆخی یاسایی، سیاسیی‌و ئەمنیی جیاوازدا دەژی. لەبەرئەوە، هەر پڕۆژەیەکی چارەسەری بۆ کورد دەبێت لەگەڵ جیاوازیی ئەم بارودۆخانەدا بگونجێت، بەڵام ئەگەر دەوڵەت-نەتەوە وەک چارەسەرێکی تەواو ڕەت بکرێتەوە، جێگرەوەکە چۆن دەتوانێت مافی کورد، پاراستنی زمان، ناسنامە، خاوەندارێتیی سیاسی و بەشداریی ئابووریی دەستەبەربکات؟

ئایا نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانێت لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانى ئێستا جێبەجێ بکرێت؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەوا چ گۆڕانکارییەکی دەستووری، یاسایی و دامەزراوەیی پێویستە؟ ئەگەر وەڵامەکە نەخێرە، ئەوا پەیوەندیی نێوان خۆبەڕێوەبردن و دەسەڵاتی دەوڵەت چۆن ڕێکدەخرێت؟

ئێنتیگراسیۆنی دیموکراتیک: یەکگرتن بەبێ تواندنەوە
یەکێک لەگرنگترین بابەتەکان بۆ تێگەیشتن لەمانیفێستۆ، چەمکى ئێنتیگراسیۆنی دیموکراتیکە. لەم چوارچێوەیەدا، ئێنتیگراسیۆن بەمانای یەکبوون یان یەکگرتنی دیموکراتییانەی یەکە جیاوازەکانە، بەبێئەوەی ناسنامەو تایبەتمەندییەکانیان لەناوبچێت.

به‌گوێره‌ى ئەم تێڕوانینە، کۆمەڵگەی دیموکراتیک خۆی وەک دەوڵەتێکی تر ڕێکناخات و هەوڵ نادات بە تەواوی شوێنی دەوڵەت بگرێتەوە؛ بەڵکو خۆی وەک کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک ڕێکدەخات و لە ڕێگەی دانوستاندن و ڕێککەوتنی دیموکراتییانەوە پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەدا دروست دەکات. لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان ئێنتیگراسیۆن و ئاسیمیلەیشن، واتە تواندنەوە، هەیە.

تواندنەوە داوادەکات کە کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی یان کولتوری تایبەتمەندییەکانی خۆی کەمبکاتەوە یان لەدەستیان بدات، بۆ ئەوەی لەناسنامەی فەرمیی دەوڵەتدا بتوێتەوە، بەڵام ئێنتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەسەر بنەمای بەشداریی ئازادانە، دانپێدانان بەجیاوازیی، پاراستنی ناسنامەو ڕێککەوتنی سیاسی دادەمەزرێت، واتە یەکگرتن بەمانای لەناوبردنی جیاوازی نییە؛ بەڵکو ڕێکخستنی پەیوەندییەکە بە شێوەیەکە کە جیاوازی بتوانێت لە چوارچێوەی هاوبەشدا بمێنێتەوە، بەڵام ئێنتیگراسیۆن تەنها بەناونان نابێتە دیموکراتیک، بۆ ئەوەی بەکردەوە جێبەجێبکرێت، پێویستە چەند بنەمایەک هەبن:
دانپێدانان بەبوون‌و ناسنامەی کۆمەڵگەی کوردی‌و مافە زمانەوانی، کولتوری‌و سیاسییەکانی.

دانانی مافەکان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا، بە شێوەیەک کە بە گۆڕانی حکومەتەکان لەناو نەچن.

بوونی دامەزراوەی نوێنەرایەتی و خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک، لەگەڵ دەسەڵاتی دیاریکراو و بەرپرسیارێتیی ڕوون.

بوونی دانوستاندنێکی بەردەوام لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە، نەک تەنها کۆبوونەوەیەکی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانێکی سیاسیی.

بونی میکانیزمی چارەسەری ناکۆکی، دادگای سەربەخۆو ڕێگه‌یەکی یاسایی بۆ چارەسەری پێشێلکارییەکان.


بەم پێیە، ئێنتیگراسیۆنی دیموکراتیک نابێت بە مانای قبوڵکردنی بێ‌مەرجی دەوڵەت-نەتەوەی ئێستا تێبگەین. هەروەها نابێت بە مانای ڕەتکردنەوەی هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت بزانرێت. بنەمای سەرەکیی ئەم بیرۆکەیە ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە دەبێت لەسەر بنەمای ئیرادە، ماف، یەکسانی و ڕێککەوتنی دیموکراتیک ڕێکبخرێت.

بەشی پەکەکە: لەپارادایمی دەوڵەت-نەتەوەوە بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک
بەشی پەکەکە لەمانیفێستۆدا هەوڵدەدات مێژوی جوڵانەوەکە لەڕوانگەی گۆڕانی فکری‌و ستراتیژییەوە بخوێنێتەوە، به‌گوێره‌ى ئەم خوێندنەوەیە، پەکەکە لەپارادایمێک کە لەسەرەتادا دەوڵەت-نەتەوەو ڕزگاریی نەتەوەیی لەناوەندی کارکردنى خۆیدابوو، بەرەو پارادایمێک گواستراوەتەوە کە کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیاو ئازادیی ژن لەناوەندی خۆیدا دادەنێت.

ئەم گۆڕانە لەڕووی مێژوویی‌و سیاسییەوە گرنگە، چونکە پەیوەندیی نێوان ئامانجی سیاسی‌و ئامرازی گەیشتن بەو ئامانجە دەخاتەوە ژێر پرسیار. لەڕوانگەی ئەم پارادایمە نوێیەوە، پرسی سەرەکی تەنها ئەوەنییە کە کێ دەسەڵات دەگرێتە دەست؛ بەڵکو ئەوەشە کە چۆن کۆمەڵگە دەتوانێت بەشداریی لەبەڕێوەبردنی خۆیدابکات‌و چۆن دەسەڵات لەدامەزراوەکاندا سنورداربکرێت، بەڵام پێویستە لێرەدا جیاوازی لەنێوان گۆڕانی تیۆری‌و سەرکەوتنی بەکردەوە بکرێت. گۆڕینی ستراتیژی بەخۆی بەڵگەی سەرکەوتنی پارادایمەکە نییە؛ بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێی تاقیکردنەوەیە.

بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم گۆڕانە، پێویستە بپرسین: ئایا دامەزراوە دیموکراتیکەکان بەهێزتر بوون؟ ئایا بەشداریی گشتی فراوانتر بووە؟ ئایا مافی ژن و کەمینەکان زیاتر پارێزراوە؟ ئایا پەیوەندییەکانی ناوخۆ و دەرەوە بەرەو چارەسەری سیاسی چوون؟ ئایا ڕێکخراوەکە توانای خۆگۆڕین و بەرپرسیارێتیی دیموکراتیکی زیاتر پەیدا کردووە؟

قۆناغی یەکەم: خەبات بۆ بون‌و دژایەتیی سڕینەوە
به‌گوێره‌ى ڕونکردنەوەی ئەم پارادایمە، خەباتی چەکداری لە بارودۆخێکدا سەری هەڵدا کە کێشەکە تەنها داواکاریی ماف و ئازادی نەبوو، بەڵکو لە تێڕوانینی ئەم جوڵانەوەیەدا، کێشەی بوون، ناسنامە و بەردەوامیی کۆمەڵگەش بوو. لەم چوارچێوەیەدا، خەباتی چەکداری وەک ئامرازێک بۆ بەرگری لە بوون و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی سڕینەوە ڕوون دەکرێتەوە.

قۆناغی دوەم: خەباتی سیاسیی، مەدەنی‌و ڕێکخستنی کۆمەڵگە
لەقۆناغی دوەمدا، ناوەندی خەبات لەپێکدادانی چەکدارییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە، بەشداریی سیاسی، دروستکردنی دامەزراوە دیموکراتیکەکان، دانوستاندن و چارەسەری یاسایی. لەم چوارچێوەیەدا، خەبات تەنها بە پێوەری توانای سەربازی هەڵناسەنگێندرێت؛ بەڵکو بە توانای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بەشداریکەر، دادپەروەر و خۆبەڕێوەبەر پێوانە دەکرێت.

ئەم گواستنەوەیە، ئەگەر بە دامەزراوە و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە پشتگیری بکرێت، دەتوانێت پەیوەندیی نێوان ئامانجی سیاسی و ئامرازی گەیشتن بەو ئامانجە بگۆڕێت. بەڵام سەرکەوتنی قۆناغی دووەم بە گۆڕینی وشە و ستراتیژی بە تەنها مسۆگەر نابێت؛ پێویستی بە کردەوە، بەشداریی گشتی و پاراستنی مافەکان هەیە، ئایا هەڕەشەی سڕینەوە دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوە بۆ خەباتی چەکداری؟

یەکێک لە پرسیارە گرنگەکانی ئەم پارادایمە ئەوەیە: ئەگەر قۆناغی سیاسی و مەدەنی جێگای خەباتی چەکداری بگرێتەوە، بەڵام دواتر هەڕەشەی ڕاستەقینەی سڕینەوەی بوون، ناسنامە یان هەبوونی کۆمەڵگە دروست ببێتەوە، چی ڕوودەدات؟

لەڕوونکردنەوەی مانیفێستۆدا، خۆپاراستنی کۆمەڵگە بنەمایەکی گرنگە و نابێت بە سادەیی لەگەڵ وازهێنان لە هەموو شێوەکانی بەرگری یەکسان بکرێت. بەپێی ئەم تێڕوانینە، ئەگەر هەڕەشەی سڕینەوەی بوون بە شێوەیەکی ڕاستەقینە هەبێت، مافی بەرگری لە کۆمەڵگە دەتوانێت ببێتە بابەتێکی بنەڕەتیی سیاسی و یاسایی.

ماڵباتگەریی‌و دەسەڵاتی خێزانی: کێشەیەکی ناوخۆیی لەکۆمەڵگەی کوردیدا
یەکێک لەڕەخنە توندەکانی مانیفێستۆ لەکۆمەڵگەی کوردیدا، ڕەخنەیە لەماڵباتگەریی‌و بەبنەماڵەییکردنى سیاسەت. لەم تێڕوانینەدا، ماڵبات تەنها خێزانێکی ئاسایی نییە؛ بەڵکو دەبێتە تۆڕێکی فراوانی دەسەڵات کە دەتوانێت ئابووریی، سیاسه‌ت، دامەزراوەکان‌و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەژێر کاریگەریی خۆیدا کۆبکاتەوە.

ماڵباتگەری بەرژەوەندیی خێزانی دەخاتە سەرووی بەرژەوەندیی گشتی، ڕێگە لە پەرەسەندنی دامەزراوە سەربەخۆکان دەگرێت و دەتوانێت ڕێکخستنی سیاسی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە تەسکەکاندا قەتیس بکات.

ئەگەر دامەزراوەیەکی سیاسی لەبری پابەندبوون بە یاسا و بەرپرسیارێتیی گشتی، بە پەیوەندیی خێزانی و تۆڕی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان بەڕێوەببرێت، ئەوا مەترسییەکە ئەوەیە کە دامەزراوەکە لە ناوەوە بەتاڵ بێت، تەنانەت ئەگەر ناوی حیزب، حکومەت یان دەوڵەتیشی لەسەر بێت.

ئەم ڕەخنەیە لە ڕووی سیاسییەوە گرنگە، چونکە کێشەی دیموکراسی تەنها لە پەیوەندیی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا نییە؛ لە ناو خودی کۆمەڵگەشدا دەکرێت دەسەڵاتی ناهەماهنگ و بێ‌چاودێری دروست ببێت.

لەم ڕوانگەیەوە، ماڵباتگەری دەتوانێت پرسی نەتەوەیی لە پێکهێنانی ئیرادەیەکی گشتییەوە بگوازێتەوە بۆ ڕکابەریی نێوان تۆڕەکانی دەسەڵات. لەو بارودۆخەدا، ناسنامەی نەتەوەیی دەکرێت ببێتە ئامرازێک بۆ ڕەوایەت بەخشین بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، نەک بنەمایەک بۆ پێکهێنانی دامەزراوەی هاوبەش

ئەمە بەو مانایە نییە کە خێزان یان پەیوەندیی خێزانی بە خۆی کێشەیە. کێشەکە ئەو کاتە دروست دەبێت کە پەیوەندیی خێزانی ببێتە جێگرەوەی یاسا، شایستەیی، بەرپرسیارێتی و مافی یەکسانی هاووڵاتییان.

چارەسەری ماڵباتگەریش تەنها بە ڕەخنەی فکری بەدی نایەت؛ پێویستی بە دامەزراوەی سەربەخۆ، شەفافیەتی دارایی، یاسای دژەگەندەڵی، ڕکابەریی سیاسی و سیستەمی هەڵبژاردنی بەرپرسان هەیە.

کۆتایی: ئایا کۆمەڵگە دەتوانێت خۆی ڕێکبخات، بەبێئەوەی دەوڵەت ببێتە ناوەندی ژیان؟
مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیک هەوڵێکی گرنگە بۆ گۆڕینی ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسیی کورد؛ لە دروستکردنى دەوڵەتەوە وەک ئامانج بۆ کۆمەڵگە. ئەم گۆڕانە لە ڕووی فەلسەفییەوە پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە پێشەوە: ئایا ئازادیی کۆمەڵگە بە دەستڵات گرتنەدەست دەستەبەر دەبێت، یان بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی بەهێزی خۆبەڕێوەبردن و بەشداریی دیموکراتیک؟

بەهێزترین لایەنەکانی مانیفێستۆ بریتین لە ڕەخنە لە دەوڵەت-نەتەوە، ڕەخنە لە سەرمایەداری، گرنگیدان بە ئازادیی ژن و ژینگە، پێشنیاری کۆمین و دیموکراسیی خۆبەڕێوەبردن، و هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ سۆسیالیزمی بونیادنراو. هەروەها، چەمکی ئێنتیگراسیۆنی دیموکراتیک دەرفەتێکی فکری دروست دەکات بۆ جیاکردنەوەی یەکگرتنی ئازادانە لە تواندنەوەی نەتەوەیی.

بەڵام پرسیارە سەرەکییەکان لەو شوێنانەدا دەردەکەون کە پێویستی بە وردبینیی مێژوویی، میکانیزمی بەڕێوەبردن بەکردەوە، پێناسەی زانستیی چەمکەکان و هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی ئەنجامە سیاسییەکان هەیە. کێشەی کۆمین، پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەت، ڕێگاکانی دانوستاندن، خۆپاراستن و سنووری بەرگری، هەموویان پێویستیان بە وەڵامی ڕوون و دامەزراوەیی هەیە.

بەهێزیی مانیفێستۆ لەوەدا نییە کە هەموو پرسیارەکان یەکلادەکاتەوە؛ بەڵکو لەوەدایە کە پرسیارە باوەکان دەگۆڕێت و داوای ئەوە دەکات کە کۆمەڵگە خۆی وەک سەرچاوەیەکی سەربەخۆی ئیرادە و دەسەڵات بناسێنێت. لە قووڵترین ئاستدا، دوو پرسیاری سەرەکی لە بەرامبەرماندا دەمێننەوە:
یەکەم: ئایا کۆمەڵگە دەتوانێت خۆی ڕێکبخات، بەبێ ئەوەی دەوڵەت ببێتە ناوەندی هەموو ژیان؟
دوەم: ئەگەر کۆمەڵگە خۆی ڕێکبخات، کێ بڕیار دەدات، کێ یاسا دادەنێت، کێ سەرچاوەکان دابەش دەکات، کێ مافەکانی تاک و کەمینەکان دەپارێزێت و کێ بەرپرسیار دەبێت؟

وەڵامی پرسیاری دووەمە کە دەتوانێت پرسیاری یەکەم لە ئاستی ئامانجەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی پڕۆژەیەکی سیاسیی کارا.

ئەگەر کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیک بتوانێت دەسەڵات دابەش بکات، مافی تاک بپارێزێت، دانوستاندنی دیموکراتیک بە دامەزراوەیی بکات، لە ماڵباتگەری و دەسەڵاتی ناوەندی دوور بکەوێتەوە و لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی بگرێتە ئەستۆ، ئەوا دەتوانێت لە پڕۆژەیەکی فکرییەوە ببێتە مۆدێلێکی سیاسیی، بەڵام ئەگەر ئەم پرسیارانە بێوەڵام بمێننەوە، مەترسیی ئەوە هەیە کە کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیک لە ئاستی بانگەشەیەکی ئایدیۆلۆژیکدا بوەستێت‌و لەبەرامبەر ئاڵۆزییەکانی ژیانی مۆدێرندا توانای جێبەجێکردنی سنورداربێت.

لەبەرئەوە، مانیفێستۆ نابێت تەنها بەوە هەڵبسەنگێندرێت کە چەندە بەهێز ڕەخنە لە سیستەمەکانی ئێستا دەگرێت، بەڵکو بەوەش کە چەندە دەتوانێت دامەزراوە، یاسا و شێوازێکی کارا بۆ ژیانێکی ئازادتر، دادپەروەرانەتر و دیموکراتیکتر پێشکەشبکات.