شارپرێس:
ددانە تیژەکانی مشارەکانی تورکیا جارێکی دیكه
بەتوندی کەوتونەتە گیانی دارستانەکانی هەرێم؛ بەشێوازێک لەناوچە شاخاوییەکانی بادینان،
دارستانە سروشتییەکان بەسیستماتیک دەبڕدرێنەوەو دهكرێن بهتەختهو كهژو كێوهكانى
كوردستانیش ڕوتدهكرێنهوه.
چاودێرانى ناوخۆیى ههرێم باس لهوهدهكهن،
لەکاتێکدا ئەنكەرە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
وەک پاساو دەهێنێتەوە، بەڵام ڕاستییەکانی سەر زەوی ئاماژە بەستراتیژییەتێکی زۆر بەرفراوانتر
دەکەن: ئهویش ڕیشەکێشکردنی کۆمەڵگە خۆماڵییەکان لەڕێگەی تێکدانی ئەو ژینگە سروشتییەی
کە ژیانیانی لەسەر بەندە.
زاگرۆس هیوا وتەبێژی كۆماجڤاكێن (کەجەکە) لهدیدارێكى
تایبهتى شارپرێس-دا بهوردى زانیاریى لهسهر ئهو پرسه ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت،
"ئهگهر گهریلاى پهكهكه لهقهندیل بونى نهمێنێت، هەمان ئەو هۆلۆکۆستو
ئەنفالەی کە بەسەر داربەڕوەکانی بەرواری باڵادا لهبادیناندا هاتوە، بەسەر قەندیلیشدا
دێتو کەسیشی لەسەر نایەتە دەنگ، ئەوەی لەبەرواری باڵادا ڕودەدات لەبەرچاوی حکومەتی
عێراقو دەسەڵاتدارانى باشوری کوردستان، خۆ ئیدی ئەو هەرێمە گەریلای لێ نەماوە،
چونکە زۆربەیان بەچەکی کیمیایی شەهیدبون، سەرۆک کۆماری عێراق خۆی خەڵکی ئەو هەرێمەیە،
پاسەوانی سنوری عێراق لەو هەرێمە جێگیرن، هێزەکانی پارتى دیموكراتى كوردستان لەو هەرێمەن،
بەڵام کەس نەهاتوهتە دەنگ، ئەگەر شتێکی وەها لەقەندیلیشدا ڕوبدات، هەر نایەنە دەنگ،
تەنانەت پاکانەیشی بۆ دەکەن".
وتهبێژى كهجهكه باس لهوهشدهكات،
"هەندێک کەس دەڵێن بۆ پەکەکە دەستێوەردان ناکات بۆ ئەنفالی دارەکانی بادینان؟
بۆ شتێک ناڵێت؟ بۆ دەنگی نییە؟ بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری ئەم بەڕێزانەش پێویستە ئەوەمان
لەبیربێت کە ئەم هۆلۆکۆستە ژینگەییە ئێستا دەستی پێنەکردوە، زیاتر لەحهوت ساڵە کە
دەستیپێکردوەو پەکەکەش ئەمە حهوت ساڵە
بانگەوازی دەکات بۆ هەموو لایەنە کوردی، هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان، تەنانهت پهكهكه
لە2019وه تائێستا بەسەدان گەریلای كه بژاردەترین ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە، لەکچو
لەکوڕ بون، لەپێناو پاراستنی ئەم ژینگەیەدا گیانی خۆیانیان فیداکردوە، بەسەدان گەریلا
لەشەڕی پاراستنی ئەم ژینگەیەدا کەوتنەبەر چەکی کیمیایی سوپای داگیرکەری تورکیاو شەهیدبون،
ئێستا لەو گردو بنارو دۆڵانەدا کە داربەڕوەکانی لێ دەبڕدرێنەوە، لەناو ئەشکەوتەکانی
ئەو هەرێمانەدا، هێشتا تەرمی پیرۆزی گەریلای شەهید هەیە".
بهبڕواى زاگرۆس، "ڕەنگە تورکیا بۆ لەناوبردنی
ئاسەوارەکانی چەکی کیمیایی ئەو دارانە ببڕێتەوە، چونکە بەفرو با و باران، ڕەنگە
بتوانێت ئاسەواری چەکی کیمیایی لەسەر خاکو بەرد بشۆرێتەوە، بەڵام لەناوبردنی ئەم
ئاسەوارانە لەناو قەدى دارەکاندا زەحمەتە".
ژمارهیهك لەگوندنشینەکانی دەڤەری ئامێدیو
بەرواری باڵا تائێستا لەگوندهكانى خۆیان ماونو ڤیدیۆی بڕینو تاڵانکردنی دارەکان
تۆماردەکەن، بەڵام وهكو زاگرۆس دهڵێت، "لەخواکوڕک کەسی لێی نییە کە ئەو هۆلۆکۆستە
ژینگەییە تۆماربکات، ئەو گەریلایانەی کە لەخواکوڕک بون بەچەکی کیمیایی شەهیدبونو
گوندییەکانیش ناتوانن بچنە دەڤەرەکەیان، لەسەردەمی هۆلۆکۆستدا، ئەوکاتەی کە هیتلەر
جۆلەکەکانی قەتڵۆعام دەکرد، هەمویانی سواری شەمەندەفەر دەکردو بەرەو شوێنی قەتڵۆعامیان
دەبردن، دیمەنی داربەڕوو و مازوەکانی کوردستان لەسەر کامیۆنو لۆرییەکانی Cengiz Holding هەمان دیمەنی هۆلۆکۆست بەبیردەهێنێتەوە".
وهكو وتهبێژهكهى كهجهكه جهختی لهسهركردهوه،
"زۆر لێدوانی فەرمیو نافەرمی سەبارەت بەبڕینەوەی داربەڕوەکانی بادینان هەن،
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتوەتە دەستى ئێمه، بابەتی بڕینەوەی داربەڕوەکان بەمشێوەیەیە،
ئەو داربەڕوانە هەمویان لەباشوری کوردستان دەبڕدرێنەوە، پاش بڕینەوەیان هەمویان بەلۆرییو
کامیۆنى گهوره دەبرێن بۆ ناوچەی چەلێ (چوکورجە) لەو دیوی سنورەوە، هەڵبەت ئەمانە
لەڕێگەی سنوری فەرمییەوە ناگوازرێنەوە".
ئهوهشى وت، "سوپای تورکیا لەسەر سنورەوە
تا چیاکانی سەر شێلادزێو دێرەلوکو ئامێدی، بەدەیان ڕێگەی گەورەی دروستکردوە، ئەمانە
ڕێگهی فەرمی نێوان دەوڵەتان نیین، ڕێگهن نافەرمیینو ژمارهکەیان لەڕێگهو دەروازەی
فەرمی زیاترە، ئەم ڕێگانە تانکو تۆپو كامیۆنو هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێكى گەورە تیایاندا
هاتوچۆ دەکات، لەهەریەک لەخاڵەکانی سەر سنور بەناوەکانی ئەتروش، بلیجان، مارۆکا،
لاتێ کەوا، دەشتان، هەرکی، بێ سۆسنو هەرێمی مام ڕەشۆ".
ناوى كۆمپانیا توركیهكهشى ئاشكراكردو ڕایگهیاند،
"کۆمپانیایەکی تورکی بەناوی جەنگیز هۆڵدینگ گریبەستی بڕینەوەو گواستنەوەی
داربەڕوەکانی وەرگرتوە، دارەکان دەبڕنەوەو لەڕێگە نافەرمییەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ
ناوچەی چەلێو هەمویان لەوێ کۆگا دەکرێن، ئەم کۆمپانیایە گرێبەستی لەگەڵ سوپای
تورکیادا هەیە، بەگوێرەی گرێبەستەکە زۆرینەی ئەم داربەڕوانە دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی
تورکیا، بەشێکی زۆر بچوکیشی کە 2%ی هەموو
دارە بڕدراوەکانە، لەدەروازەی سنوری سەرزێڕێ لەنزیک کانی ماسیو چیای مەتین جارێکی
دیكه هەناردەی باشوری کوردستان دەکرێنەوە".
زیاتر لهوبارهیهوه زانیاریى خستهڕوو ڕایگهیاند،
"ئەمانە بۆ خەڵکی باشورو خەڵکی عێراق نین، ئەم دارانە دەگوازرێنەوە بۆ گەرمکردنەوەی
سەربازگەکانی سوپای تورکیا لەناو خاکی باشوری کوردستان کە 150 سەربازگەن، واتە ئەو
کامیۆنانەی کە دەبینرێن تەنها مشتێکن لەخەروار، کارەساتەکە زۆر زۆر لەوە گەورەترە
کە ڕای گشتیی پێی دەزانێت".
پێشتر بەیاننامە فەرمییەکانی ئەنكەرە، داربڕینەوەو
دروستکردنی ڕێڕەوە سەربازییەکان لەقوڵایی خاکی بادیناندا وەک ڕێکارێکی جەنگیی بۆ لەناوبردنی
پەکەکە دەخستهڕوو، بەڵام لێکۆڵینەوەیەک ئاماژه بهوهدهكات، دواى پرۆسهى ئاشتیىو
ڕاگرتنى جهنگ، دهریخستوه سیاسهتهكهى توركیا دژى ژینگهو تاكى كوردهو هیچ پهیوهندییهكى
بهگهریلاكانى پهكهكهوه نییهو ئەم سیاسەتە ئەو سیستمە ژینگەیییە پڕ لەداهاتو
هەمەجۆرییە دەگۆڕێت بۆ ناوچەی قەدەغەکراوی سەربازییو بیابانی وشک.
خالید سولهیمان نوسهرو چاودێرى سیاسیى لهوتارێكى شیكاریدا لهماڵپهڕى ئامارگى چهند زانیارییهكى گرنگى ئاشكراكردوهو باسى لهوهكردوه، سوپای تورکیا تائێستا بەقوڵایی زیاتر له40
کیلۆمەتر دزەیکردوەتە ناو خاکی عێراق (بهتایبهت ههرێمى كوردستان)و زیاتر لە 100
بنکەی سەربازیی لەو ناوچە داگیرکراوانەدا بونیادناوە، بۆ بەستنەوەی ئەم بنکانەش بەیەکترەوە،
هێزەکانى، نزیکەی 660 کیلۆمەتر ڕێگهی سەربازییان لەناو دارستانە چڕەکانی چیاکانى
ههرێمى كوردستاندا دروستكردوه.
لهوتارهكهدا ئاماژه بهناوى بەختیار زێباریی ڕۆژنامەنوسو توێژەری بواری
ژینگە لەپارێزگای دهۆک كراوه کە ساڵانێکە بەدواداچون بۆ ئەم پرسه سەربازییانە دەکات، دهڵێت،
"بڕینی سیستماتیکی دارەکان مێژوەکەی بۆ ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە، تەنها لەنێوان
ساڵانی 2020 بۆ 2023دا، نزیکەی سێ ملیۆن دار بڕدراونەتەوە یان لەڕەگەوە دەرهێنراون،
ئهم هێرشە ژینگەییە بوەتە هۆی تەنگژەیەکی مرۆیی قورسو هەزاران گوندنشینی
ناچارکردوە ماڵو کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەجێبهێڵن، لەکاتێکدا هێزەکانی تورکیا هیچ
مەبەستێکی کشانەوەیان نییە پاش چۆڵکردنی ناوچەکان لەدانیشتوانەکەشی".
قەبارەی مەترسییەکە لەساڵی 2021دا بەفەرمی دەنگیدایەوە،
کاتێک فەهیم عەبدوڵڵا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بەئاشكرا پەردەی لەسەر قەبارەی
داربڕینەکە لەناوچە سەربازییەکاندا لادا.
هێزەکانی تورکیا لەوەڵامدا بانگەشەی ئەوەیان
دەکرد کە چڕیی دارەکان ڕێگرە لەبەردەم بینینی سەربازییو پڕۆسەکانیان دژ بەگهریلاكانى
پەکەکە؛ لەهەڵوێستێکی هاوبەشی دەگمەنیشدا، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ لەبەغداو هەولێر
بەتوندی ئەوکارەیان شەرمەزارکردو داربڕینەکەیان بەکردەوەیەکی دوژمنکارانەو نادروست
دژ بەمرۆڤایەتیو ژینگەی جیهانی وەسفکرد.
تۆڕی گواستنەوەی دارە بڕدراوەکان مێژویەکی کۆنتری
هەیە؛ ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان پیشانیدەدەن کە سوپای تورکیا لەساڵی 2018وە سێ ڕێگهی سەرەکیی
گواستنەوەی لەناو خاکی عێراق (ههرێمى كوردستان)دا دروستکردوە کە دوو ئەرک جێبەجێدەکەن
یهكێكیان هێنانی کەرەستەی سەربازییو ئهوى دیكهش بردنەدەرەوەی دارەکان بۆ بازاڕەکانی
ناوخۆی تورکیا.
چیا شەریف ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پشتڕاستیدهكاتهوه، بازرگانانی ناوخۆییو ئەوانەی
لەسەر ڕێڕەوە سنورییەکان کاردەکەن، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سەربازییەوە هاندراون بۆ
کڕینی دارە بڕدراوەکانو گواستنەوەیان بۆ ئەوبەری سنور.
سەرهڕای ئەوەی ئەم بابەتە لەمساڵانەی دواییدا
لایەنی نێودەوڵەتی بەخۆوە بینی، بەڵام بەرپرسانی ناوخۆ دەڵێن، ژێرخانی ئەوکارە لەساڵی
2015وە دەستیپێکردوە؛ مەترسییەکەش لەوەدایە کە کۆچبەرکردنی زۆرەملێی گوندنشینان، ژیان
لەدۆڵو چیاکاندا کە بەندە بەداربەڕوەکانی کۆن، بیرە ئاوەکانو ئاژەڵدارییەوە، بەتەواوی
مەحاڵ دەکات.
ئەم شێوازە لەتێکدانی ژینگە تەنها تایبەت نییە
بەههرێمى کوردستان، بەڵکو ڕێک هاوشێوەی ئەو تەکتیکانەیە کە لەناوچە کوردییەکانی
باكورى كوردستاندا بەکاردێن، حوسێن کاچماز ئەندامی پێشوی پەرلەمانی تورکیا لهفراكسیۆنى
پارتى دیموكراتى گەلان (ههدهپه) بەفەرمی پڕۆسەی دەرهێنانی دارەکانی لەچیای جودی
بەپاڵپشتیی دەوڵەت دۆکیۆمێنت کردوه.
کاچماز لەساڵی 2021دا لەسەر هەژماری فەرمیی
خۆی لە تۆڕی ئێكس نوسیویەتی، "کۆمپانیا بازرگانییەکانی تورکیا لەژێر پاراستنی
جاشەکان (پاسەوانانی گوند)و سەربازاندا، ڕۆژانە نزیکەی 400 تۆن دار لەچیاکان دەبڕنەوەو
دەیبەن، ئەم کارانەش کولتورو میراتی کشتوکاڵیی چەند سەد ساڵە لەناودەبەنو پێکهاتەی
کۆمەڵایەتیو گوندنشینیی کورد تێکدەشکێنن".
مێژوو هۆشداریی یەکجار توند دەدات لەسەر دەرهنجامە
ئابورییو کۆمەڵایەتییەکانی داربڕینی بەئەنقەست؛ نمونەیەکی مێژویی هاوشێوە لەوڵاتی
هایتیدا هەیە؛ پاش سەربەخۆبونی لەژێر دەستی داگیرکاریی فەرەنسا لەساڵی 1804، ئەو دەوڵەتە
نوێیە ناچاركرا بەپێدانی قەرەبویەکی قورسی دارایی کە دەگەیشتە 150 ملیۆن فرانکی زێڕ
بەفەرەنسا (نزیکەی 15 ملیار یۆرۆ بەنرخی دۆخی ئێستا).
بۆ دابینکردنی ئەم قەرزە قورسەش، هایتی دەستیکرد
بەبڕینەوەی بەرفراوانی دارستانە دەوڵەمەندەکانی بۆ هەناردەکردنی دار، وڵاتێک کە پێشتر
80٪ی خاکەکەی بەدارستانە چڕەکانی دار مەهۆگنی، گوێزی هیندو دارە ڕەقەکان داپۆشرابوو،
ئەمڕۆ ڕێژەی دارەکانی گەیشتوەتە کەمتر لە2٪؛ کارەساتێکی ژینگەیی مێژویی کە ژێرخانی
هەژارییەکی توندو هەمیشەیی بۆ ئەو وڵاتە بونیاد نا.
ڕوتکردنەوەی چیاکانی کوردستانیش لەدارستانەکانی،
سەرەتایەکە بۆ گەیشتن بەڕێڕەوێکی هاوشێوەی ئەوەی دوو سەدە لەمەوبەر لەهایتیدا ڕویدا:
گۆڕینی سیستمە ژینگەیییە بەهێزەکانی گوندەکان بۆ زەوییەکی کزو بێبەر، بێبەشکردنی کۆمەڵگە
ناوخۆییەکان لەخۆبژێوییو گۆڕینی یەکجاریی دیمۆگرافیاو ژینگەی ناوچەکە.
