شارپرێس:
محەممەد خەفاجی ئەندامی پهرلهمانى عێراق ئەمڕۆ دوشەممە ئاشکرایکرد، هەنگاوێک بۆ پشکنینی بڕوانامەی خوێندنی هەموو بەرپرسانی دەوڵەت دەگیرێتەبەر.
خەفاجی لەپۆستێکدا کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردوهتەوە، ئاماژەی بەنامەیەکی فەرمیی دەستەی کارگێڕیی پەرلەمانی عێراق کردوە کە داوا لەئەندامانی پەرلەمان دەکات بەڵگەنامەی دەرچونی خۆیان لەهەرسێ قۆناغی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندییو ئامادەیی پێشکەشبکەن، بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت.
ناوبراو وێنەی نامە فەرمییەکەی بڵاوکردوهتەوەو ئاماژەی بەبونی حاڵەتەکانی ساختەکارییو دەستکاریکردن لەبەڵگەنامەکانی هەندێک بەرپرس کردوەو جەختی لەسەر پێویستیی ئاشکراکردنو لێپرسینەوە لەکەسانی تێوەگلاوکردەوەو هۆشداریشیداوە لەهەوڵەکانی گۆڕینی دۆخو ڕێکخستنەوەی بەڵگەنامەکان دوای دەرچونی داواکارییەکە.
ئەو ئەندامەی پهرلهمان ڕونیکردوهتەوە، ئەم ڕێکارە تەنها ئەندامانی پەرلەمان ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو بەرپرسانی دەوڵەت دەگرێتەوە.