شارپرێس:
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا
داوای خێراکردنی ڕاگەیاندنی ئەو ڕێکارانەی کرد کە دابینکردنی پاراستنی داهاتی هاوڵاتیانو
هێزی کڕینیان مسۆگەردەکەن، هاوشان لەگەڵ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەکانو چالاکییە
ئابورییەکان؛ ئەمەش لەسەر پاشخانی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار.
نورى مالیکی ڕایگەیاند، لایەنە پسپۆڕەکانی
بواری ئابوریی عێراق لەسەر ئەم بڕیارە دابەشبون بەسەر دوو باڵی پشتگیریکەرو دژبەردا،
ئەمەش لەڕوانگەی پەرۆشییانەوە هاتوە بۆ هێزی کڕینی هاوڵاتیانو ئاستی بژێوییان.
مالیکی ئاماژەی بەوەدا، ڕێکارەکانی دەستکاریکردنی
نرخی دراوی نیشتمانی لەهەندێک لەو دەوڵەتانەدا پەیڕەو دەکرێت کە ڕوبەڕوی تەنگژەی
ئابوریی دەبنەوە، بەڵام سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە بەندە بەتوانای حکومەتەوە بۆ چارەسەرکردنی
شوێنەوارە نەرێنییەکانی، پاراستنی داهاتی خەڵکو سنوردارکردنی لێکەوتەکانی لەسەر
بازاڕو حکومەتیش لەهەوڵی گرتنەبەری ڕێکارو میکانیزمی ڕوندایە تا ڕێگریی بکات لەوەی
بارگرانیی ئەم چارەسەرانە بکەوێتەسەر شانی هاوڵاتیان.
ناوبراو لەهەمانکاتدا داوایکرد، ئەم ڕێکارە
نەکرێتە بیانوو بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ یان شێواندنی دۆخهكه، ههروهها جەختی لەسەر
گرنگیی خێراکردنی ڕاگەیاندنی ئەو چارەسەرانە کردەوە کە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان دەپارێزنو
سەقامگیریی ئابوریی بەهێز دەکەن.
بانکی ناوەندیی عێراق، پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجومەنی
وەزیران، بەفەرمی نرخی دیناری بەرامبەر بەدۆلار گۆڕیی؛ بەجۆرێک نرخی فرۆشتنی دۆلار
بەهاوڵاتیان کرا بە1520 دینار، لەبەرامبەر 1510 دینار بۆ بانکەکانو 1500 دینار وەک
نرخی کڕینی دۆلار لەوەزارەتی دارایی کە ئەم بڕیارە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2026وە چوەتە
بواری جێبەجێکردنەوە.
لەسەر لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە داراییەش، بازاڕەکانی
عێراق خێرا کاردانەوەیان نیشانداو نرخەکانی چەندین مادەی خۆراکی سەرەکی بازدانێکی
بەرچاویان بەخۆوە بینی؛ بەجۆرێک بەشێک لەبازرگانان ڕاستەوخۆ نرخی کاڵاکانیان بەرزکردەوە،
لەکاتێکدا بەشێکی دیكهیان پێیان باشبوو پرۆسەی فرۆشتن بەتەواوی ڕابگرن تا کاتی ڕونبونهوهى
دۆخى داهاتوی بازاڕو جێگیربونی نرخەکان.
