شارپرێس:
حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتیی عەلی زەیدی ڕوبەڕوی
تەنگژەیەکی ئەمنیی کتوپڕ دەبێتەوە پاش دروستبونی لێکترازانی قورس لەناو گروپە چەکدارەکانو
نزیکبونەوەی (گروپهكانى سێبەر) لەسنورەکانی عەرەبستانی سعودی بۆ ئەنجامدانى هێرشی
نوێ، لەکاتێکدا بەغدا هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لەڕیاز کە
بوە هۆی کوژرانی 12 كهسى مەدەنیی (لەنێویاندا ئەمریکییەک) لەڕێگەی وتەبێژی سەربازییەوە
سەرکۆنەکرد نەک وەزارەتی دەرەوە.
ڕۆژنامەی (مەدا) لهڕاپۆرتێكدا ئاشکرایكردوه،
ئەم گۆڕانکارییە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران بۆ گەشتێکی
کەنداوی کە ڕیازو کوهیت دەگرێتەوە، کاتێک دەزگا هەواڵگرییەکان چاودێریی توندی
ناوچە سنورییەکانو پارێزگای میسان دەکەن کە لەئەیلولی ڕابردودا هێرشی لێوەکرابوە
سەر سعودیە.
پاش ئاههنگى (ڕۆژی سەروەریی) لەمانگی ڕابردودا،
پەیوەندیی نێوان حکومەتو گروپهكان ئاڵۆزیی توندی بەخۆوە بینی؛ چونکە گروپەکان ڕایانگەیاند،
پابەندی کاتی دیاریکراوی چەکدانان نابن.
بهگوێرهى سەرچاوەکان، گروپەکان دەیانەوێت
چەکی پێویست بۆ کاتی هێرشکردنەسەر ئێران یان لایەنەکانی (میحوەرەکە) بهێڵنەوەو
هاوشان، پۆستی باڵای حکومی وەک پاداشت وەرگرن، واشنتۆنیش جەختدەکاتەوە، گروپه چهكدارهكان
ههشت موشەکی بالیستییان شاردوەتەوەو نیوەی چەکی (عەسایب)یش گوازراوەتەوە بۆ گروپە
جیابوەوەکانی سێبەر کە بەپاڵپشتیی ئێران دروستکراون.
سەفا جابری كه یەکێکە لەبەرپرسە سیاسییو
نوسەرە دیارەکانی بزوتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەق چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژه بهوهدهكات،
ئەو وەرەقەیەی لەلایەن چوار سەرکردەکە (هادی عامری، هەمام حەمودی، نوری مالیکیو
محەمەد شیاع سودانی) بۆ كۆنترۆڵى چەک ئامادەکراوە، وەرەقەیەکی تەمومژاوییەو متمانەی
پێناکرێت.
ههر لهوبارهیهوه غازی فەیسەڵ دیبلۆماتكارى
عێراقى وتویهتى، "ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ گروپگەلێک دەکات کە دانیان بەدەوڵەتو
دەستوردا نەناوەو پێشتر هێرشیانکردوەتەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەئوردنو سوریا، بۆیە
هیچ گرەنتییەکی یاسایی بۆ پابەندبونیان نییە".
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، سێ گروپی چەکدار پشکی گەورەیان لەپێکهاتەی حکومەتی
عەلی زەیدیدا بەدەستهێناوە پاش لابردنی ڤیتۆی واشنتۆن لەسەریان، ئهوانیش (لیس خەزعەلی
برای قەیس خەزعەلی کە لەلیستی گەمارۆکانی ئەمریکادایە، پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران
وەردەگرێت، بزوتنەوەی عەسایب وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەبات کە دەدرێتە
بەرپرسی جوڵانەوەکە لەبەسرە، کەتائیبی ئیمام عەلی وەزارەتی نوێی جێگیرکراوی (ژیریی
دەستکرد) بەسەرۆکایەتیی شبل زەیدی وەردەگرێتو ئەبو ئالا وەلائی سەرۆکی کەتائیبی سەیدولشوهەدا
کە داواکراوی واشنتۆنە، وەزارەتی نوێی گەشتوگوزار وەردەگرێت).
گۆڕانکاریی گروپهكان لەکاتێکدایە کە کازم فەرتوسی
وتەبێژی سەیدولشوهەدا، بونی ناکۆکی لەسەر ڕێککەوتنی لیژنەی چوارقۆڵی پشتڕاستدەکاتەوە،
ئەمەش بەرەو مۆڵەتی 30ی حوزەیرانی 2027 دەڕوات کە واشنتۆن وەک کۆتا کات بۆ چەکدانان
دیاریکردوەو پاشئەوه، سزاکان دەستپێدەکەنەوە.
غازی فەیسەڵ پاڵپشت بەلێدوانەکانی مارکۆ ڕوبیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ناوەندی بڕیار لەئێران لەدەستی كهسانى ئایینیدایه
بەسەرکردایەتیی موجتەبا خامنەیی، کە بڕوایان بەچەمکی "کۆتایی جیهان"و
دژایەتیی مۆدێرنیتە هەیە، بۆیە ناتوانرێت ئاشتییەکی جێگیر لەگەڵ ئەم گروپانەدا بونیاد
بنرێت.
