بسم الله، ئەوە تاریکییەکانە؛ له‌نێوان پۆلیس‌و گه‌نجانى فه‌ره‌نسا چى ڕوده‌دات؟‌

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3292 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەفەرەنساو بە تایبەتی ئەپڵیکەیشنی (سناپچات)، به‌مدواییانەدا بەنامەو بڵاوکراوەگەلێک تەنران کە گومانی قورسیان لای خوێندکارانی ناڕازی دروستکردوە، ئەم بڵاوکراوانە کە تایبەتبون بەو خۆپیشاندانانەی لەنیوەی دوەمی ئەیلولی ڕابردوەوە دەستیانپێکردوە، شەپۆلێکی بەرفراوانی گاڵتەجاڕیی کتوپڕیان لای خوێندکاران تەقاندەوە؛ چونکە بەهۆی نادیاریی سەرچاوەی نامەکان، خوێندکاران پێیانوایە، ئەندامانی پۆلیسی فەرەنسا لەپشت ئەو هەژمارە ساختانەوەن تاوەکو دزە بکەنە ناو ڕیزەکانیان‌و چاودێریی جوڵەکانیان بکەن.


تەکتیکی لاساییکردنەوەی زمانی گەنجان بۆ سیخوڕیکردن
بەکارهێنەرانی سەکۆکانی (تیکتۆک، سناپچات‌و ئینستاگرام) لەڕۆژانی ڕابردودا، چەندین وێنەی ئەو نامانەیان بڵاوکردەوە کە تێیدا کەسانێک بەزمان‌و زاراوەیەکی هاوشێوەی قوتابیانی ئامادەیی داوای چونە ناو ئەو گروپە تایبەتانەیان دەکرد کە پڕۆسەی داخستنی قوتابخانەکان لەچوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاستی ئەیلولی 2026دا ڕێکدەخەن.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى ماڵپەڕی (لو هاف بوست)ی فەرەنسی، ئامانجی ئەوکەسانە کۆکردنەوەی زانیاریی ورد بوە لەسەر جوڵەی خوێندکاران‌و ئەو سەرکردانەی کە ئاراستەیان دەکەن؛ بۆ ئەمەش گەنجان چەندین ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە کە دەریدەخات چۆن ئەوکەسانە ویستویانە بەبەکارهێنانی زاراوەو شێوازی قسەکردنی ئەوان، متمانەیان بەدەستبهێنن.

بسم الله، ئەوە تاریکییەکانە؛ چەکێک کە دژ بەپۆلیس بەکارهاتەوە
لەناو تەواوی ئەو نامانەدا، دەستەواژەیەکی نامۆ کە هیچ مانایەکی ڕونی نییە بەناوی «بسم الله، ئەوە تاریکییەکانە» بوە ترێندو دروشمێکی سەرەکی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەم ڕستەیە کتوپڕ بوو بەچەکێکی گاڵتەجاڕیی دژ بەپۆلیس‌و خوێندکاران لەسەر لافیتەی خۆپیشاندانەکانیاندا نوسییان؛ بەتایبەت پاش بڵاوبونەوەی نامەیەکی کەسێک بەناوی (مامادۆ) کە ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنابوو، خاوەنی ئەم هەژمارە ساختانە زۆرجار ناوی عەرەبی یان ئەفریقییان بەکارهێناوەو ئاڵای جەزائیرو مەغریبیان هاوپێچکردوە تاوەکو خۆیان وەک گەنجی کۆچبەر نیشانبدەن.

نەتەوەخوازیی توندڕەوی پۆلیس‌و شێواندنی داواکارییەکان
موسعەب حەمودی توێژەری زانستە سیاسییەکان لەقوتابخانەی باڵای زانستە مرۆیییەکانی پاریس لەشیکارییەکدا ڕایگەیاند، بەکارهێنانی دەستەواژەی (بسم الله) لەپاڵ وشەی (تاریکی)، هۆشداریکردنێکی ئەنپرۆپۆلۆژیی‌و ترساندنێکی ئاینیی لەپشتە؛ بەو مانایەی کە دەیانەوێت لەناو خەیاڵدانی گشتیدا وێنای ئەوەبکەن کە ئەم خوێندکارانە دەیانەوێت "کۆمەڵگە بەرەو ئیسلامیبون‌و تاریکپەرستی" بەرن.

حەمودی جەختدەکاتەوە، بەشێک لەهێزەکانی پۆلیسی فەرەنسا مەیلیان بەرەو ڕەوتی نەتەوەخوازیی توندڕەو (ڕاستڕەوی توندڕەو) هەیە، بۆیە ئەم چینە ئەمنییە دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم تەکتیکەوە شەرعیەت لەداواکارییە کۆمەڵایەتی‌و ڕەواکانی خوێندکاران (کە پەیوەستن بەکەمیی مامۆستا، قەرەباڵغیی پۆلەکان‌و داڕمانی کەرتی پەروەردە) زەوتبکەن‌و ڕەهەندێکی ئەمنیی تاریکپەرستانەی پێببەخشن.

زمانی تەنز قورستر لەباڵادەستیی ئەمنی
ئەم خۆپیشاندانە کە لە17ی ئەیلولی 2026وە دەستیان پێکردوە، بەهۆی دەستوەردانی توندی هێزە ئەمنییەکانەوە پێکدادانی قورسیان بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوازێک کە بوەتە هۆی بڕینەوەی دەستی خوێندکارێک، لەدەستدانی چاوی خوێندکارێکی دیكه‌و شکانی شەویلگەی یەکێکی دیكه‌یان لەپاڵ سەدان دەستبەسەرکردندا.

موسعەب حەمودی پێیوایە، کاتێک گەنجان ئەم زاراوە چەواشەکارییانەی پۆلیس دژ بەخۆیان وەک کەرەستەی تەنزو کاریکاتێر بەکاردێننەوە، زمان دەبێتە چه‌كێكى زۆر بەهێزتر لەگورزى ئەمنیی، ئەم دیاردەیەی (نەوەی زێد - Gen Z) هاوشێوەی ئەو تەنزە سیاسییانەیە کە لەکاتی جوڵه‌ى وڵاتانی عەرەبی‌و تەنانەت لەخۆپیشاندانەکانی ساڵی 1988ی سوریادا دژ بەدەسەڵاتە ستەمکارەکان بەکارهاتبون تاوەکو جادوو بەسەر جادوگەرەکەدا پێچەوانە بکەنەوە.

بەپەلە